چۆن دانیشتوانی بێجی دامەزراوەکانی کات بەسەربردن چاکدەکەنەوە بۆ بنیادنانی هەستێکی بەهێزتری کۆمەڵگا
کۆمەڵگای بەرپرس لە بنیادنانەوە
2021 ڕەزبەر 12
شیاندنەوەی کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم لە بێجی. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
جەنگی داعش بووە هۆی ئەوەی شەش ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە ماڵەکانیان بەرەو کامپ و ناوچەکانی تری وڵات هەڵبێن. جەنگەکە بووە هۆی کاولبوونی زۆرینەی ماڵ و ژێرخانی گشتی، بە سەنتەرەکانی کۆمەڵگا و کەلتوور و کۆمەڵایەتیشەوە.
بۆ خێزانە گەڕاوەکان ژیان سەخت بوو. چونکە ژێرخان و دامەزراوەی پێویستیان نەبوو بۆ ئەوەی هەست بکەن لە ماڵ و حاڵی خۆیاندان. بەتایبەتی بەلای لاوان و منداڵانەوە، چونکە ئەم دوو چینە پێویستیان بە شوێنی سەلامەت هەبوو بۆ ئەوەی کات بەسەر ببەن و وەرزش بکەن و فێر ببن.
لەبەر ئەم هۆکارانە، دانیشتوانی بێجی لە سەلاحەدین شیاندنەوەی کتێبخانەی گشتی و یانەکانی وەرزشیان کردە کاری ئەولەویەت کاتێک بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پشتیوانی خۆی پێشکەش کرد. لێرەوە کۆمەڵگا خۆیان کۆبوونەوە بۆ شیاندنەوەی کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم و یانەی وەرزشی ئەلنەفت.
کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم (چەپ) و یانەی وەرزشیی ئەلنەفت (راست) کە بەم دواییانە لەڕێی پرۆژەی پارە بەرامبەر کار لە بێجیدا نۆژەنکرانەوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان مۆدێلێکی کاری تایبەتی پارە بەرامبەر کاری بەکارهێنا، کە بەهۆیەوە هاوڵاتیانی عێراقی دەکردە بەرپرس بۆ شیاندنەوەی خۆیان و دابینکردنی پارەش لە هەمان کاتدا بۆ باشترکردنی داهاتی خێزانەکان. ئەمە کاری ڕاوێژکاریشی دەگرتەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا بۆ بەئەولەویەتکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و خستنە سەرکاری کارمەندانی ناوخۆیی لەڕێی پێوەرێکی دانراوەوە بۆ دڵنیابوون لە یەکسانى ڕەگەزی و نەتەوایەتی.
مەحمود (چەپ) و عومەر (راست) دوو راهێنەری یانەی وەرزشیی ئەلنەفتن. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
مەحمود (چەپ) و عومەر (راست) دوو راهێنەری یانەی وەرزشیی ئەلنەفتن. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
مەحمود سەعدون ئەلشەمەری، 39 ساڵان، ڕاهێنەری یانەی وەرزشیی ئەلنەفت وتی "بێجی بەهۆی جەنگەکەوە کاولبووبوو. یانەی وەرزشیی و یاریگای شارەکە زۆر خراپ زیانیان بەرکەوتبوو بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانەوە. شیاندنەوەی ئەم ژێرخانە کۆمەڵگەییە بووە هۆی ورە پێدانمان و هاندانمان بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی."
عومەر عەبدولباسیت، 36 ساڵان، بەهەمان شێوە ڕاهێنەر لە سەنتەرەکەدا، وتی " یانە وەرزشیەکە دەبێتە هاندەر بۆ لاوان بۆ ئەوەی پێکەوە ببنە هۆی دروستبوونی هەستی پێکەوەژیانى کۆمەڵگا."
عومەر کارمەندی کتێبخانەیە لە کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
عومەر کارمەندی کتێبخانەیە لە کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق
لەکاتی داگیرکاری داعشدا، کتێبخانەکە وێران بوو و نزیکەی 5,000 کتێب دزران و سوتان. ئەمڕۆ لەپاش شیاندنەوەکە، نزیکەی 5,500 کتێبی تێدا دانراوە. عومەر جاسم عەبد، کارمەندی کتێبخانە لە کتێبخانەی ئیبن ئەلنەدیم، دەڵێت: " کۆمەڵگا کارێکی نایابیان کرد لە نۆژەنکردنەوەى باڵەخانەکە و گێڕاندنەوەی کەلوپەلەکاندا. ئێستا ئێمە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاتنی زیاتری خوێندکار و میوان دەکەین.
نزیکەی 96کرێکار لە نێو دانیشتوانەکەدا، کە 29 ژنیان تێدایە، خراونەتە سەرکار بۆ شیاندنەوەی کتێبخانە و یانە وەرزشیەکە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆیان بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگاکەی خۆیان. کاری شیاندنەوەی هەردوو ناوەندەکە تەواو بوو، ئەمەش 40 ڕۆژى خایاند (نزیکەی یەك مانگ و نیو).
لەڕێی پڕۆژەکانی پارە بەرامبەر کارەوە، کە کۆمەڵگا خۆی بەرپرس دەبێت، پڕۆژەکان کارامەییەکان و متمانە دابین دەکەن و لەهەمان کاتدا داهاتێکی دەستبەجێ دەخەنە نێو ئابوری ناوخۆوە.
دەربارەی پڕۆژەکە:
\ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەرنامەی هەستانەوە و بەدەمەوەچوونى قەیرانەکان سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوى مێرسى هاند جێبەجێکراوە و بە وەزارەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا بۆ پەرەپێدان و هاریکاریی ئابوری کۆمەکى کردووە، کە لەلایەن بانکی پەرەپێدانی ئەڵمانیاوە دابین کرابوو.





