حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق هاوبەشی خۆیان بەهێزتر دەکەن بە مەبەستى پتەوکردنى ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامدانەوەى قەیرانەکان
2026 پووشپەڕ 4
هەولێر، عێراق – 4ى حوزەیرانی 2026 - حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، هاوبەشی درێژخایەنی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاری و هەماهەنگی و توانای وەڵامدانەوەى قەیرانەکان بەهێزتر دەکەن، ئەمەش لە ڕێگەی پێشکەشکردنى پشتیوانى پێویست بۆ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، کە دامەزراوەی سەرەکییە بۆ بەڕێوەبردن و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە هەرێمى کوردستاندا.
لەسەر بنەمای چەندین ساڵ لە کاری هاوبەش، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کاریکردووە بۆ پشتگیریکردن لە ئەرکێکی ڕاوێژکاریی ستراتیژی بۆ هەڵسەنگاندن و بەهێزکردنی ئامادەکاریی دامەزراوەیی و ئۆپەراسیۆنی ئەم ناوەندە.
بەڕێز سروە ڕەسول، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، گوتى: "هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بەشدارییەکی کاریگەری کردووە لە بەهێزکردنی تواناکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی تۆری بەرێوەبردنی قەیران و کارەسات لەهەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا کە کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەردەوامن، بەهێزکردنی ئامادەکاریی دامەزراوەیی و ئۆپەراسیۆنی ئەم ناوەندە وەک ئەولەویەتێکی سەرەکی دەمێنێتەوە. ئەم هاوبەشیەش یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر بنەمای دەستکەوتە بەدیهاتووەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانمان بۆ ئامادەکاریێکی بەهێز و کاریگەرتر. "
ئامانجی سەرەکی ئەم ئەرکە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی پێداچوونەوە بە سیستەمی شێوازی بەڕێوەچوونی کارەکان، میکانیزمی هەماهەنگییەکان و ئاستی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، لەگەڵ دیاریکردنی کارە لەپێشینەکان بۆ بەهێزکردنی توانا دامەزراوەییەکان و بوارەکانی پێشکەشکردنی پشتیوانی لە داهاتوودا.
تیتۆن میترا، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتی: "دامەزراوە بەهێزەکان بنەمای سەرەکیین بۆ ئامادەکاری و وەڵامدانەوەیەکی کارا بۆ قەیرانەکان. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان شانازی بە هاوبەشی درێژخایەنی خۆیەوە دەکات لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان. لە ڕێگەی ئەم هاوبەشییەوە، هەوڵدەدەین بۆ بەهێزکردنی سیستمەکانی هەماهەنگی، تواناکانی جێبەجێکردن و خۆڕاگریی دامەزراوەیی، کە بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار بێت لە پاراستنی کۆمەڵگەکان لە هەر کارەسات یا قەیرانێکی کتوپڕ کە ڕووبەڕووی ناوچەکە ببێتەوە لە داهاتوودا. "
پاڵپشتى بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەردەوامییەتی بە بەهێزکردنی حوکمڕانی و خۆڕاگری و سیستمەکانی ڕێگریکردن لە قەیرانەکان لە سەرانسەری عێراقدا. لەگەڵ ئەمەشدا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کار دەکات بۆ برەودان بە پتەوکردنی هاوبەشییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
ئەم دەستپێشخەریەش پاڵپشتی دەکات لە جێبەجێکردنی چوارچێوەی کارى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردن لە بوارى ئەنجامدانى پەرەپێدانى بەردەوام لە عێراقدا، ئەمەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی حوکمڕانی، ئامادەکاری و خۆڕاگریی دامەزراوەیی بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکان.
بۆ پەیوەندیكردن بە بەشی میدیا:
محمد ئەلبەهبەهانی، پسپۆڕی پەیوەندییەکان، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق.
mohammed.al-bahbahanee@undp.org
+9647704399222