چۆنیەتى هاریکاریکردنى جوتیارانى حەویجە لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە بۆ دووبارە چاندنەوەى زەویەکانیان و چاڵاککردنەوەى کەرتى کشتوکاڵى
برەودان بە کەرتى کشتوکاڵى کەرکوک
2021 ڕەزبەر 2
قەزاى حەویجە لە کەرکوک خاوەنى مێژوویەکى دەوڵەمەندە لە بوارى کشتوکاڵیدا. بەوە ناسرابوو کە بەرهەمێکى زۆرى سەوزە و میوە و گەنمەشامى و گەنم و لۆکەى هەیە و زۆربەى ناوچەکانى عێراق سوودى لێ دەبینن. کاتێک لە ساڵى 2004 دا داعش هاتە ناوچەکە، جوتیاران و خانەوادەکانیان بۆ ڕزگارکردنى ژیانیان ناوچەکانیان جێهێشت و ماڵ و زەوییە چێنراوەکانیان لەدواى خۆیان جێهێشت.
ئەو جەنگە خویناوییە سیستەمێکى ئاودێرى وێران و کەرەستەى لەناوچوو و کێڵگەى سوتاو و ئاژەڵدارییەکى داڕووخاوى لەدواى خۆى جێهێشت. بڕى ئەم زیانانەش بە 12.6 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بۆ سەر کەرتى کشتوکاڵى لە کەرکوکدا.
لەساڵى 2017دا، دواى ئازادکردنى ناوچەکان لەدەستى داعش، جوتیاران گەڕانەوە سەر وێرانەیەکى تەواو. بەمەبەستى هاریکاریکردنى جوتیارانى کەرکوک بۆ بوژاندنەوەى زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، دامەزراوەى کۆمەککۆدن بۆ سەقامگیرى سەر بە بەرنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستاوە بە نۆژەنکردنەوەى ژێرخانە سەرەکییەکشتوکاڵییەکان.
پشتیوانییەکە پاکێجى گشتگیر ى شیاندنەوەى دامەزراوە سەرەکییەکانى بەشە کشتوکاڵییەکانى حەویجە لەخۆ دەگرێت وەک، تاقیگەى پشکنین و باڵەخانەکانى بەڕێوەبردن و ڕێکخەرى ڕوبار و سیستەمەکانى ئاودێرى و سێ کۆگا. ئەمەش هاریکار دەبێت لە بووژاندنەوەى بەرهەمهێنانى دانەوێڵەى حەویجە و کۆگاکردن و دابەشکردنى و لەهەمان کاتدا دەستەبەرکردنى کۆنتڕۆڵى جۆرى و کەمکردنەوەى خەرجییەکان.
ئەمە چۆن بە شێوازێکى ڕاستەوخۆ پشتیوانى هەوڵى جوتیاران دەکات بۆ دووبارە ژیاندنەوەى کێڵگەکانیان؟ لەگەڵ چوار لەوانە دەدوێین- ئیحسان و محەمەد و سەباح و ڕۆکان- کە لەپێناو ژیاندا دەجەنگن و هەوڵ دەدەن لە ژیانێکى باشتریان هەبێت و هیواى داهاتوویەکى باشتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دەخوازن.
محەمەد
محەمەد خدر محەمەد ى تەمەن 45 ساڵ دەڵێت: " لە ساڵى 2015 دا بۆ ڕزگاربوون لەدەستى مردن هەڵاتم و کێڵگەکەم و گشت ئەو شتانەى لە دڵمدا سیرین بوون جێمهێشتن. چوومە شارى کەرکوک و بووم بە شۆفێرى تەکسى. ئێستاش لەیادمە کە چۆن ژیانم لە شەو و ڕۆژێکدا گۆڕا لە هەبوونى بازرگانییەکى کشتوکاڵییەوە بۆ هیچ. " محەمەد خاوەنى 25 فەدان زەوییە و ماوەى 25 ساڵە جوتیارە. محەمەد بەڕەچەڵەک خەڵکى ناحیەى ڕیازە و خێزاندارە و دوو ژنى هەیە.
محەمەد دەڵێت: " پاش جەنگەکە بیرەکەم خاپور بوو و ژوورە پلاستیکییەکانم وێران بوون و زەوییە چێنراوەکانم سوتان. پێویستمان بە هاریکارییە لەڕووى پەین و خۆڵەوە بۆ گێڕانەوەى تەندروستى بۆ خاکەکە.” کەمى ئاوى بەردەست کارەکانى ئەحمەدى هێواش کردووەتەوە. دەڵێت: " پار ساڵ تەنها پێنج تەن گەنمەشامیم بەرهەم هێنا لەبەر کەمى ئاو. "
بەر لە جەنگەکە محەمەد دەیتوانى دانەوێڵەى زستانە و هاوینە بڕوینێت. لە ئێستادا خەریکى پەروەردەکردنى گەنمەشامى زەرد و گەنمە. " نۆژەنکردنەوەى کۆگاکە ڕاستەوخۆ هاریکارى بەرهەمى دانەوێڵەکەم دەکات چونکە ئێستا دڵنیام لەوەى شوێنیکى پارێزراو هەیە کە تیایدا گەنمەشامییەکەم و لێبکەمەوە و وشکى بکەمەوە. هەروەها ئەمە هانى جوتیارانیش دەدات بەرهەمى زیاتر بەرهەم بهێنن و نیگەرانى هەڵگرتنیان نەبن. "
سەباح
" باوکم لەساڵى 2001 دا دەستى بە کارى کشتوکاڵى کرد. نەهامەتییەکى زۆرمان لەژێر دەستى داعشدا چەشت. ناچاربووین بۆ ڕزگارکردنى ژیانمان ڕابکەین و هەمووشتێک لەدواى خۆمان جێبهێڵین، تەنانەت جل و زەوى و گشت کەلوپەلەکانیشمان. " ئەمە گوتەى سەباح سەعد محەمەدى تەمەن 18 ساڵانە. ئەوکات هەڵاتبوونە ماڵى ناسیاوێکى خانەوادەکەیان لە تەل حوسەین لە کەرکوک.
سەباح خاوەنى 30 فەدان زەوى کشتوکاڵییە لە حەویجە. لە خانەوادەیەکى 16 کەسیدا لەدایک بووە و شەش ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکانى تریدا هاتووەتە نێو کارى چاندنى کێڵگەکانیان. " کاتێک لەساڵى 2017دا گەڕاینەوە، زۆربەى زەوییەکانمان سوتێنرابوون و کەلوپەلەکانمان دزرابوون. بۆ نمونە، ترۆمپاى ئاو و پەینەکانمان دزرابوون و بیرەکانمان پیس ببوون.” ئەوان کارى چاندنى گەنم و گەنمەشامى دەکەن.
کۆگاکان هاریکار دەبن لە ئامادەکردن و هەڵگرتنى گەنم و گەنمەشامییەکانى سەباح. " بەر لەمە، زۆرمان نەدەڕواند چونکە هیچ شوێنێک نەبوو تاکو بە پاریزراوى تیایدا بەرهەمەکانمان هەڵبگرین. بەڵام ئێستا کە کۆگا بەردەستە، نیازى زیادکردنى بەرهەمەکانمان هەیە.” سەباح و خانەوادەکەى هەموو مانگێک زیاتر لە 30 تەن گەنمەشامى دەدوورنەوە. " هانى جوتیاران دەدەم بگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆیان دەست بە بوژاندنەوەى زەوییەکانیان بکەنەوە. ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆئەوەى بتوانین ئابوورى ناوچەکە هەڵبستێنینەوە. دڵنیایى دەدەمە جوتیاران کە لەئێستادا چاندنى زەوییەکان سەلامەتە. "
لەئێستادا نۆژەنکردنەوەى سێ کۆگا تەواو بووە و خزمەتگوزارى هاڕین و پاککردن و هەڵگرتنى گەنمەشامى دابین دەکات. بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ هاریکارى 4,000 جوتیار و خانەوادەکانیان دەدات. لەئێستادا جوتیاران گەڕاونەتەوە سەر کار بە سەرچاوەیەکى داهاتەوە لەکاتێکدا دانەوێڵەى بەرهەمهاتوو بەشێوەیەکى گونجاو لەو کۆگایانەدا هەڵدەگیرێن.
ڕۆکان
" لەساڵى 2003 دەستم بە کشتوکاڵ کرد. زۆر ناخۆش بوو کاتێک گشت ئەو هەوڵ و ماندویەتییەم لە کاتى داعشدا جێهێشت.” ئەمە گوتەى ڕۆکان محەمەد ئەحمەدى تەمەن 38 ساڵە. خاوەنى 180 فەدان زەوى کشتوکاڵییە لە گوندى عوەین حوسێن بایک لە حەویجە. هەروەها دەڵێت، “ پێشتر قەیسى بەتام و هەنجیر و سێوم بەخێو دەکرد. بە باشى جۆرى میوەکانم ناوبانگم پەیدا کردبوو."
ئێستا ژیانى ڕۆکان جیاوازە. ماڵ و زەوییە بە پیتەکەى وێران بوونە. “ لەوەتەى گەڕاومەتەوە، تەنها توانیوە 15 فەدان لەکۆى 180 بچێنم کە هەمە بەهۆى تێکچوونى کواڵینى زەوییەکە و کەمى ئاوەوە. “ پێشتر زیاتر لە 60 تۆن گەنمى بەرهەم دەهێنا لە گشت وەرزێکدا و لەگەڵیدا 300 تۆن گەنمەشامیس. لەم وەرزەدا، تەنها 142 تۆن گەنمەشامى زەردى بەرهەم هێناوە.
لەکاتێکدا ڕۆکان هێواش هێواش ژیانى خۆى بنیات دەنێتەوە، بیریش لە بەرەوپێشبردنى سیستەمە کشتوکاڵییەکەى دەکات کە هەیەتى. “ پارە کۆدەکەمەوە بۆئەوەى سیستەمێکى ووزەى خۆر دابنێم لەبرى پشتبەستن بە سووتەمەنى کە کاریگەرى خراپى بۆسەر ژینگە هەیە و نرخەکەشى گرانە.”
"نۆژەنکردنەوەى ڕێکخەرى ڕوبارەکە چارەسەرى کێشەکانى ئاودێرى دەکات کە بوونەتە بەربەستێک لەبەردەممان بۆ ڕواندنى زەویەکانمان. هانى جوتیارانى تر دەدەم بۆئەوەى بگەڕێنەوە. پێویستە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆئەوەى بەیەکەوە کار بکەین و هاریکارى یەکترى بکەین بۆ بنیاتنانەوەى وڵاتەکەمان."
ئیحسان
ئیحسان دەلف ساڵح ى تەمەن 29 ساڵ، دەڵێت: “ سەرچاوەى سەرەکى داهاتم بریتییە لە کشتوکاڵ. کاتێک خۆم و خانەوادەکەم ئاوارەبووین، داهات و شوێنى نیشتەجێمان لەدەستدا. “ کشتوکاڵ لە خوینیدایە و خۆى جوتیارى نەوەى سێیەمە. دوو منأڵى هەیە و خاوەنى 75 فەدان زەوییە.
ئیحسان لەساڵى 2017 دا گەڕایەوە، پا ش ئەوەى شوێنەکانیان لەدەستى داعش ڕزگاریان بوو. لەبەر نەبوونى دامەزراوەى ئاودێرى، لە ئێستادا تەنها گەنم دەڕوێنێت. هەروەها دەڵێت: “ هێشتا کێشەى کەمى کارەبامان هەیە. هیوادارم بتوانین دەست بە دەست بە ڕواندنى جۆرى زیاترى بەرهەم بکەینەوە وەک لۆکە و سەوزە و میوە و جۆ و گەنمەشامى. بەڵام پێویستم بە کارەبایە بۆئەوەى ئاو بگوازمەوە و پێویستم بە سەرچاوەى باشترى ئاوە کە بتوانم پشتى پێ ببەستم تاکو ئەمە بکەم.” لەم وەرزەدا تەنها 30 تۆن گەنمى بەرهەم هێناوە.
بە نۆژەنکردنەوەى ڕێکخەرى ڕوبارى R1، هیوادارم بەرەوپێشچوونێک لە سیستەمە ئاودێرییەکاندا ببینم. ئەگەر وابێت دەتوانم دەست بە ڕواندنى کونجى و زیوانە بکەم.“
نۆژەنکردنەوەى ڕێکخەرى روبارى R1 ئاو بۆ زیاتر لە 288,000 فەدان زەوى لە سەرانسەرى کەرکوک و سەڵاحەدین و دیالە دابین دەکات. ئەمە ئاستى ئاوى کەناڵەکانى ئاودان ڕێکدەخات کە لەپاشاندا دەچنە نێو کێڵگەکانەوە.
ئەم پاکێجە گشتگیرە کشتوکاڵییە لە لایەن دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوەبە کۆمەکى وەزارەتى فیدڕاڵى ئابوورى و هەماهەنگى و پەرەپیدانى ئەڵمانیا لەڕێگەى بانکى پەرەپیدانى ئەڵمانیاوەوە جێبەجێدەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ سود بە زیاتر لە 240,000 کەس بگەیەنێت.