نەرویج بە کۆمەکێک بەبڕى 8.3 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى پابەندبوونى خۆى بۆ هاتنەدى سەقامگیرى لە عێراقدا دووپات کردەوە

2021 پووشپەڕ 24

بەغدا، پێنج شەممە، 24 ى حوزەیرانى 2021 : بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بڕى 70 ملیۆن کڕۆنى نەرویجى ( 8.3 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى) وەک دەستپێشخەرى لەلایەن حکومەتى نەرویجەوە بۆ دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى پێگەیشت. ئەم پشتیوانییە گەورەیە جەخت دەخاتە سەر سەقامگیرکردنى پێنج پاریزگاى ڕزگارکراوى دەستى داعش لە عێراق بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ گەڕانەوەیەکى سەلامەت و پارێزراوى ئاوارە عێراقییەکان و دانانى بناغەیەک بۆ چاکبوونەوە و پاراستنى کۆمەڵگاکان لە سەرهەڵدانى توندوتیژى توندڕەوى.

ئەمە سیانزدەهەمین کۆمەکى نەرویجە بۆ دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى لە ساڵى 2015 وە و کۆى گشتى هاریکارییەکانى گەیشتە 64.4 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى لەنێو 28 کۆمەکبەخشى دامەزراوەکەدا. تاکو ئێستا، دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى هاریکارى 13 ملیۆن عێراقى کردووە، لەو ناوچانەدا کە لە دەستى داعش ڕزگارکراون، لە ڕێگەى باشترکردنى بەردەستبوونى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانەوە.

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد دەڵێت: “ئەم هاوکارییە لە کاتێکى زۆر هەستیاردا لەلایەن نەرویجەوە گەیشت ، کە عێراق تیایدا بەرەو گەڕانەوەیەکى شکۆمەندانە و پارێزراوى ئەو 1.2 ملیۆن  ئاوارەیە هەنگاو دەنێت کە ماون و لە نێویاندا کۆمەڵێک هەن کە گەڕانەوەیان زۆر ئاستەمە. بەم کۆمەکى دەستکراوەى کۆمەکبەخشانى وەک نەرویج و بەهاوبەشى لەگەل حکومەتى عێراق، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان توانیویەتى زیاتر لە 2,831 پڕۆژەى گرینگى سەقامگیرکردنى لە سەرانسەرى ناوچە ئازادکراوەکاندا بەئەنجام گەیاندووە. لەداهاتووشدا جەخت لەسەر ئەو شوێن و کەرتانە دەکەینەوە کە لە پێشینەن و کار بۆ چارەسەرى گونجاو دەکەین بۆ پاراستنى ئەو دەستکەوتانەى لەساڵى 2015 ەوە وەدەست هاتوون. ”

لە ساڵى 2021 دا، دامەزراوەى کۆمەککردن بۆ سەقامگیرى جەختى زیاتر دەخاتە سەر برەودان بە بژێوى و هەلى کارى بەردەوامتر لەڕێگەى نۆژەنکردنەوەى ژێرخانە گرینگەکان بۆ کەرتەکانى بەرهەمێنانى وەک کشتوکاڵ و پیشەسازییە بچووکەکان.

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

میرینالینى سانتانام، پسپۆڕى پەیوەندییەکان، 9647901931308+