باشترکردنی دابینکردنی کارەبا: چیرۆکەکەی سەعد

سەعد کە تەمەنی 36 ساڵانە پاش ئەوەی وێستگە لاوەکیەکەی ناوچەکەی کاری شیاندنەوەی بۆکرا ژیانی بەرەو باشتر گۆڕا. چۆن؟ بەردەوامبە لە خوێندنەوە.

2021 October 28

سەعد و منداڵەکانی لە دەرەوەی ماڵەکەیاندا لە موسڵ. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/مویەسیر ناسڕ

سەعد ئیبراهیم خەلیل، تەمەن 36 ساڵان، لە گەڕەکی باب ئەلشام دەژی لە موسڵ. دەڵێت "من و خێزانەکەم دووچاری چەرمەسەریەکی زۆر بووینەوە لەسەر دەستی داعش. زۆرمان لێکرا کە شوێنی باووباپیرانمان چۆڵ بکەین و پەنا بەرینە بەر پەناگە." کاتێك سەعد گەڕایەوە سەر ماڵوحاڵەکەی لەگەڵ خێزانەکەیدا پاش ئازادکردنی ناوچەکە، خانووەکەی کاولکرابوو کارەباش نەبوو. سەعد گوتی "کاتێك گەڕاینەوە ماڵی خۆمان، سەرباری بینینی ئەو دیمەنە دڵتەزێنەی کاولکاریەکان، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو کارەباشمان نەبوو."

لە ئێستادا سەعد کرێکاری بیناسازییە و مانگانە نزیکەی 300 بۆ 400 دۆلار پەیدا دەکات. لەگەڵ هاوسەر و پێنج منداڵەکەیدا پێکەوە دەژین.

کوڕەکەی سەعد دەرگای ئامێری ساردکەرەوەکەیان دەکاتەوە کە لە ئێستادا بەهۆی کارەبای بەردەوامەوە کاردەکات. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/ مویەسیر ناسڕ

وێستگەی لاوەکی باب ئەلشام کە وزەی بۆ ماڵەکەی سەعد دابین دەکرد لەسەردەمی داگیرکاریی داعشدا بە تەواوی کاولکرا. سەعد گوتی "ئێمە بۆ ماوەی ساڵێك پاش ئازادکردنەکەکارەبامان نەبوو. کاتێك کارەبا دابینکرایەوە، تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك هەبوو لە ڕۆژەکەدا."

ئەمەش زۆری لە سەعد کرد کە مۆلیدەیەکی کارەبا بکڕێت و نزیکەی تەواوی داهاتی مانگێکی پێبدات. سەعد گوتی "کاتی وا هەبووە ناچار بووین تەواوی ڕۆژەکە کار بە مۆلیدەکەمان بکەین لەکاتی کارەبا بڕانە ماوەدرێژەکاندا. پێویستمان بەم ئامێرەبوو لە زستانە ساردەکاندا و لە ئێوارانیشدا، تا منداڵەکانم بتوانن کۆششی خوێندنیان بکەن."

ئەمڕۆ ژیانی سەعد و خێزانەکەی جیاوازە.

لەڕێی دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیریی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، وێستگەی لاوەکی کارەبای باب ئەلشام نۆژەن کراوەتەوە. ئەمەش بە سوپاسەوە بۆ ئەو کۆمەکەدەستکراوەیەى لەلایەن دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتییەوە دابینکراوە.

دەروازەی وێستگەی لاوەکیی کارەبای باب ئەلشام کە بە پشتیوانیی دامەزراوەى ئەمريكى بر پەرەپێدانی نێودەوڵەتیەوە نۆژەن کراوەتەوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/مویەسیر ناسڕ

لە ئێستادا ئەم وێستگەیە وزە بۆ 35,000 هاوڵاتی دابین دەکات. باشترکردنی دابینکردنی کارەبا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە لابردنی بەربەستەکانى بەردەم ڕیشەکێشکردنی هەژاری. تا ئەمڕۆ 39 وێستگەی لاوەکی کە بەهۆی جەنگەوە کاولکرابوون لەڕێی ئەم بەرنامەیەوە لە موسڵدا چاککراونەتەوە.

سەعد گوتیشی "وەکو کرێکارێکی ڕۆژانە، ناچاربووم زۆر کار بکەم بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانمان و لە هەمان کاتدا هەوڵدان بۆ بنیادنانەوەی ئەو ژیانەی پێش جەنگ هەمانبوو. گێڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەکو کارەبا بووەتە هۆی باشترکردنی دۆخى ژیانمان بە تەواوەتی. سوپاس بۆ هاریکارییەکانتان."

کرێی کارەبا لە مانگێکدا 20 بۆ 40 دۆلارە. بۆ هاوڵاتیانی وەکو سەعد و هەبوونی کارەبا بووەتە کەمکردنەوەى بارگرانی بنیادنانەوەی ژیانیان پاش یەکێك لە هەرە سەختترین ململانێکانی مێژووی عێراق.

دەربارەی بەرنامەکە:

ئەم پرۆژەیە لەڕێی بەرنامەی سەرەکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کە دامەزراوەی کۆمەکیکردنە بۆ سەقامگیری جێبەجێ کراوە. هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە ساڵی 2015 دا ئەم سەنتەرە لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە ناوخۆییەکاندا کاری کردووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە و خۆویستانە و دانانی بناغەی یەکخستنەوەیەکی سەرکەوتووانەی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ ناو کۆمەڵگا.

هەر 29 هاوبەشە کۆمەکیکارەکەی ئەم بەرنامەیە بڕی 1.4 ملیار دۆلاریان بە بەرنامەکە بەخشیوە ، کە بووەتە هۆی تەواوکردنی 2,944 پڕۆژە لە پێنج پارێزگادا کە لە دەستى داعش ئازاد کراون، ئەمەش بووەتە هۆی باشترکردنی ژیانی زیاتر لە 14.6 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی.