10 ڕێگە بۆ پاراستنی تەندروستی و لەش لە ڕێی مانەوە لە ماڵەوە لە میانی مانگی ڕەمەزاندا

2020 April 24

وێنە: کلیر تۆماس / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2019.

مانگی ڕەمەزانی پیرۆز هات. وەکو یەکێك لە پێنج پایەکەی ئیسلام، بەڕۆژوو بوون بۆ موسوڵمانی پێگەشتوو کە جەستەی تەندروست بێت و بتوانێت، بەشێکی گرنگی ئەم مانگە پیرۆزەیە.

هەردوو بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وبه‌رنامه‌ى خۆراكى جیهانى لە عێراق هیوای مانگێکی پڕ خۆشی دەخوازن بۆ خەڵکی عێراق، وە 10 خاڵیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا لەکاتی مانەوەمان لە ماڵەوەدا تەندروست و لەش ڕێك بین.

دەستەکانت ناو بە ناو بشۆرە

بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا باشترین کاری ڕێگری بریتیە لە شوشتنی دەستەکانمان ناو بە ناو بە ئاو و سابوون، یان پاکژکاری دەست بەکار بێنە. هەروەها هەوڵ بدە ئەو کەلوپەلانەی زوو زوو دەستت بەریان دەکەوێت پاکژ بکەوە، وەکو مۆبایل و کلیل و دەستی دەرگا. بەم شێوەیە خۆت و کەسانی تر لەم نەخۆشیە دەپارێزیت.

بەردەوام با نزیکەی 1 مەتر دووربیت لە کەسانی ترەوە

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێگەی تەنۆلکەکانی پژمین و کۆکە و قسەی کەسانی توش بووەوە دەگوازرێتەوە. ئەم تەنۆلکانە لەسەر خەڵكی دەنیشنەوە یان لە ڕێگەی هەناسەدانەوە دەچنە ناو لەش. کەواتە بۆ پاراستنی خۆت بە دووری 1 مەتر دووربە لە کەسانی تر لە بازار و مارکێت و دەرەوە و بانک و شوێنە گشتیەکاندا. "بەدوورگرتنی جەستەی" زیاتر کاریگەرە ئەگەر لەماڵەوە بمێنتەوە و چوونەدەر کەمتر بکەیتەوە.

پارشێو و بەربانگی تەندروست بخۆ

حەزکردن لە خواردن و شیرینی لە مانگی ڕەمەزاندا زیاد دەکات. بەڵام بۆ پڕکردنەوەی ووزەی لەدەست چووی ڕۆژەکەت دەبێت سەوزە و ڤیتامین و خۆراکی بەسود و پرۆتین و فایبەر بە بڕێکی گونجاو و تەندروست بخۆیت. بە کورتی، هەوڵبدە بەدوور بیت لە خۆراکی سورکراوە و لەقوتونراو کە شەکر و چەورییان زۆرە. چێژ لە ژەمەکانت ببینە و بۆ ئەوەی زۆر نەخۆیت، بە خاویی نان بخۆ. پاش نان خواردنیش دەستەکانت بشۆ!

وێنە: کلیر تۆماس / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2019.

ئاو و شلەمەنی پێویست بخۆوە

ئاوی زۆر بخۆوە لە نێوان بەربانگ و پارشێودا. پلەی گەرمی بەرز دەبێتە هۆی ئەوەی زوو ئاو و شلەمەنی لەدەست بدەین، کەواتە گرنگە ئەو شلەمەنیەی لە ڕۆژدا لەدەستمانداوە پڕ بکەینەوە (بەلای کەمەوە 10 پەرداخ). هەروەها دەتوانیت ڕێژەی ئاو خواردنەوەت لە ڕێی خۆراکە تەڕەکانەوە زیاتر بکەیت. هەوڵبدە لە پارشێودا شوتی بخۆیت، یان وەکو شیرینی لە بەربانگدا بیخۆیت.

هەرگیز پارشێو لەیاد مەکە

پارشێو بریتیە لە ژەمێکی سوك لە سەرەتای ڕۆژوودا. هەوڵبدە لەدەستی نەدەیت. ئەم ژەمە کە دەکرێت پێك بێت لە سەوزە و کاربۆهیدرایت وەکو نان و سەمون و خۆراکی پڕ پرۆتین وەکو بەروبومی شیر (سوێر نەبێت) لەگەڵ یان هێلکە. با ئەم ژەمەت تەندروست و گونجاو بێت.

لە ماڵەوە وەرزش بکە

بۆ ئەو کەسانەی تەمەلییان کردووە یان ترساون لە ڕەمەزاندا وەرزش بکەن، زۆر تەندروست و گونجاوە بە ڕۆژووەوە وەرزش بکەیت. کەواتە لەم مانگەشدا مەوەستە لە وەرزش کردن. بە پێچەوانەوە وەرزش کردن یارمەتیدەرە لە کۆنترۆلکردنی کێشی جەستە و وزەدا. بەڵام دەبێت کاتەکانی وەرزشەکەت بگۆڕیت و بە شێنەیی لە کاتێکدا ئەنجامیان بدەیت کە گونجاو بیت بۆت، لەگەڵ پابەندبوونت بە قەدەغەی هاتوچۆوە کە لە شوێنەکەتدا سەپێنراوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە. بۆ پاراستنی خۆمان لەم کاتانەدا، چەندان چالاکی ئاسان و ناو ماڵ هەن لەسەر ئینتەرنێت. خۆت ئامادە بکە و دەست پێبکە!

ئەم کاتە بەخۆشی بەسەر ببە لەڕێی ئامادەکردنی خواردنەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەتدا

ڕەمەزان کاتێکی زۆر باشە بۆ چێژ وەرگرتن لە کاتەکانتان پێکەوە لەگەڵ خێزاندا. بەهۆی ژیانە سەردەمیەکەمانەوە خواردن پێکەوە بۆتە شتێکی زۆر دەگمەن. ڕەمەزان ئەو کاتەیە خێزانەکان بتوانن کۆببنەوە و پێکەوە ژەمی بەتام و شیرینی دروست و ئامادە بکەن. پێکەوە خواردنەکانتان بخۆن، لە یادتان بێت هێشتا لە هەندێك شوێن قەدەغەی هاتوچۆ هەر هەیە، کەواتە دەتوانیت ئەم کاتە بەسەر ببەیت لەگەڵ ئەو کەسانەی لەگەڵیان دەژیت.

وێنە: به‌رنامه‌ى خۆراكى جیهانى

بڕێکی باش بخەوە

خەوتنی باش زۆر گرنگە بۆ تەندروست بوون و لەش ساخی. ماوەی تەندروست بۆ خەوتنی شەوانە بریتیە لە 7-8 کاتژمێر، بەڵام هەرکەسەو بە جۆڕێک پێویستی بەم بڕەیە. ئەگەر کەم بخەویت، حەزی خواردنت زۆر دەبێت و ئەمەش بەڕۆژووبوون سەخت دەکات. هەوڵ بدە شەوانە زوو بنو وە هەستە بۆ پارشێو و نوێژی بەیانی. قەرەبووی خەوی پارشێوت لە پاش پارشێو یان لە ڕۆژدا بکەوە.

تەکنۆلۆژیا بەکاربێنە بۆ پاراستن و بەردەوامبوون لە پەرستن

زۆرینەی مزگەوتەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا داخراون، بەڵام بەهۆی تەکنۆلۆژیاوە دەتوانین لە پەرستش بەردەوام بین. کەناڵەکانی تۆڕی کۆمەلایەتی بۆنە و کۆبوونەوە پەرستشەکانی تێدایە. بۆ نوێژی پێکەوەی، دەتوانن سەکۆی ئینتەرنێت بەکاربێنن. داهێنەر بە!

یارمەتی کەسانی تر بدە

با لەیادمان نەچێت ڕەمەزان بریتیە لە کاتی هاوخەمی و پێکەوە بوون و بەخشندەی، بە تایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دا چونکە زۆر کەس خۆشەویستانیان و گوزەرانیان لەدەستداوە. کاری خێرخوازی و چاکەکردن سودی هاوبەشی هەیە بۆ کەسی بەخشەر و کەسی وەرگر. ئەم کارە بە زۆر ڕێگە دەکرێت ئەنجام بدرێت، وەکو هەوڵ پرسینی کەسانی بەتەمەن و کەم ئەندام و گەڕەکە هەژارەکان و دۆخناسکەکان بە تەلەفون یان ناردنی خۆراك و پێویستیەکان. هەروەها دەکرێت پارە و کەلوپەل و پێوداویستیەکان ببەخشرێتە ئەو کەسانەی داهاتیان لەدەستداوە بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە.