كردنەوەی یەكەی نوێی جیاكردنەوەی نەخۆش بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دهۆك

2020 October 13

دهۆک، 13ى تشرینی یەکەم، 2020 – قاوشێکی نوێی جیاكردنەوەی نەخۆش كە 20 قەرەوێڵەییە و دیزاین کراوە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو كەسانەی كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لە دۆخێكی تەندروستی خراپدان بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە کرایەوە،  ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و بەرنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەرەپێدان لەعێراق.

ئەم قاوشە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان دروست کراوە و دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی کۆمەکی دارایی بۆ دابین کردووە و دەكەوێتە تەنیشت نەخۆشخانەی سوتاوی و نەشتەرگەری جوانکاری دهۆک و خزمەت دەگەیێنێت بە 325,000 لە دانیشتوانى دهۆک و ئاکرێ و سیمێل و زاخۆ و شیخان و ئامێدی و بەردەڕەش. ئەم قاوشە کەلوپەلی پزیشکی ڕزگارکردنی ژیانی تێدایە کە زۆرینەیان لەلایەن دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تیەوە کۆمەکی داریی بۆ دابین کراوه.

ئەم قاوشە یەکیکە لەو 13 قاوشەى جیاكردنەوەی نەخۆش کە لە ئێستادا  لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە كار بۆ دروستكردنیان دەكرێت لە عێراقدا بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ تووشبووانى پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا. ڕێکارەکانى تر کە لە پاکێجی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بۆ بەرپەرچدانەوەی پەتاکە بریتین لە زیادکردنی توانستی پشكنینی تاقیگەکان و دابینکردنی کەلوپەلی پاراستنی کەسی بۆ کارمەندانی تەندروستی و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتەکانی چاکبوونەوەی پاش ڤایرۆسی كۆرۆنا.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد گوتی "قاوشە نوێیەکەی جیاكردنەوەی نەخۆش زۆر گرنگە بۆ دهۆک، چونکە دهۆک بەردەوامە لە پێشوازی کردن لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی جەنگی داعش و هەروەها پەنابەرانی سوریاش. ئەم دامەزراوەیە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر ناوەندە تەندروستیەکانی ئەو ناوچانە و دابینکردنی چاودێری تەندروستی ئاست بەرز بۆ نەخۆشەکان و ژینگەیەکی تایبەتمەند بۆ کارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە."

خاتوو زێنە گوتیشی "لە توانادا نەبوو ئەم دامەزراوەیە دروست بكرێت بەبێ ئەو کۆمەکە باشەی دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی كە یەكێكە لە هاوبەشە سەرەکیەکانمان ، هەر بۆیە ئێمە زۆر سوپاسگوزاری پشتیوانیە بەردەوامەکەیانین."

كونسوڵی گشتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا، بەڕێز ڕۆب واڵەر، دەڵێت "وڵاتە یەکگرتووەکان سەربەرزە بە بەردەوام بوون بە یارمەتیدانی کۆمەڵگەکان لەڕێی بنیادنانی دامەزراوەی لەم جۆرەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایەدا و هەموومان بەیەكەوە كار بۆ دەربازبوون لەم پەتایە دەكەین."

دەکرێت، لە داهاتوودا، ئەم قاوشەی جیاكردنەوەی نەخۆش بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی نەخۆشیە گوازراوەکان بە هەوا و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسەدان بەکاربێت. دەکرێت کەلوپەلەکان بەکاربێن بۆ باشترکردنی توانستی یەکەکانی چاودێری ورد بۆ دابینکردنی چارەسەری چڕی هەناسەدان.

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

فەی داوود، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان | 460 1976 780 964+