پاکژکردنەوەی قوتابخانەکان: زامنکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ فێربوون لە عێراقدا

2020 September 11

وێنە: لەلایەن هاوبەشی جێبەجێکار ،ڕێکخراوی ناحکومی "نەبز ئەلئەمەڵ"

فێربوون یەکێکە لە بەهێزترین لایەنەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و زامنکارى گەیشتنى سەلامەتى قوتابیان بە خوێندن لە ماوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا. دەستپێشخەریەکی نوێ، بەمەبەستى دڵنیاییدان لەوەی خوێندکارانی پارێزگای ئەنبار بتوانن لە قوتابخانەدا ئامادە بن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لەماوەی پەتاکەدا، ئەوە دەردەخات کە تەنانەت لە هەلومەرجە مەترسیدار و سەختەکانیشدا پەروەردەگرینگترینە.

لە 31 ی ئابدا، یازدە سەنتەری تاقیکردنەوە لە ئەلقائیم پاکژکرانەوە بۆ ئەوەی خوێندکاران بتوانن بە سەلامەتی ئامادەى قوتابخانەبن لە ڕۆژی دواتردا بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان. هەڵمەتەکە پێکهاتووە لە پاکژکردنەوەی قوتابخانە دوورە دەستەکانی ئەلقائیم و راوە و عانە و حەدیسە و هیت لە پارێزگای ئەنباردا و تا کۆتاییهاتنى تاقیکردنەوەکان لە 20 ی ئەیلولدا بەردەوام دەبێت. هەروەها لەگەڵ پرۆسەی پاکژکاریەکەدا، زانیاری لەسەر خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵواسراون و دەمامک و پاککەرەوەى دەستی و دەستکێش بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و ستافی قوتابخانەکان دابین کراون.

لیژنەکانی ئاشتی نێوخۆیى، كە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە پشتگیری دەکرێن و لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە کۆمەکی کراون، ئەم چالاکیانەیان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی "نەبز ئەلئەمەڵ " ى ناحکومیی ئەنجامدا.

وێنە: پۆلێك لە قوتابخانەی ناوەندی ئەلقائیمى کچان، لە پرۆسەی پاکژکردنەوەدا.

خەمیس موحەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردە لە قەزای ئەلقائیم، گوتی:"پاش تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ و دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتە فەرمیەکانی دەوامکردن لە قوتابخانەکاندا راگیران، ئەمەش کاریگەرییەکى نەرێنى بەسەر قوتابیەکانەوە هەبوو. ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە بۆ پاکژکردنەوەی ناوەندەکانى تاقیکردنەوە و دابەشکردنی دەمامک و ئامرازەکانی پاککردنەوە وادەکات خوێندکاران بتوانن بەبێ ترس تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.

وێنە: زانیاری لەسەر تەندروستی و سەلامەتی دەربارەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا هەڵدەواسرێت.

زوحا، کچێکی 19 ساڵانە، بڕوانە وێنەکەى خوارەوە، و چاوەڕێیە قوتابخانە بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەشدارى لە تاقیکردنەوەکەى ڕۆژى 1 ی ئەیلول دا بکات.

دەڵێت "ئێمە لە کاتێکی زۆر دژواردا دەژین، لە دەستپێکی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئێمە نەمانتوانیوە هیچ چاڵاکییەکی ڕۆژانە ئەنجام بدەین، ئەمڕۆ من دڵخۆشم لەم ناوەندە پاکژکراوەیەداخەریکی تاقیکردنەوەم."

وێنە: زوحاى 19 ساڵان، لە ڕێگەیدا بەرەو تاقیکردنەوە لە ناوەندە تازە پاکژکراوەکەى تاقیکردنەوە دا.

دڵنیابوون لە دابینکردنی پەروەردە و فێرکردن لە ماوەی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنى داهاتوویەکی گەش بۆ خوێندکارانی ئێستا، زوحا بەبیرمان دێنێتەوە بۆچی فێربوون گرنگە.

دەڵێت "هیوادارم لە قوتابخانە دەربچم بە سەرکەوتوویی و ببمە پزیشك بۆ ئەوەی بتوانم یارمەتیی کۆمەڵگاکەم بدەم لە ڕووبەرووبوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەکاندا."

 

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی بەرنامەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، سەردانی ئەم لینكە بکە:

https://www.iq.undp.org/content/iraq/ku/home/social-cohesion.html