بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و حکومەتی عێراق یەکدەگرن بۆ پێشکەشکردنى پشتیوانى تەندروستی دەروونی و دەروونی وکۆمەڵایەتی لە پێناو یەکخستنەوەی ئەو عێراقییانەی لە كەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە

2022 April 24

وێنە: بەشداربووانی وۆرك شۆپ 2022.

پێشبینی دەکرێت لە کۆی پێنج کەس لەو کەسانەی لە ناوچەیەکدا دەژین کە کەوتبووە بەر کاریگەری ململانێ، یەك کەسیان  جۆرێک لە نەخۆشى دەروونی هەبێت. لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکه گیرۆدەی دەیان ساڵ لە ململانێ بووە، ماوەیەکی زۆری پێچووە تا کاتی ئەوە بێت تەندروستی دەروونی بکرێتە چەقی بایەخ پێدان.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بەهاوکاری دەستەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی تەندروستی وڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەم دواییە قۆناغی دووەمی ڕاهێنانی تایبەت بە تەندروستی دەروونی وپشتیوانی دەروونی وکۆمەڵایەتی لەبەغدا بۆ 25 نوێنەری چەندین وەزارەتی عێراق تەواوکرد کە بەشێکی ئەو تیمە یەکخراوە پێکدەهێنن کە لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەو خانەوادە عێراقییانە دەکەن کە ئاوارەی کەمپی هۆل بوون. 

یەکەم دانیشتنی ڕاهێنانەکە لە مانگی تشرینی دووەمى ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچوو. لەو کاتەوە، بەشداربووان ڕاسپێردراون بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییە دەروونییەکانی خێزانە ئاوارەنێوخۆییەکان کە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە بۆ ناوەندی ڕاهێنانەوەی جەدەعەی 1 لە نەینەوا و ئامادەیان دەکەن بۆ گەڕانەوەیەکی ئاسان وبێ گرفت بۆ ناوچەکانی زێدی خۆیان وپرۆسەی یەکخستنەوەیان لەو ناوچانەدا.

قۆناغی دووەمی ڕاهێنانەکە چەند دانیشتنێکی لەخۆگرت کە تایبەت بوون بەو وانانەی لە ئەزموونی خۆیانەوە لەگەڵ خێزانەکانی ناوەندی ڕاهێنانەوەی جەدەعە فێریان بوون و چۆنێتیی چارەسەرکردنى ئەو ئاستەنگانە و هەنگاونان بەرەو داهاتوو.

وێنە: د. سەعید ئەلجیاشیی (دووەم لە ڕاستەوە). 2021.

لەو بارەیەوە، د.سەعید ئەلجیاشیی، ڕاوێژکار لە دەستەی ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی گوتی: "بۆ تیمە نیشتمانییەکە، ئەمە کایەیەکی نوێی کارکردنە وهیچ ئەزموونێکی هاوشێوە نییە بۆ ئەوەی پێی بەراورد بکەین. ئێمە سەرنجمان چڕکردووەتەوە لەسەر زامنکردنی هەوڵە ناوازەکانی تیمەکە لە بوارەکەدا بۆ یارمەتیدان لە یەکخستنەوەی خێزانە ئاوارە بووەکاندا".

بە گوتەی د.سوهاد ئەلئەسەدی، پسپۆڕ لە ناوەندی ئەل تەمەیوز، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی" تەندروستی دەروونی و پشتیوانی دەروونی وکۆمەڵایەتی زۆر گرینگن بۆ یەکخستنەوەی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێنەوە و دووچاری کێشەگەلی دەروونی دەبنەوە".

وێنە: ئاندریا برونی 2021.

ئاندریا برونی، لێپرسراوی تەکنیکی تەندروستی دەروونی بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق گوتی:" تەندروستی دەروونی وپشتیوانی دەروونی وکۆمەڵایەتی لە توانایاندایە کۆمەڵێك دەستپێشخەرى بنەڕەتی پێشکەش بکەن بەمەبەستى پشتگیریکردنی یەکخستنەوەی سەلامەتانەی گەڕاوەکان. پێویستە، هەر لە سەرتاوە وچەندی زوورتر بکرێت، بەرنامەکانی یەکخستنەوە دەستپێشخەرییە تەندروستییە دەروونی وپشتیوانییە دەروونی وکۆمەڵایەتییەکان لەخۆبگرن لە سەر ئاستی کۆمەڵگای ناوخۆییدا. دەبێت گشت دەستپێشخەرییەکان یەکانگیر بن لەگەڵ گشت پێوەر و پەیماننامە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ".

وێنە: نادیە ئەلعەوامله (قسەکەر). 2022.

نادیە ئەلعەوامله، سەرۆکی تیم، بەرنامەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی تایبەت بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، دەڵێت:"هەوڵە هاوبەشەکانمان بەم ڕاهێنانە گرنگەی تەندروستی دەروونی وپشتیوانی دەروونی وکۆمەڵایەتی تەواکاری کاری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانن لە عێراق تایبەت بە زامنکردنی پشتیوانی تەندروستی دەروونی بەرەو یەکخستنەوە لەو ناوچانەى ئاوارەکان بۆیان دەگەڕێنەوە کە پارێزگاکانی ئەنبار ونەینەوا وسەڵاحەدین لەخۆدەگرن. جەختخستنە سەر پێکهاتەی تەندروستی دەروونی کۆمەڵگاکان گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی یەکڕیزی و پێکەوەژیان لە عێراقدا پاش ئەو پەرتەوازەبوونە کۆمەڵایەتییەی بەهۆی ململانێوە ڕوویدا".

لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بەرنامەیەکی پێنج ساڵەی بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەگەڕخست بەمەبەستى برەودان بە کۆمەڵگایەکى بەهێزتر وئاشتیخواز کە پێکەوەژیانی زیاتری تێدابێت لە گشت ناوچەکانى عێراقدا. وەڵامدانەوەی تەواوکارانەی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بۆ پشتگیری لە یەکخستنەوەی ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوخۆ بوون خزمەتگوزارییە تەندروستییە دەروونی و پشتگیرییە دەروونی وکۆمەڵایەتییەکان و دەرفەتەکانی پەیداکردنی بژێوی وگەشەپێدان لەخۆدەگرێت، لەپاڵ بنیاتنانەوەی خانووبەرە لەو ناوچانەدا کە ئاوارەکان بۆیان دەگەڕێنەوە.