پێکەوەنانەوەی پارچە شکاوەکان: دۆزینەوەی یەکبوون لە توز خورماتودا
2022 ڕێبەندان 10
وێنە: توز خورماتوو، 2021
توز خورماتوو کە شارێکی بچووکە لە پارێزگای سەلاحەدین لە باکوری عێراق، شوێنی نیشتەجێبوونی ١٠٠ هەزار کەسی فرە ئیتنییە. پاش ئەوەی لە ٢٠١٤ دا موسڵ کەوتە دەستی داعش، توز خورماتوش دوای ماوەیەکی کەم کەوتە دەستی داعش و هەزاران کەس لە دانیشتوانەکەی هەڵهاتن و تا ئەمڕۆکەش هەر ئاوارەن. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەمەبەستى هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە سەرتاسەری عێراقدا بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، پشتیوانی لە میکانیزمەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیی کردووە لە دروستکردنی ژینگەیەکدا کە پشتیوانی لە یەکخستنەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و یەکبوون بکات.
کۆمەڵگای توز خورماتوو و ئاوارە ناوخۆییە گەڕاوەکانیش و ئەو خانەوادانەى گومانى پەیوەندییان لیدەکرێت لەگەڵ داعشدا، سوودمەندى خزمەتگوزارییەکی تەواوەتی یەکخستنەوەی کۆمەڵایەتی-ئابووری دەبن کە لەڕێی جێبەجێکردنی بەردەوامی پرۆژەی گەڕانەوە و یەکخستنەوە بۆ نێو کۆمەڵگا بە پشتیوانی حکومەتی یابان کراوە. پڕۆژەیەک بۆ باشترکردنی لایەنی خۆشگوزەرانی و ئابووری و پڕۆژەیەکیش بۆ دابینکردنی پشتیوانی دەروونی-کۆمەڵایەتی ئەوانەی پێویستیان پێیە بەگەڕخراوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى ١٢٠ خانوو لەو ناوچەیەدا کە لە ئێستادا بەردەوامە.
وێنە: وۆرکشۆپى یەکخستنەوەی کۆمەڵگا، 2021
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان وەکو بەشێك لەم خزمەتگوزارییە، بەرنامەی بنیادنانی توانستی لەسەر تەکنیکەکانی نێوەندگیری و چارەسەرکردنی ململانێ بۆ سەرکردەکانی کۆمەڵگا جێبەجێ کرد لەو ناوچانەی خێزانە گەڕاوەکانی لێدەژی و هەروەها بنیادنانی توانست بۆ حکومەتی نیوخۆیى و ئەفسەرانی ئاسایش لەبوارى یەکخستنەوە و ئامادەباشی کۆمەڵگا و لەئامێزگرتنی خێزانە گەڕاوەکاندا. ئامانج لەم بەرنامەیە بۆ ئامادەکردنى سەرکردەکانی کۆمەڵگایە بەو ئامڕاز و کارامەییانەی پێویستن بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی نێو کۆمەڵگا کە ئەگەری هەبێت بەهۆی گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ نێو کۆمەڵگاکانی خۆیان سەرهەڵبدات.
وێنە: عادل شەکور، سەرۆک شارەوانی ئامەرلی
عادل شەکور موسا ئەلئامەرلی، سەرۆک شارەوانی قەزای ئامەرلی، گوتی:
"ئەم پڕۆژەیە وەکو هەنگاوێکی گرینگ لێی دەڕوانرێت بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵگا و خێزانە ئاوارەکانیش. ئەم خێزانانە رووبەڕووی پاراوێزخستن دەبنەوە و لە دۆخێکی ناسکدان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و کاولکاری زیاتر. ئەم پڕۆژەیە رۆڵێکی ئەرێنی هەیە چونکە کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگا و لەئامێزگرتنی ئەم خێزانانە."
وێنە: ئالاء*
ئالاء ژنێکی تەڵاقدراوە و بە تەنیا دەژی. ئەم ژنە پاش ئەوەی حەوت ساڵ لە ئاوارەبووندا ژیا، لە کۆتایی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دا گەڕایەوە توز خورماتوو. لە ٢٠١٤ دا توز خورماتووی بەجێهێشتبوو و لە کەرکوک گیرسابووەوە و لەماوەی جەنگى داعشدا لەگەڵ خوشکەکەیدا دەژیا. ئالاء دوو کوڕی هەیە کە لایەنگری داعش بوون و لە پرۆسەکانی ئازادکردنی ناوچەکاندا کوژران. ئالاء گوتی:
"گەڕانەوە یان نە گەڕانەوە پەیوەندی بە کەسەکانەوە هەیە و دەبێت خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام ئامۆژگاری من ئەوەیە باشترین شێوازی ژیان بریتییە لە دووبارە تێکەڵبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگادا."
زەینەب * حەوت منداڵی هەیە کە هەموویان تەمەنیان خوار هەژدە ساڵانە. خێزانی زەینەب، پاش ئەوەی داعش لە ٢٠١٤ دا کۆنترۆڵی دوز خورماتووی کرد، دوز خورماتوویان بەجێهێشت و چوونە کامپی ئەلهۆڵ. بەلای زەینەبەوە ژیان لە کامپەکەدا یەکێك بوو لە سەختییەکانی ژیان و هاریکارییەکی زۆر کەمیان پێدەگەیشت. لە کۆتایی ٢٠١٩ دا گەڕانەوە بۆ دوز خورماتوو. زەینەب گوتی:
"کۆمەڵگا تێدەگات لەوەی منداڵەکانی من بێ تاوانن، منداڵەکانی من تاوانبار نین تەنها لەبەر ئەوەی باوکیان لەگەڵ داعش تێوەگلاوە."
وێنە: عائیشە *
خێزانەکەی عایشە * لە یازدە کەس پێكهاتووە. هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیشیان نیە. ئەم خێزانە لەماوەی پرۆسەکانی ئازادکردندا چوون بۆ بەغداد و بەهۆی نەبوونی ناسنامەی دروستەوە توشی چەندان کێشە بوونەوە. لە ٢٠١٨ دا گەڕانەوە بۆ سەڵاحەدین و دواتر لە نیسانی ٢٠٢١ دا لە خانووەکەی خۆیاندا نیشتەجێ بوونەوە. مێردەکەی عائیشە لەگەڵ داعشدا تێوەگلابوو و کوژرا، ئەمەش وایکرد خێزانەکەی دووچاری گێچەڵپێکردن و لۆمەکردن ببنەوە. عائیشە گوتی:
"من هانی خێزانەکانی تر دەدەم بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و دووبارە بە ئاشتی بژینەوە و دۆخی ئاسایشی ناوچەکە باشتر بکەن."
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەڕێی پرۆژەی ئاشتەوایی و یەکخستنەوەی کۆمەڵگا، ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ٩٠٠٠ خێزان دەکات لە چوار ناوچەی عێراقدا، لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری یەکخستنەوەی تەواوەتیشدا. ئەم پرۆژەیە لە ناوچەکانی ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەدیندا پشتیوانی لە گەڕانەوە و یەکخستنەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان و ئەو خێزانانەش دەکات کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، لەگەڵ ئەو کەسانەشدا کە زەرەرمەندى دەستى توندوتیژى ڕەگەزى و دۆخى سەختى ئابوورى بوونەتەوە بەهۆى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆناوە. گشت ئەمانەش، بەسووپاسەوە، بەهۆى پشتیوانی حکومەتی یابانەوە هاتووەتە دى.
*ناوەکان بۆ پاراستنی شوناسی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە گۆڕدراوە.