سەرکردایەتیکردنی بوێرانە: بەهێزکردنی لاوان و ژنان و ئەوانەی لەناوخۆدا گۆڕانکاری دەکەن لە عێراقدا

2021 December 7

وێنە: بەشداربووانی وۆركشۆپەكە 2021

پشتیوانیکردنی لاوان لە عێراقدا بۆ ئەوەی ببنە هاوڵاتییەکی چالاک و بەشدار لە کارە لەپێشینەکانى بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێداندا. دوابەدوای دروستکردنى کۆمەڵەکانى لاوان و ژنان بۆ بە ئاشتی بە سەرکەوتوویی و دەستنیشانکردنی پاڵەوانەکانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان قۆناغی دووەمی بەرنامەی بنیادنانی توانستی بەگەڕخست بەمەبەستى بەهێزکردن و هاندانی ئەو کەسانەى دەتوانن گۆڕانکارى ئەنجام بدەن لە عێراقدا.

بە پشتیوانی حکومەتەکانی دانیمارک و ئەڵمانیا و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، زنجیرەیەك وۆرکشۆپی تایبەت بە بنیادنانی توانست بۆ بەشداربوانی ئەنبار و بەغداد و دیالە و کەرکوک و نەینەوا و سەلاحەدین سازکرا. وۆرکشۆپەکان لە 25 تا 27 ی تشرینی دووهەمدا بوون و ڕووماڵی ئەو بابەتانەیان دەکرد کە پەیوەندیدییان بە دیزاینی دەستپێشخەری وەکو شیکاری ڕەگەزى و ململانێ و ڕێگریکردن لە توندڕەوی و توندوتیژییەوە هەبوو. گەڕى دووهەمی دانیشتنەکان لە 2 تا 4 ی کانونی یەکەم دەبێت بۆ ڕووماڵکردنی جێبەجێکردنی دەستپێشخەری و بەڕێوەبردنی گوژمە و کاری تیم و سەرکردایەتی. دوای ڕاهێنانەکان، لاوان و ژنانی کۆمەڵانی ئاشتی و پاڵەوانانی ناوخۆیی هەڵدەستن بە جێبەجێکرنى دەستپێشخەریەکان لە ناوچەکانیاندا کە سەرنج دەخەنە سەر بنیادنانی ئاشتی و بەرزکردنەوەی هوشیاری بەرامبەر مافەکانی ژنان و یارمەتیدانی کۆمەڵگا دۆخناسکەکان لە پڕکردنەوەی پێویستییە بنەڕەتیەکانیاندا.

وێنە: دالیا. 2021

دالیا، لە کۆمەڵەی ئافرەتانى نەینەوا بۆ ئاشتی، گوتی:

"من، وەکو بەشێك لە کۆمەڵەی ئافرەتانى نەینەوا بۆ ئاشتی، پلانم داناوە بۆ سەرکردایەتیکردنی جێبەجێکردنی دەستپێشخەری کۆمەڵگا بۆ برەودان بە بەهێزکردنی ژنان لە موسڵدا. ئێمە پێویستمانە بیسەلمێنین کە ئافرەتان بەهێزن و لە ئێستادا دەرفەتى پێویست بوونی نییە بۆ ئافرەتان لە موسڵدا."

وێنە: زەید (دەستە ڕاست) 2021

زەید، لە کۆمەڵەی لاوانی نەینەوا بۆ ئاشتی، گوتی:

"لەم ڕاهێنانەدا تواناکانمان بۆ نوسین و جێبەجێکردنی دەستپێشخەریەکان باشتر دەکەین کە دەبنە هۆی بەرەوپێشبردنى پێکەوەژیانی کۆمەڵگا و بنیادنانی ئاشتی. ئێمە دەتوانین گرنگترین ئەو کێشانە بەشێوەیەکى باشتر دەستنیشان بکەین کە کۆمەڵگاکەمان گیرۆدەى بوون. من لەڕێی جێبەجێکردنی چالاکییە پەروەردەییەکانەوە پلانم داناوە بۆ کارکردن لەسەر بەهێزکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە ناوچە دوورەدەستەکانی شەنگالدا."

وێنە: رەفلە (ناوەراست) 2021

رەفلە، پاڵەوانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە سەڵاحەدین و سەرۆکی ڕێکخراوی کرۆکی خێزانە، گوتی:

"لەناو کۆمەڵگاکەی مندا، پلانم هەیە بۆ پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییەک بۆ پێکبەستنەوە و کۆکردنەوەی کەلوپەلی پاراستنی کەسیی و بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان. دەمەوێت دڵنیا ببمەوە لەوەی خەڵكی سەڵاحەدین دەتوانن خۆیان بپارێزن."

وێنە: مەڕوە (دەستە ڕاست) 2021

مەڕوە، پاڵەوانی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە بەغداد، گوتی:

"کاتێك جۆش و حەزم بۆ چالاکوانی دەستی پێکرد کە منداڵانی تەمەن 7-14 ساڵانم لە بازاڕە کۆنەکەدا دەبینی لەکاتێکدا دەبوایە لە قوتابخانە بوونایە. دەستم کرد بە کارکردن لەگەڵ ئەم منداڵانە بۆ ماوەى سێ رۆژ  لە هەفتەیەکدا بۆ ئەوەی فێرى نوسین و خوێندنەوەیان بکەم. ئێستا ئێمە تیمی تەواومان هەیە کە لە بەغدا کاردەکەن. گێڕاندنەوەی ئەم منداڵانە بۆ ژیانى ئاسایى منداڵانەی خۆیان و قوتابخانەیان، دوای ململانێکان لەگەڵ داعشدا، ئامانجی سەرەکیمانە. ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی کردە سەر فێرکردنی منداڵان لە عێراقدا، بەتایبەتی لەو خێزانانەدا کە توانای کڕینی کۆمپیوتەریان نەبوو."

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا لە ساڵی 2020 دا هەستا بە خستنەگەڕى بەرنامەی پێنج ساڵەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بۆ برەودان بە کۆمەڵگای بەهێزتر و ئاشتیخوازتر و گشتگیرتر لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا. وەکو بەشێك لە قۆناغی دووهەمی ئەم بەرنامەیە لە بەهێزکردنی لاوان و ژنان بۆ کۆمەڵانی ئاشتی و پاڵەوانانی ناوخۆیی لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە پەنجا دەستپێشخەری کۆمەڵگا جێبەجێ دەکرێت.