هاندان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی متمانەی جڤاکی لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە عێراقدا

2022 April 28

وێنە: بەشداربووانی وۆرك شۆپ. 2022

لە پاش ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەى کەوتبوونە ژێر چەپۆکی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق وشام (داعش) لە خاکی عێراقدا، ژێرخانی ئەوناوچانە بنیاتنرانەوە و پەیوەندییەکان بوژێندرانەوە، بەڵام هێشتا بێمتمانەیی و نەبوونی دڵنیایی لە نێوان زۆرێك لە گروپەکانی دانیشتوواندا هەر ماون بەهۆی پاشماوەی ئەو ململانێیەوە کە زۆری خایاند.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم لەبەریەکهەڵوەشانە کۆمەڵایەتییە، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللیی وهاریکاری هاوپەیمانی کەمینەکانی عێراق وتێکۆشان لە پێناو مرۆڤایەتییدا، بەتواناکردن وبەشداریپێکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان ومیکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان بەمەبەستى پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە دوانزە ناوچەى نەينەوا و کەركوكدا، بە پشتیوانیی هۆڵەندا، ئەنجامدەدات.

ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە بریتییە لە پشتگیریکردنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان وکارمەندانی ئاساییش وپۆلیس وپۆلیسی کۆمەڵگەیی بەو سەرچاوانەی پێویستن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان وپتەوکردنی متمانە ویەکڕیزی کۆمەڵگا و بەتوانابوونیان بۆ ئاسانکردن وهاندانی کاری پێکەوەیی لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگادا. هەروەها ئەو پڕۆژەیه کە ماوەی ساڵێك دەخایەنێت، دانانی پرۆگرامێکی خوێندن بۆ بنیاتنانی ئاشتی بەرنامەى پەرەپێدانى توانستەکان بۆ دەسەڵاتە نێوخۆییەکان ومیکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان ومیوانداریکردنی دیدارەکانی دیالۆگ ونێوەندگیری کۆمەڵایەتى وئاسانکاری بۆ گەیشتن بە دە ڕێککەوتنی ناوخۆی بۆ ئاشتی لەخۆدەگرێت.

وێنە: بەشداربووانی وۆرك شۆپ. 2022

 لەو بوارەدا نوێنەرانی بیست وپێنج بەرپرسى دەسەڵاتە نێوخۆییەکانى قەزای تەلەعفەرى پارێزگای نەینەوا لە خولی یەکەمی ڕاهێناندا ئامادەبوون کە لە ڕۆژانی 21 بۆ 23ی نیساندا بوو لە دهۆك و بۆ بەرزکردنەوەى توانستى بەشداربووان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر هۆکارەکانی ناکۆکی وشیکردنەوەیان وتەکنیکەکانی بەڕێوەبردنی ناکۆکی وکارامەییەکانی دیالۆگ ونێوەندگیری ئەنجامدرا.

وێنە: قایمقامی تەلەعفەر قاسم محەمەد شەریف. 2022

قایمقامی تەلەعفەر، قاسم محەمەد شەریف دەڵێت:

" کاتێك لە پۆستەکەمدا دەستبەکاربووم، دەرگام بەڕووی هەر هاووڵاتییەکدا کردەوە کە بیەوێت گەنگەشە لەسەر هەر کێشەیەك بکات و بەتەنها یان لەماڵەوە یان لەڕێی تەلەفۆنەوە لەگەڵمدا بدوێت. ئێمە لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی گفتوگۆی کراوەوە مامەڵە لەگەڵ هەستیاری و گوتاری تائیفییدا دەکەین. ئێمە لە تەلەعفەردا کۆکین لەسەر ئەوەی هەموو کەسێك بانگهێشت کراون بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکە بێجگە لە چوار کۆمەڵە نەبێت، کە بریتیین لەوانەی هێشتا باوەڕیان بە داعش هەیە وهانی بڵاوبوونەوەی ئایدۆلۆژیاکەی دەدەن وبکوژان وئەنجامدەرانی توندوتیژی سێکسی و ئەوانەی پێشێلکارییان بەرانبەر ژنان کردووە و ئازادییەکانیان لێ زەوت کردوون. ئێمە خێزانە ئاوارەکانمان هانداوە کە لە تورکیاوە بگەڕێنەوە و یارمەتی ئەو گەڕاوانەشمان داوە کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون بۆ وەرگرتنەوەی خانووەکانیان. لە سەروبەندى داگیرکاری داعشدا هێڵێکی دابڕێنەر لەنێوان کۆمەڵگاکانماندا کێشرابوو، ئەمێستا ئەو هێڵە بوونی نەماوە ".

وێنە: نازم صابر حسێن. 2022

نازم سابر حسێن، سەرۆکی شارەوانی تەلەعفەر دەڵێت:

" قەزای تەلەعفەر پێویستی بەوەیە سەرنج چڕبکاتەوە لەسەر پەروەردە وهاوسەنگی هێزەکان بۆ بنیاتنانی متمانە و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی. ئێمە دەشزانین کە گرژی  وململانێیەك هەیە لە نێوان کۆمەڵگاکاندا، بەڵام ئێمە پێشینەی ڕاستەقینەی کێشەکان نازانین. ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی گفتوگۆی کۆمەڵگەییەوە زیاتر بچینە کرۆکی باتەکانەوە. گرنگترین بابەتیش ئەوەیە کە خەڵك زەوییەکانیان و ئەو پارەیەی لەدەستیان داوە  بەدەستبهێننەوە".

وێنە: سەعدۆ ئیبراهیم سەعدۆ (لە ناوەنددایە). 2022

بەڕێوەبەری هۆبەی کشتوکاڵی وسەرۆکی یەکێك لە خێڵەکانى تەلەعفەر، سەعدۆ ئیبراهیم سەعدۆ گوتی:

" پێکهاتەى کۆمەڵایەتیمان لەبەریەك هەڵوەشا لە سەردەمی داعشدا. کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووری تەلەعفەرە ودابینکردنی ئاو بەباشی دەبێتە هۆی مانەوەی خەڵك لە سەر کار. بەڵام ئێستا بەهۆی کەمی ئاوەوە زۆربەیان بێ ئیش بوون. هاندانی پڕۆژە بازرگانییە بچووكەکان لە تەلەعفەر وەك ئاژەڵداری هۆکارێکی سەرەکی بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆییە لە ناوچەکەدا. لەماوەی پێنج بۆ شەش ساڵی ڕابردوودا داعش هەموو پڕۆژە بچوکەکانی لەناوبرد. پێش ئەوەشی داعش ناوچەکە داگیربکات، زیاتر لە 5000 فەددان زەویم هەبوو کە بژێوی 400 خێزانی دابین  دەکرد. وەلێ هه موو شتێک بوو بە خۆڵەمێش. ئێمه ناچار بووین لە هیچەوە دەست پێبکەینەوە. پرۆسەی هاتنەوە سەرپێی خۆمان دەستی پێکردووە، بەڵام پرۆسەیەکی هێواشە".

وێنە: محەمەد عەلی عەبدوڵا.2022

نەقیب محەمەد عەلی عەبدوڵا لە پۆلیسی کۆمەڵگەیی دەڵێت:

" ئێمە وەك پۆلیسی کۆمەڵگەیی، جیاوازین لە هێزە ئەمنییەکانی تر. کاتێك خەڵك سەردانمان دەکەن لە ئۆفیسەکەمان، چەك نابینن. لە سەرەتادا، کۆمەڵگا دژی ئەو ئافرەتانە بوو کە سەردانی بنکەکانی پۆلیسیان دەکرد. بەڵام ئێستا وپاش سێ ساڵ کارکردن، 45 ئافرەتمان هەیە لە ڕیزەکانی پۆلیسی کۆمەڵگەیید کاردەکەن. ئێمە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا دەکەین بۆ نموونە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕزگاریدا تاڵانکاری و دزی بە هۆی نەبوونی ڕووناك کردنەوەی شوێنە گشتییەکانەوە بەربڵاوبوو. ئەوەبوو من بەناوی کۆمەڵگاکەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبام کرد و لەوێ لێپرسراوانم لەو کێشە ئەمنییە ئاگادارکردەوە. ئەوانیش توانای ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیان بۆ دابینکردنی کارەبا باشتر کرد، کە بووە هۆی ڕێگریکردن لە دزی. یەکێك لەو کارامەییانەی فێریان دەبین ئەوەیە چۆن لەگەڵ کۆمەڵگاکاندا بە تەبایی کار بکەین". 

لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بەرنامەیەکی پێنج ساڵەی تەرخانکراو بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەگەڕخست بەمەبەستى برەودان بە کۆمەڵگایەکى بەهێزتر وئاشتیخواز کە پێکەوەژیانی زیاتری تێدابێت لە گشت ناوچەکانى عێراقدا.