١ ملیۆن کیسەى کاغەز

دەستپێشخەرییەکى ژینگەیى لە هەولێر، عێراق.

2022 March 6

کیسەى کاغەز بۆ نانەواخانەکان

دەستپێشخەرییەک لە لایەن ڕێکخراوى ئیکۆ ڤیتاڵەوە بە هاوبەشى لەگەڵ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێداندا، و بە کۆمەکى یەکێتى ئەوروپا.

 

پلاستیک کۆتایى نایەت.

بەکارهێنانى پلاستیک لە عێراق- و سەرانسەرى جیهانیشدا- کێشەیەکى گەورەیە. بەشێکى زۆرى ئەو ئامێرەى کە لە ئێستادا تەماشاى دەکەیت لە پلاستیک دروست کراوە. بەشێوەیەکى سادەتر دەتوانین بڵێین کە پلاستیک لە گشت بەشێکى ژیانى ئێمەدا بوونى هەیە.

شارى هەولێر ڕۆژانە بڕى ٢٠٠٠٠ تۆن پاشماوەى ڕەق بەرهەم دەهێنێت، کە یان لە ناوچەکانى تایبەت بە خاشاک فڕێ دەدرێن یانیش لە شوێنێکى کراوەدا دەسوتێنرێن. زۆرینەى ئەو پاشماوانە لە پێچانەوە و لەقوتوگرتنى کەلوپەلەکانەوە سەرچاوە دەگرێت بە تایبەتى بوتڵى ئاو و کیشەى نایلۆن. لەئێستادا ئەوە ئاشکرایە کە مایکرۆپلاستیک نەک تەنها ژینگە پیس دەکات، بەڵکو پێکهاتەکانى دەتوانن بچنە نێو لەشى مرۆڤەوە بەتایبەتى کاتێک پلاستیک بەر پلەى گەرمى بەرز دەکەوێت و ئەمەش کێشەى گەورەى تەندروستى دەخوڵقێنێت.

لەبەر نەبوونى چارەسەرى ڕیسایکلینگى ڕاستەقینە لەبەردەستدا و نەبوونى یاساى جدى بوارى بەرهەمهێنانى پلاستیک، ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانى کوردستان پەلەیانە چارەسەرى ئەو کێشەیە و سەرچاوەکەى بکەن لەڕێگەى خستنەڕووى کۆمەڵێک ڕێنمایى کە ئامانج لێیان قەدەغەکردنى بەرهەمهێنان و هاوردەکردنى پلاستیکە و لەگەڵیدا کۆمەڵێک چارەسەرى جێگرەوە بۆ دانیشتوان دەخەنە ڕوو.

 

هەمووان حەزیان لە نانە و نانیش کاغەزى دەوێت

شتێک کە بەبێ شک لەسەر خوانى گشت ماڵێکى عێراقیدا هەبێت نان و سەموونە. نان بەشێکى سەرەکى خۆراکى گشت کەسێکە لە عێراقدا. گشت بەیانیانێک خەڵکى بۆ کڕینى سەموون نۆرەدەگرن. بەچاوى خۆیان دەیبینن کە بەتازەیی لە فڕنەکە دێتە دەرەوە و ڕاستەوخۆ دەخرێتە نێو کیسەیەکى نایلۆنەوە کە گەرمییەکەى دەبێتە هۆى ئەوەى ئەو کیسە پلاستیکە گەردیلەکانى بەنێو سەموونەکەدا بڵاو بکاتەوە.

کاتێک نان دەخرێتە کیسەى کاغەزەوە دوو ڕۆڵى سوودبەخشى دەبێت؛ نانەکە لە مادەى کیمیایى ژەهراوى دەپارێزێت کە لە پلاستیکە گەرمەکەوە سەرچاوەى دەگرت و ئەو سروشتەى کاغەز کە واى لێ دەکات زوو شی ببێتەوە و ژینگەکەمان لە پاشماوەى پلاستیکى پاک دەکاتەوە  و بەمەش منداڵەکانمان دەرفەتیان دەبێت بۆئەوەى لەداهاتوودا لە هەسارەیەکى خاوێندا بژین.

هەروەها نان تامێکى خۆشترى هەیە کاتێک دەخرێتە کیسەى کاغەزەوە!

 

٥٠٠ سەموونخانە

هەریەکەیان ٢٠٠٠ کیسەیان بە خۆڕایى پێدراوە بە ٤ قەبارەى جیاواز

 

با ئەم نەریتە بشکێنین.

لەبەر حەزى زۆر بۆ نان لە هەرێم و ئەو شێوازە باوەى پێى دەپێچرێتەوە لە سەرانسەرى وڵاتدا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان، بە کۆمەکى یەکێتى ئەوروپا، هەستا بە ڕەزامەندیدان بەو پڕۆژەیەى لەلایەن ڕێکخراوەى ئیکۆڤیتاڵەوە پێشکەش کرابوو بۆ دابەشکردنى کیسەى کاغەز بەسەر نانەواخانە و سەموونخانەکاندا لە شارى هەولێردا، وەک هەولێک بۆئەوەى نانەوا و کڕیارانیان بەم ڕێگا جێگرەوەیە بناسێنن بەو هیوایەى شەپۆڵێک لە وشیارى ژینگەیى دروستببێت.

 

نانەوا چۆن بیر دەکاتەوە؟

ئیکۆڤیتاڵ و کۆمپانیا هاوبەشەکەى بەرهەمهێنانى کیسەى کاغەز سەردانى نزیکەى گشت نانەواخانە و سەموونخانەکانیانکرد لە شارى هەولێر بۆ ئەوەى بزانن کە لەبەرچی کیسەى نایلۆن بەکاردێت لەکاتێکدا خەڵکى واڕاهاتبوون لە کوردستان کە نان و سەموون بخەنە نێو پارچە پەڕۆیەکەوە نەک کیسەى نایلۆن. بۆیان ڕوون بووەوە کە سەرەکیترین هۆ، ئەگەر تاکە هۆ نەبێت، بۆ ئەمە هەرزانى نرخى نایلۆنە کە وایکردووە لەم چەند دەیەیەى دواییدا زۆر بەربڵاو بێت. سەرەڕاى ئەوەش، پێدەچوو زۆرینەى نانەواکان هیچ بیرۆکەیەکیان لەبارەى مەترسییە ژینگەیى و تەندروستییەکانى پلاستیکەوە هەبێت، بەڵام پەرۆشى خۆیان بۆ وەرگرتنى بەشە کیسەکانى خۆیان دەربڕى.

 

 

 

دابەشکردن.

لەچەند هەفتەى دواترا، خۆبەخشان دەستیانکرد بە دابەشکردنى کیسە کاغەزەکان. هەر نانەواخانەیەک/سەموونخانەیەک ٢٠٠٠ کیسەى بە ٤ قەبارەى جیاواز و بە بێ بەرامبەر وەرگرت. لەماوى ٢ هەفتەدا، ٥٠٠ نانەواخانە و سەموونخانە کیسەیان وەرگرت و پڕۆسەى دابەشکردنى ملیۆنێک کیسە تەواو بوو!

خۆبەخشان و نوێنەرانى ڕێکخراوى ئیکۆڤیتاڵى کۆمەڵگاى مەدەنى ئەو هەلەیان قۆستەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ نانەواکان و باسى سوودەکانى دوورکەوتنەوەیان لە کیسەى پلاستیک و کاریگەرییە زیانبەخشەکانى پلاستیک لەسەر تەندروستیان بۆیان کرد بۆئەوەى نانەواکانیش بەهەمان شێوە بۆ کڕیارەکانیان بدوێن کاتێک ل پرسیار لەو گۆڕانکارییەیان لێ دەکەن و بەم شێوەیەش بەنێو خەڵکیدا بڵاو دەبێتەوە.

 

هۆشیارى

شانبەشانى دابەشکردنى کیسە کاغەزەکان، چەندین یاداشت لە ڕادیۆکانەوە لە شارى هەولێردا بڵاو کرانەوە و تیایاندا لایەنە نەرێنییەکانى کیسەى پلاستیکى بۆ پێچانەوەى نان و سەموون خرانە ڕوو و ئامانج لێیان ئەوە بوو کە خەڵى ئەوە بزانن و لەمەودوا داواى کیسەى کاغەز لە نانەواکان بکەن لەبرى کیسەى نایلۆن.

ئەم دەستپێشخەرییە دەنگدانەوەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینى. لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا بڵاو کرایەوە. خەڵکیش گوێبیستى بوون. کێشەى نرخ تاکو ئێستا بوونى هەیە، بەڵام کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کیسەى کاغەز هەوڵدەدەن نرخەکەى کەم بکەنەوە بۆئەوەى بتوانن لەگەڵ نرخى تێچووى کیسەى پلاستیکدا کێبڕکێ بکەن.

سەرەڕاى ئەوش، گرینگترین فاکتەر بۆ ئەم دۆزە هۆشیارى خەڵکە. ئەگەر خەڵکێک زۆر داواى کیسەى کاغەز بکەن لەبرى نایلۆن، فرۆشیاران بژاردەیەکى تریان نامێنێت جگە لە بەدەمەوەچوونى خواستەکانیان و ئەمەش خاڵى سەرنجى ئێمەیە.  

ئەمە تەنها سەرەتایە

هێشتا ڕێگایە زۆرمان لەبەردەم ماوە تاکو عێراقێکى خاڵى لە پلاستیک ببینین 

بەڵام هەمیشە گشت گفتوگۆکان سەرەتایەکیان هەیە

جا بۆچە ئەو سەرەتایە لەبەیانییەوە لەلای ناەواخانەکانەوە دەستپێنەکات؟

.