پێکەوە بەستنەوەی کارەکان

2021 November 15

بارهەڵگرێك چیمەنتۆی پێیە و بەسەر پردە تازە چاککراوەکەی ئەلشەبابیدا دەڕوات. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عیراقدا.

هەر کە بەسەر پردە تازە چاککراوەکەدا رۆیشتیت بەرەو ئەلشەبابی، کە ناحیەیەکە لەناو ئەنباردا، دەبینیت چەندان کارگە لەمبەر و ئەوبەری ڕێگەکەدا هەن. نزیکەی 20 کارگەی چیمەنتۆ و گەچ و کاشی و بلۆك لەو ناوچەیەدا هەن. لە یەکەم بینیندا بە ڕوونی دیارە کار لە بوژانەوەدایە .

بەڵام پێشتر وانەبوو. ماجد ئەلحەلبوسی، 48 ساڵان لە فەلوجە، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی وەبەرهێنەرانە لە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە لایەکی پردەکەدا، دەلێت "من هەموو تەمەنم لە فەلوجەدا ژیاوم، لەماوەی پرۆسەی ئازادکردن لە دەستی داعشدا، ناچاربووین کارگەکە دابخەین و ڕابکەین لەپێناو ڕزگاربووندا".

لەکاتی گەڕانەوەدا لە ساڵی 2017، ماجد تەنها کاولکاری لێوە دیاربوو. بە تایبەتی کاتێك گەڕایەوە بۆ کارەکەی لەو کارگەیەدا کە کاری تێدا دەکرد کە لەسەر ڕووبەری 100 دۆنم زیاتربنیادنراوە، بەتەواوەتی کاولبووبوو. "لە ساڵی 2018 دا، توانیمان دەست بکەینەوە بە کار و کارگەکە بخەینەوە گەڕ پاش بنیادنانەوەی هەندێك لەو کەلوپەلانەی تیاچووبوون. بەڵام گواستنەوە هێشتا وەکو بەربەستێك مابۆوە چونکە ئەو پردە سەرەکیەی پێکەوەی دەبەستینەوە بە بازاڕاوە ڕووخابوو." ئەوەی زیاتر کارەکانی سەختتر کرد، کاولکردنی پردی ئەلشەبابی بوو  لەلایەن داعشەوە، کە بەهۆیەوە دەتوانرا لەکارگەوە کەلوپەل ببرێتە بازاڕ.

زیانکەوتن لە پردەکە بە سەختی کاریگەری کردبووە سەر کارەکانی ئەو ناوچەیە. ناچاری کردبوون ڕێگەی لاوەکی بەکاربێنن بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕی سەرەکیی لە ناو شاری فەلوجەدا. ماجد دەڵێت "ئێمە ڕۆژانە زیاتر لە 2000 تەن چیمەنتۆ بەرهەمدێنین، ئەمەش پێویستە لەکاتی خۆیدا بگاتە بازاڕ بۆ ساغ بوونەوە. ڕێگە لاوەکیەکە بووە هۆی ئەوەی تیچووی گواستنەوە دوو هێندە بکات و ببێتە هۆی دواخستنی ناپێویست. ئەمەش کاریگەری کردە سەر ڕێژەی قازانجمان، چونکە نەماندەتوانی نرخى بەرهەمەکان زیاتر بکەین."

لەهەمان کاتدا، ئەمە تاستەنگییەکیش بوو بۆ هاتووچۆی کارمەندەکان لەماڵەوە بۆ کارگەکان، چونکە ناچار بوون ڕێگە لاوەکیەکان بگرنەبەر. "دانیشتوان و کارمەندەکان سەختییەکی زۆریان چەشت بەهۆی ڕووخاندنی پردەکەوە. ناچار بووین ڕێگەی لاوەکی بەکاربهێنین کە پەڕێنەوەبوو بەسەر هێڵی شەمەندەفەرێكى نزیک پردەکە. ئەمەش چەندین ڕووداوى دڵتەزێنى لێکەوتەوە. بۆ نمونە ئێمە 150 کارمەندمان هەیە لە کارگەکەدا، هەموویان ڕۆژانە بە ناڕەحەتییەکی زۆر دەگەشتنە کارگە."

پشتیوانیکردن لە بازرگانى و دانیشتوان تا و بکەونەوە سەرپێ، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ، بە کۆمەکی دارایی لەلایەن دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە، کاری شیاندنەوەی بۆ پردەکە کرد. ئێستا ئەم پردە بووەتە پێک بەستنەوەی زیاتر لە 9000 دانیشتوانی ناوچەکە و دەوروبەری بەیەکترییەوە.

پاش چاککردنەوەی پردەکە، کارگەکان توانیان تێچووی گواستنەوەیان کەمتر بکەنەوە و کاتی گەیاندنەکان کەمتر ببنەوە. ئەمەش بووە هۆی باشترکردنی پێڕاگەشتنی دانیشتوانی ئەلشەبابیە و شاری فەلوجە بۆ گەشتن بە دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیی و میرییەکانی تری شارەکە.

ئێستا، ئەو کارگەیەی ماجد کاری تێدا دەکات کەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و کارەکانى لە بوژانەوەدان. ماجد بە دڵخۆشی و زەردەخەنەوە گوتی "ئێستا دەتوانین نزیکەی 1.5 ملیۆن تەن چیمەنتۆ بەرهەم بهێنین لە ساڵێکدا. ئەوەی زۆر گرینگترە ئەوەیە کارمەندەکانم بە سەلامەتتر دەگەنە سەر کار و دەتوانین بەرهەمەکانمان لەکاتی خۆیدا بگەیەنینە بازاڕ. سوپاس بۆ ئەو پشتیوانییە دەستکراوەییەى دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بۆی دابین کردین."

دەربارەی بەرنامەکە:

ئەم پرۆژەیە لەڕێی بەرنامە سەرەکیەکەی دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کراوە بەو پشتیوانییە دەستکراوەیەى دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی پێشکەشی کردووە.

لە ساڵی 2015 ەوە، دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە ناوخۆییەکاندا کار دەکات بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی خۆویستانە و سەلامەت و شکۆمەندانەی خێزانەکان و دانانی بناغەی یەکخستنەوەیەکی سەرکەوتووانەی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ ناو کۆمەڵگە.

تا ئەمڕۆ، وەکو گەورەترین بەخشەری دامەزراوەکە، دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی پشتیوانی زیاتر لە 396 پڕۆژە کردووە لە ئەنباردا، کە 78 پڕۆژەیان لە بواری جێبەجێکردندان. ئەم پشتیوانییە بۆ سەقامگیرکردنەوە سوودی بە 1.8 ملیۆن کەس گەیاندووە ، کە زیاتر لە 898,000 کەسیان ژنن.