وۆرکشۆپی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان حکومەتی عێراق و لیژنەکانی ئاشتی نێوخۆیی کۆدەکاتەوە

2020 October 19

وێنە: نوێنەرانی لیژنەکانی ئاشتی نێوخۆیی لە وۆرکشۆپەكەدا لە بەرواری 17 ی تشرینی یەكەم.

نوێنەرانی لیژنەکانی ئاشتی نێوخۆیی کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە پشتیوانی کراون لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدینەوە لە وۆرشۆپێکدا کە لە بەغدا چاویان بە لیژنەی پێکەوە ژیان و ئاشتى كۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق کەوت ، كە لە بەرواری 17 ی تشرینی یەكەمدا سازکرابوو. لە دانیشتنەکاندا گفتوگۆ لەسەر پەیوەندی نێوان کاری لیژنەکانی ئاشتی نێوخۆیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و حکومیی بۆ کارکردن بەرەو پتەوە كردنی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا کرا ، هەروەها ئەو بوارانەی دەکرێت هەماهەنگییان تێدا بکرێت و باشتر بکرێن تاوتوێ کران.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی دانیمارکدا پشتیوانی لە کاری 24 لیژنەى ئاشتی نێوخۆیی لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدیندا دەکات و هەروەها پلان بۆ دامەزراندنی لیژنەی زیاتر دادەنێن لە پارێزگاکانی تردا. ئەم لیژنانە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە چارەسەرکردنی ململانێکان و داکۆکیکردن لە ئاشتی و پێکەوە ژیان و کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاوڵاتیانی ناوخۆ بۆ ئەوەی برەو بدەن بە پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایى لە نێو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا. توانای ئەم لیژنانە بۆ وەڵامدانەوە بۆ پێویستیەکانی ئەندامانی کۆمەڵگە زۆر گرنگە  و زۆر دیار بووە لە سەرەتای دەرکەوتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە کاتێك ئەم لیژنانە پێکەوە لەگەڵ هاوبەشانی حکومەتی نێوخۆیی و کۆمەڵگەی مەدەنیدا کەلوپەلی پاراستنی کەسیی و خۆراک و کەلوپەلی پاکژییان بۆ زیاتر لە 60 هەزار كەس دابین کرد كە لە دۆخێكی ناسكدا ژیان دەژین لە عێراقدا.

وێنە: ستافی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و ئەندامانی لیژنەی پێكەوە ژیان و ئاشتی كۆمەڵایەتی وۆركشپەكە بەڕێوەدەبەن.

زیاتر لە 100 کەس ئامادەی وۆرکشۆپە یەك ڕۆژییەکەی ئەمڕۆ بوون بە هەشتا ئەندامی لیژنەکانی ئاشتەوایی ناوخۆییەوەکە نوێنەرایەتی لیژنەکانی خۆیان دەکرد. ئەم ئەندامانە ڕابەرانی ناوخۆ و کەسانی ئاینی و چاڵاکوانانی مەدەنی و گەنجانی تێدا بوو کە دەستنیشان کرابوون بۆ ئەندامبوون لەسەر بنچینەی گشتگیرێ.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد گوتی:" ئەندامانی لیژنەکانی ئاشتى نێوخۆیی بەشێکن لە پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەکانی خۆیان و گیانی خۆبەخشیی بەرجەستە دەکەن. ئەم کەسانە دەزانن چۆن کاریگەری ململانێکان کەم بکەنەوە و خەڵکی پێکەوە ئاشت بکەنەوە. بەهۆی ئەوەی دەزانن هاریکاری لە کوێدا پێویستە، دەتوانن کاریگەری ئەرێنی و بەردەوام ئەنجام بدەن. وۆرکشۆپەکەى ئەمڕۆ جەخت دەخاتە سەر هەماهەنگییە گرنگەکەی نێوان لیژنەکانی ئاشتى نێوخۆیی و حکومەتی ناوخۆیی، کە بریتیە لە هاوبەشێتیەک هەموومان هیوامان وایە بەردەوام لە بوژانەوەدابێت."

بەرنامەی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کاری هەماهەنگکردنی ئاسانکاریەکان دەکات بۆ ئەم لیژنانە و پڕۆژەکانی تر بە ئامانجی باشترکردنی توانای حکومەت بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لە عێراقدا. پڕۆژە و چوارچێوەی كارەكانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لەچوارچێوەى ئەم بەرنامەیەدا جێبەجێ کراون بە پشتیوانیەکی باشی حکومەتى دانیمارك و ئەڵمانیا.