لەپشتى ڕووداوەکانەوە: تیمى سەقامگیریکردن لە موسڵ بناسە

2021 April 18

دەتانبەینە ئەودیوى ڕووداوەکانەوە بۆ ناسینى تیمى ماندونەناسى  بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق کە کار لەسەر هەوڵەکانى سەقامگیرکردن دەکەن لە موسڵدا.

لەسەرەتاى خستنەگەڕیەوە لە ساڵى 2015 دا، دامەزراوەى کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیرکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئامادەسازى بۆ عێراق کردووە بۆئەوەى بتوانێت بەشێوەیەکى باشتر ژێرخانە گرنگەکان نۆژەن بکاتەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەى گرینگن و بەهۆى جەنگى داعشەوە تێکچوون دووبارە زیندوو بکاتەوە. ئەمە  لە ڕێگەى سوودوەرگرتن لە ئزموون و بەهرە نێوخۆییەکان بەمەبەستى هاریکاریکردنى عێراقییەکان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەى وڵاتەکەیان ئەنجام دراوە. زیاتر لە %95 ى کارەکان لە ڕێگەى گریبەستەوە لەگەڵ کەرتى تایبەتى نێوخۆییەوە ئەنجام دراوە و ئەمەش دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى تێچووەکان و گەشەسەندنى ئابوورى نێوخۆیى و داهاتێکى خێرا دروست دەکات. لە بارەى ئاخۆ ئەم کارە چۆن هاریکاریان بووە بۆ گەشەکردن لە ڕووى ئەزموون و کەسایەتییەوە لەگەڵ هەندێک لە ئەندازیاراندا دواین کە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى موسڵدا کاردەکەن.  

ابراهیم تەیار بناسن، کە ئەندازیارە وکار لە زانکۆى موسڵدا دەکات

ئیبراهیم تەیارى تەمەن 42 ساڵ کە ئەندازیارى شارستانییە دەڵێت: “ئەم کارە هیوایەکم پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەى پاش سەردەمێکى تاریک لە ژێر دەسەڵاتى داعشدا بگەڕێمەوە سەر ژیانە ئاساییەکەى خۆم. کاتێک ئەو کەسانەى ئاوارەبوون و هەوڵەکانمان لە بنیاتنانەوەدا دەبینن، هاندەدرێن بۆئەوەى بگەڕێنەوە ماڵەکانى خۆیان لە موسڵ.” ئیبراهیم لە ساڵى 2017 وە کار لە نۆژەنکردنەوەى پەرتوکخانەى ناوەندى زانکۆى موسڵدا دەکات.  هەروەها دەڵێت “کاتێک دەستمانپێکرد، هێشتا گوێمان لە دەنگى فیشەک بوو لە ڕۆژئاواى شارەکەوە دەهات. کارەکەى خۆمم خۆشدەوێت وەک ئەندازیارێک چونکە ئێمە لەڕێگەى بنیاتنانى ئەو شوێنانەوە کە خزمەت بە خەڵکى دەکەن داهاتوو باشتر دەکەین.”  

بەر لە هاتنى داعش، کتێبخانەى ناوەندى ڕۆڵێکى گرینگى لە لێکۆڵینەوە و کۆبونەوە ڕۆشنبیرییەکاندا دەگێڕالە شارى موسڵدا. زیاتر لە ملیۆنێک پەرتوک و کتێبخانەى ئیلیکترۆنى و ڕۆژنامە و گۆڤارى ئەکادیمى تێدابوو کە گشتیان لە لایەن داعشەوە سوتێنران. هەرکە نۆژەنکرایەوە، هەڵبژاردەیەکى فرەچەشن بە قوتابیان دەدات وەک ژوورى خوێندنەوەى بێدەنگ و ئاسایى و هۆڵى کۆبوونەوە و تاقیگەى کۆمیوتەر و زۆریتر. هەروەها تواناى دەبیت لە یەک کاتدا 1,000قوتابی لەخۆى بگرێت و زیاتر لە 10,000 کتێبى تیادا هەڵبگیرێت.

سەحەر موهەنەد یەحیا بناسن کە ئەندازیارى کارەبایە و کار لە لە زانکۆى تەکنیکى باکور و زانکۆى موسلدا دەکات.

سەحەر موهەنەد یەحیا کە ئەندازیارى کارەبایە دەڵێت: “زۆر ترسناک بوو کاتێک گوێمان لە دەنگى جەنگ بوو و کارمان دەکرد. تەنها بیرم لەو هەموو خانەوادە و منداڵانە دەکردەوە کە پێویستیان بە پشتیوانى ئێمە هەبوو بۆ بنیاتنانەوەى شارەکەمان.” کاتێک سەحەر چووبووە شوێنێک بۆ کارکردن کە پیاوان لەڕووى دابونەریتەوەباڵادەستن تیایدالە عێراقدا، ناچاربوو کارێکى سەخت ئەنجام بدات بۆئەوەى شوێنى خۆى بکاتەوە. لەوبارەیەوە سەحەر دەڵێت: “ بەلاى بەڵێندەر و کارگوزار و بەکارهێنەران ئاسان نەبوو ڕێنوێنى لە ئەندازیاریکى ئافرەت وەربگرن. زۆرم هەوڵدا تواناى پەیوەندیکردنم بەرەوپێشەوە بەرم و لەکۆتاییدا سەرکەوتوو بووم.”  

هەروەها داوا لە ئافرەتانى عێراق دەکات هەمان ڕێچکە بگرنە بەر و دەڵێت: “مەهێڵە هیچ شتێک لەبەردەمتان بوەستێت. وڵاتەکەمان پێویستى بە وزەى لاوانە بۆئەوەى دووبارە بکەوێتەوە سەر پێى خۆى. هەمیشە ئەوەتان بیر بێت کە هیچ وڵاتێک بە شەو و ڕۆژێک بنیات نانرێت، پێویستە بە ئەمەک و بەشیوەیەکى بەردەوام کارى بۆ بکەن.”

هەروەها کارى لە بەشەناوخۆیى کچانى سەر بە زانکۆى تەکنیکى باکور کردووە کە لەم دواییانە نۆژەن کرایەوە. باڵەخانەکە لەلایەن داعشەوە وەک کۆگاى چەک بەکارهاتبوو و چەند بەشیکى تێکدرابوو و سوتێنرابوو. ئەم بەشە ناوخۆییەى کچان کە تازە نۆژەنکراوەتەوە کەشێکى گونجاو بۆ خوێندن و ژیانى زیاتر لە ٢٥٠ قوتابى دابین دەکات.

 

ئەحمەد*. بناسن، ئاندازیارى شارستانییە و کار لە نەخۆشخانەى ئیبن ئەسیردا دەکات

ئەحمەد دەڵێت: “دەکرێت کارکردن بەپێى جۆرى وێرانە زۆر ئەستم بێت. پاداشتى چەندین حەفتە لە کارکردن لەژێر فشاردا ئەو کاتە دێتە دەست کە فەراهەمبوونى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ هاوڵاتیانى موسڵ باشتر دەکەین.”

نەخۆشخانەى ئیبن ئەسیر تاکە نەخۆشخانەى تایبەتمەند بوو بە منداڵان لە پارێزگاى نەینەوادا. سەرەڕاى ئەوەى لە کاتى جەنگى داعشدا لە موسڵ بە تەواوى وێران ببوو، تاکو ئێستا چەند بەشێکى ئەو نەخۆشخانەیە کار دەکات. ئەم نەخۆشخانەیە، کە لە ئێستادا لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە، دەیەوێت 500 کارمەندى پزیشکى و 250 کارمەندى بەڕێوەبردن دابمەزرێنێت بۆئەوەى کارەکانى بەرەوپێشەوە ببات و جۆرى خزمەتگوزارییەکانیشى باشتر بکات.

*ناوەکەى گۆڕدراوە بۆ پاراستنى ناسنامەکەى

ئەشرەف عەبدولقادر ئەحمەد بناسە، کە ئەندازیارى کۆنتڕۆڵ و دڵنیایى جۆرییە، کار لە کۆمەڵەى ئەلشیفادا دەکات

ئەشرەف عەبدولقادر ئەحمەد، کە ئەندازیارى کۆنتڕۆڵ و دڵنیایى جۆرییە، دەڵێت: “کاتێک بەنێو کۆمەڵەى پزیشکى شیفادا گوزەر دەکەم، زۆرکەس وادەزانن من کارمەندى تەندروستیم و داواى هاریکارى پزیشکیم لێ دەکەن. شانازییە بۆ من کە بەشێکم لەم تیمە و کار بۆ گێڕانەوەى ژیان دەکەین بۆ شارى موسڵ.”

ڕۆڵى ئەشرەف بریتییە لە پشکنینى کواڵیتى کار و لەهەمان کاتدا دڵنیاییدان لە جێبەجێکردنى گشت ڕێکارەکانى سەلامەتى و تەندروستى. هەروەها ئەشرەف دەڵێت: “ گرینگى ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە یارمەتیدەرە بۆ گێڕانەوەى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. هەرکە تەواوبوو، ئەم کۆمەڵگا پزیشکییە خزمەت بە زیاتر لە 3 ملیۆن کەس دەکات.” لە ئێستاشدا کارى نۆژەنکردنەوەى هەردوو بەشى تیشک و منداڵبوون لە کۆمەڵگاکەدا بەردەوامە.

حەسەن شێخ بناسە، ئەندازیارە، لە بوارى چاودێرى ڕێکارە تەندروستى و سەلامەتى و ژینگەییەکاندا کاردەکات.

حەسەن دەڵێت: “من کارى سەردانى مەیدانى ڕێکدەخەم، بەزۆرى ئەوانەى ڕانەگەیەنراون بۆئەوەى دڵنیابینەوە لەوەى تیمەکەمان پابەندى ڕێکارە تەندروستییەکانن، لە نێویاندا ڕێکارەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا. هەندێک جار مامەڵەکردن لەگەل تیمەکەماندا ئاستەم دەبێت هەربۆیە ناچار دەبم دووبارە جەخت بخەمە سەر جێبەجێکردنى ڕێکارە تەندروستییەکان. زۆر دڵخۆشم کە پڕۆژەکەمان دەرفەتى کار دەڕەخسێنێت و هاریکارى خەڵکى دەکات تواناى خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت.”

ئەم هەوڵانەى بۆ سەقامگیرى دەدرێن لە موسڵدا لەسایەى کۆمەکى هاوبەشەکانمانەوە هاتووەتە کایەوە وەک ئەڵمانیا بۆ کتێبخانەى ناوەندى زانکۆى موسڵ و نەخۆشخانەى ئیبن ئەسیر و شانشینى یەکگرتووى عەرەبى بۆ کۆمەڵەى پزیشکى شیفا. هەرکە نۆژەنکردنەوە تەواو بوو، نەخۆشخانەکان و کۆمەڵەى ئەل شیفا بە پشتیوانى ئوتراڵیا و دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تییەوە  کەلوپەلیان بۆ دابین دەکرێت.

تاکو ئێستا و لە چوارچێوەى بەرنامەى سەقامگیرکردنەوە، زیاتر لە 1,400 نەخۆشخانە و دامەزراوەى پەروەردەیى لە سەرانسەرى عێراق نۆژەن کراونەتەوە.