ڕاگەیاندن وپێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی لە عێراق: بەگەڕخستنی زنجیرەیەك گفتوگۆی کراوە
2022 خاکەلێوە 29
فۆتۆ: ئامادەبووان لە گفتوگۆیەکی کراوە. 2022
ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بنیادنانی ئاشتییدا لەو وڵاتانەدا کە لە پاش ململانێ دەبووژێنەوە وەکو عێراق. لە کاتێکیشدا دەکرێت ئەوەی لە خشت وچیمەنتۆ دروستکرابوو بنیادبنرێتەوە لە ڕووی ماددییەوە، وەلێ زۆر کات بەشگەلێکی کۆمەڵگا بە دابەشکراویی دەمێننەوە بەهۆی هێڵە نەبینراوەکانەوە. لەمەوە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە عێراق قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ڕۆژنامەگەریی هاووڵاتیی خستەگەڕ بۆ برەودان بە بەشداریی ڕۆژنامەگەریی لە پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتییدا وتواناسازیی بۆ زیاتر لە 200 گەنجی ڕاگەیاندنکار لە پارێزگاکانى ئەنبار وبابل وبەغداد وبەسڕە وزیقاڕ ودیالە وکەربەلا وکەرکوك ونەجەف ونەینەوا وسەلاحەدین وپارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە کە بە هاوبەشیی لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت (CDO) وەك هاوبەشێکی ناوخۆیی و بە دارییدان لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە بەگەڕخراوە، بریتییە لە دابینکردنی کارامەییە تەکنیکییەکان بۆ ڕاگەیاندنکارانی گەنج وبنیادنانی تواناکانیان لە عێراق پەیوەست بە بنەماکانی ئەو ڕۆژنامەگەرییەی هەست بە بەرپرسیاریتیی دەکات لە ڕووی ئیتیکییەوە وگوتاری کینەبەرایەتیی وبنیادنانی ئاشتیی.
وەك بەشێکی سەرەکیی پڕۆژەکەش و لە چوارچێوەی دوازدە گفتوگۆی کراوە ودانیشتنەکانی گەنگەشەکردندا بۆ نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن وئەکادیمیستان ولێپرسراوان وچالاکوانانی پەیوەندیدار، بواری راگەیاندن لەعێراق وئەو دەرفەتانەی ڕەخساون تیایدا وکاریگەریی لەسەر پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی وئاشتبوونەوە لە عێراقدا تاووتوێ دەکرێن. لەوەو دوا سوود وەردەگیرێت لە گەنگەشەکانی نێو ئەم گفتوگۆ کراوانە بۆ دەرچوواندنی ڕاپۆرتی کۆتایی کە بە تێروتەسەلی ئەو بنەمایانە ڕوون دکاتەوە کە دەبێت ڕەچاوبکرێن لەگەڵ ئەو ڕاسپاردانەدا کە تاووتوێ کراون.
فۆتۆ: ئامادەبووان لە گفتوگۆیەکی کراوە. 2022
یەکەم گفتوگۆی کراوە لە بەغدا لە 13ی ئاداری 2022 دا بەگەڕخرا بە بەشداریی تیمێك لە شارەزایان لە نێویاندا نوێنەرانی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوەیی و وەزارەتی ناوخۆ و ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا و وەزارەتی پەیوەندییەکان و تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقیی وزانکۆی بەغدا وهێزە چەکدارەکان ودەزگا جیاوازەکانی ڕاگەیاندن وڕۆژنامەوانان. بابەتەکانی ئەو گفتوگۆیە پێکهاتبوون لە ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە بانگەشەکردن بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی وئاشتیی وپێکەوەهەڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینەبەرایەتیی.
فۆتۆ: سەعيد ئەلجياشیی.2022
"گوتاری کینەبەرایەتیی کاریگەرییەکی نەرێنیی یەکجار گەورەی هەیە لەسەر کۆمەڵگا، بەتایبەتیی لەسەر گەنجان ئەمەش بووە هۆی پێکهێنانی لیژنەی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری کینەبەرایەتیی. ڕۆژنامەوانە گەنجەکان خاوەنی وزە وخواستن بۆ چرکردنەوەی بایەخدان بە ڕۆژنامەگەریی، بەڵام پێویستیان بە تواناسازیی و لە نزیکەوە کار کردن لەگەڵ میدیا جیهانییەکان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان".
- سەعيد ئەلجياشیی ڕاوێژکاری ستراتيژیی لە ئۆفیسی ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی.
فۆتۆ: د.محەمەد سەلام. 2022
"دەبێت ڕۆشنبیران وڕۆژنامەوانان وکەسانی کاریگەر کار بکەن لە پێناو بەرپەرچدانەوەی گوتاری کینەبەرایەتییدا. کارکردن لەگەڵ گەنجان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا وئازادیی ڕادەربڕین زۆر گرنگە بەوپێیەی ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبوو لە بڵاوکردنەوەی زانیارییدا لەکاتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) . ئەمێستا من لێرەوە بانگەواز لەڕۆژنامەنووسان دەکەم کە بەردەوام بن لە کارە پڕبایەخەکەیان".
- د. محەمەد سەلام جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی متمانەداران لە تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقیی.
فۆتۆ: د. هاشم ئەلتەميمیی. 2022
"ئێمە پێویستمان بەوەیە خەڵك ڕۆشنبیر بکەین بۆ ئاشنابوون بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیاندندا بکەن بە گشتیی بۆ ئەوەی بتوانن جیاوازیی بکەن لە نێوان ئەوەی نەرێنییە وئەوەی ئەرێنییە لە ناوەڕۆکدا. ڕۆژنامەوانە گەنجەکان ئاییندەی ڕۆژنامەگەریین ودەبێت ئەو گوتارەی کۆمەڵگا یەکدەخات وجەخت لەسەر نەتەوەسازیی دەکاتەوە بکەن بە کاری لە پێشینەیان".
-د. هاشم ئەلتەميمیی ، ڕاگری کۆلێژی ڕاگەیاندن لە زانکۆی بەغدا
بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق لە ساڵى 2020 دا، بەرنامەیەکى پێنج ساڵیى بەگەڕخست بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیى و برەودان بە کۆمەڵگەگەلێکی بەهێزتر وئاشتیخواز کە زیاتر پێکەوەهەڵکردووبن لە سەرتاسەری عێراقدا.