هەشتا پەیامنێرى لاوى کۆمەڵگا وێنەى گۆشەنیگاى نایابى کۆمەڵگا نێوخۆییەکان دەگرن

2020 November 5

وێنە: مونتەزەر سەلیم ئەل حوریشاوى 25 ساڵان، کە خەڵکى میسانە گوتى: "پەرەم بە تواناکانى خۆم دا و توانیم سەرگوزەشتەى خەڵکى ناوچەکەم بخەمە ڕوو وەک پەیامنێرێکى کۆمەڵگا و ڕۆژنامەوانێک." وێنەکان: بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/ 2020

هەشتا لاو، کە پێکهاتبوون لە ئاوارەى نێوخۆیى و ئەندامانى کۆمەڵگاى لەخۆگر و پەنابەرى سورى پاش تەواوکردنى خولێکى ڕاهێنان لەسەر ڕۆژنامەوانى پەخش و فۆتۆگرافى، بوون بە پەیامنێرانى کۆمەڵگا. یەک لەسەر سێى ئەوانەش ئافرەتن.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستا بە دروستکردن و توانادارکردنى ئەم تۆڕەى پەیامنێران بەمەبەستى بەدەستگەیشتنى بۆچوونى کۆمەڵگاى نێوخۆیى و ڕاى تایبەتیان لەبارەى پڕۆژەکانى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و بابەتى تر. لەهەمان کاتدا ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەنجان بۆ فێربوونى پیشەیەک وز دەستکەوتنى کار.

خولەکە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش کرابوو: یەکێکیان لەچوارچێوەى بەرنامەى بەرەوپێشەوە ، کە لەلایەن سندوقى متمانەى هەرێمى سەر بە یەکێتى ئەوروپا بۆ بەدەمەوەچوونى قەیرانەکانى سوریا"کۆمەکى مەداد" کۆمەک کرابوو و دووەمیان لە چوارچێوەى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لەعێراقدا لەڕێى پەرەسەندنى نێوخۆییەوە ، کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک کراوە ئەنجام درا.  خولى ڕاهێنانەکە لە شارى هەولێر و لە مانوەى نێوان 30-21 ئەیلولى 2019، بۆ  گروپى یەکەم، و 1-5 ى کانونى یەکەمى 2019، بۆ گروپى دووەم، ئەنجام درا، و پاشانیش ڕاهێنانەکە لەدوورەوە و بەبەکارهێنانى ئەرکى پڕاکتیکى تاکو ئاب/ئەیلول ى 2020 بەردەوام بوو.

ڕاهێنراوەکان خەڵکى شارەکانى بەسڕە و هەولێر و دهۆک و میسان و نەینەوا و سلێمانى و زیقار بوون. هەروەها لەبەر ئەم تەنگەژە تەندروستییە جیهانییە نەتوانرا ئاهەنگێکى دەرچوونى شایستەیان بۆ ڕێکبخرێت بۆئەوەى بە بۆنەى دەستکەوتەکانیانەوە ئاهەنگ بگێڕن. هەر بۆیە لە سەرەتاى تشرینى یەکەمدا بڕوانامەکانیان بەىشێوەیەکى ئیلیکترۆنى بەدەست گەیشت.

مونتەزەر سەلیم ئەل حوریشاوى 25 ساڵان کە خەڵکى میسانە پێی گوتین: "زۆر دڵخۆشم کە داجار بڕوانامەکەم لە بوارى ڕۆژنامەوانى پەخشدا بەدەست گەیشت. ئەمە ئەزموونێکى بەنرخ و لەبیرنەکراو بوو کە توانیم لە ڕێگەیەوە تواناکانم بەرەو پێشەوە ببەم و هەروەها بتوانم چیرۆکى ڕاستەقینەى دانیشتوانى شارەکەم بگوازمەوە وەک پەیامنێرێکى کۆمەڵگا و ڕۆژنامەوانێک." مونتەزەر پەیامنێرێکى ئازاد ڕاپۆرت بۆ سێ تۆڕى تەلەفزیۆنى ئامادە دەکات.

ڕاهێنراوەکان فێرى هەریەکە لە بابەتەکانى ڕۆژنامەوانى و تەکنیکەکانى وێنەى ڤیدیۆیى و فۆتۆگرافی و گێڕانەوەى چیرۆک لەڕێگەى وینە و ڕاپۆرتکردن بەرامبەر کامێرا و نوسین و پێداچوونەوە و زۆر بابەتى تر بوون. لەهەمان کاتدا ڕاهێنەران بەشداربووانیان ئاشناکرد بە خوڕەوشتى ڕۆژنامەوانى و مافەکانى مرۆڤ و ڕەگەز و یاسا بەرکارە پەیوەندیدارەکان.

"یەکێک لە لایەنە گرینگەکانى ئەم خولە بریتیبوو لە جێبەجێکردنى زانیاریەکان بەشێوەیەکى پڕاکتیکى لەڕێگەى کارى ڕاستەقینەوە. ئێستا دەتوانم بەشێوەیەکى باشتر چیرۆکەکان لەڕێگەى هاوێنە و گۆشە نیگا و قوڵی و بەکارهینانى ڕووناکییەوە بگێڕمەوە،" ئەمە گوتەى فەرەح عەبدولجەبار ى 22  ساڵانە کە دانیشتووى زیقاڕە و بڕوانامەى لە بوارى ڕۆژنامەوانى فۆتۆگرافیدا بەدەست هێناوە.

بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستاوە بە ئەنجامدان و ئاسانکاریکردن لە بوارى گرێبەستکردنى پەیامنێرانى کۆمەڵگادا بۆ ڕووماڵکردنى زیاتر لە 30 چاڵاکى و کارەکانیانى بڵاو کردووەتەوە و لە چوارچێوەى بەرنامە جیاجیاکاندا لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەردەوام دەبێت. ئەو بەرنامانەش، سەرەڕاى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لە ڕێگەى پەرەسەندنى نێوخۆیى و بەرنامەى بەرەوپێشەوە،بریتین لەهەر یەکە لە  دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن و تەبایى کۆمەڵایەتى و بەدەمەوەچوونى قەیرانەکانى عێراق و خۆڕاگری. کەمپینى با کۆرۆنا ببەزێنین و ڤیستیڤاڵی کورتە فیلمى بەرەوپێشەوە و سەردانەکان لە ئاستى باڵا و واژۆکردنى ڕێککەوتننامەکان لەنێو ئەو چاڵاکییانەدا بوون کەڕووماڵیان کردبوون. هەندێک لە پەیامنێرەکان لەلایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێى مرۆیی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و میدیا نێوخۆییەکانەوە گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە. 

" خولى ڕاهێنانى پەیامنێرانى کۆمەڵگا زۆر هانیدام،" ئەمە گوتەى بەریق فەوزی تاهیرى 24  ساڵانى دانیشتوى بەسڕەیە. خولیاکەى بۆ ڕاپۆرتکردن گەیاندوویەتیە ئاستێکى بەرزتر بە شێوەیەک کە هەستاوە بە دامەزراندنى دامەزراوەیەکى میدیایى نێوخۆیى لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجدا. هەروەها گوتى " کارى عێراق پڵەس بریتییە لە ڕووماڵکردنى هەواڵەکان بەشێوەیەکى بێلایەنانە و ڕاستگۆیانە و پشتیوانیکردنى بەهرەى لاوان و دەرخستنى دۆەزانیان."

ڕاهێنراوەکانى تریش هەنگاوى دیاریان ناوە. ڕووگەش عەدنان یاسینى 23 ساڵان، کە پەنابەرێکى سورییە و لە کەمپى قوشتەپەى نزیک شارى هەولێر نیشتەجێیە، گوتى: " هەستام بە ڕێکخستن و میوانداریکردنى دوو نمایش بۆ دانیشتوانى کەمپەکە. یەکەمیان بریتیبوو لە نمایشێکى کلتورى لەگەڵ زانیارى سەرنجڕاکێش و پەندى پێشینان و دیاری لە لایەن فرۆشگاکانى نێو کەمپەکەوە دابین کرابوون. پاشان نمایشێکى ترى بەدوادا هات و هەستا بە نیشاندانى دەستەواژەى کوردى/عەرەبی و شێوازى وەرگێڕانیان بۆ پەرەپێدانى زانیارى زمانەوانى و بەرەوپێشبردنى تێگەیشتنى کلتورى و تێکهەڵکێشبوون."

ڕووگەش یەکیک بوو لەو 11 پەنابەرانەى لە چوارچێوەى بەرنامەى بەرەوپێشەوەدا ڕاهێنانى پێکرا لە زانکۆى کوردستان هەولێردا، لە شارى هەولێر. هەر وەک پەیامنێرانى ترى کۆمەڵگا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستا بە دابینکردنى دەرفەتى داهات و پەیداکردنى ئەزموون بۆى لە ڕێگەى ڕووکاڵکردنى بۆنەکانەوە. هەروەها 10 کەس لە ئاوارەى نێوخۆیى لە نێو ڕاهێنراوەکاندا بوون، کە یەکێک لەوانە لینا محمد عتێوی 23 ساڵانە، کە خێزاندارە و دایکى 3 منداڵە. خۆى و خانەوادەکەى بەهۆى جەنگى دژ بە داعشەوە شارەکەى خۆیان جێهێشتووە کە ئەنبارە. بۆ ماوەیەک لە نەینەوادا ژیانیان بەسەر برد و پاشان چوون بۆ هەولێر. بەڕێزیان گوتى: "ویستم جیهان کاریگەرى جەنگ و ئاوارەبوون بەسەر خۆمان و منداڵەکانمانەوە ببینێت. یەکێک لە سەرەکیترین چیرۆکە وێنەییەکانى کە من کارم لەسەری کرد لەبارەى ئەو منداڵە ئاوارانەوە بوو کە شتیان دەفرۆشت بەرامبەر بە پارەیەکى کەم بۆ ئەوەى بژێوى خانەوادەکانیان دابین بکەن. زۆر دڵخۆشم کە لەڕێگەى خولى ڕاهینانى پەیامنێرانى کۆمەڵگاوە توانادار کراوم نەک تەنها بۆ ڕووماڵکردنى چیرۆکەکانى مەینەتى، بەڵکو ئتوانم ئەوانەش بگوازمەوە کە مژدەبەخشن بۆ داهاتوویەکى باشتر."

 

بڕوانە ڤیدیۆکانى ڕاهێنانى یەکەمى پەیامنێرانى کۆمەڵگا  و خولى ڕاهێنانى دووەم  لەسەر یوتیوب و وێنەکانى ڕاهێنانەکان"gallery" لە ئەلبومى یەكەم و ئەلبومى دووەم لەسەر فۆتۆ شێڵتەر.