چیرۆکەکانی خۆڕاگری: نائلە و ڕەشا و ئانو توانیان بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵبن

2022 March 8

ژنان لە ناوەندێکی ڕاهێنانی پیشەیی لە تکریت.

لە ڕۆژی جیهانیی ژنانی ئەم جارەدا، ئێمە لەگەڵ سێ ژنی عێراقییدا دوواین لە گەشتەکەیاندا بۆ بنیادنانەوەی ژیانیان لە دوای ململانێی  داعش. ئەوان بەم جۆرە بۆمان دووان.

هەموو ساڵێك ئەم ڕۆژە هۆکارێکە بۆ پیرۆزکردنی دەستکەوتە هەمەجۆرەکانی ژنان و بانگەشەی چالاکیی دژی هەموو شێوازەکانی نایەکسانیی جێندەریی. تێمای ئەمساڵیش شکاندنی لایەنگیریی وکۆتاییهێنانە بە حوکمدانی پێش وەخت دژی ژنان وکچان.  ئێمە ئەمڕۆ بانگەواز دەکەین بۆ کردار بۆ شکاندنی هەمان ئەو لایەنگیریی و ئەو حوکمدانە پێش وەختانەی بە ژنان و کچان دەڵێن کە شتگەلێك هەن وەکو کار وخوێندن ئەوان ناتوانن ئەنجامیان بدەن.

لە عێراق ئەم لایەنگیرییە جێندەرییانە بەدەستهێنانی یەکسانی ژنان وکچان بۆ کار وخوێندن سنووردار دەکەن. زۆربەی ژنان بێکارن، بەهۆی ئەوەی کە تێڕوانینە نێرینەکان زۆر جار ڕۆڵی "دابینکار" ی بژێویی دەدات بە پیاوان و ڕۆڵەکانیان لە ناو ماڵدا قەتیس دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ڕۆژێك ژنانی عێراق بەربەستەکان تێکدەشکێنن و ئەم تێڕوانینانە دەگۆڕن، تاوەکو داهاتێك پەیدا بکەن ودەستگیرۆیی خێزانەکانیان بکەن - وەك نائلە و ڕەشا وئانو.

لە دیالە وسەلاحەدین، ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکیی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کاردەکات بۆ پشتگیرییکردنی ئەو ژنانەی ئامانج وخواستی ئابوورییانەیان هەیە. ئەم پشتگیرییە بە شێوازی جیاواز دەبێت: چالاکییەکانی پارەی كاش لە بەرانبەر کاردا، وەکو ئەوەی نائلە بەشداریی تێدا کرد؛ ڕاهێنانی پیشەیی، وەکو ئەوەی ڕەشا وەریگرت؛ کۆمەکەکانی پڕۆژەی ئابووریی وەکو ئەو کۆمەکەی یارمەتیی ئانوی دا بۆ دامەزراندنی پڕۆژە ئابوورییەکەی.

نائلە وژنانی تر لە نەمامگەیەك گژوگیا بژاردەکەن وەک بەشێك لە چالاکییەکانی پارەی كاش لە بەرانبەر کاردا لە خاڵس، دیالە.

چیرۆکی نائلە *

نائلەی تەمەن 34 ساڵ بەشدارییکرد لە چالاکییەکانی پارەی كاش لە بەرانبەر کاردا لە نەمامگەیەك لە شاری خاڵس سەر بە دیالە. "من پێشتر هیچ جۆرە کارێکم نەبوو - ئەوە یەکەم دەرفەت بوو کە لە ژیانمدا هەمبووبێت، و دەرفەتێکی سەرسوڕهێنەر بوو. هەست بە پەرۆشیی دەکەم تا زیاتر کار بکەم و لە ژیانمدا بەرەو پێشەوە بڕۆم".

دەشێت بارودۆخ لە خاڵس پڕ ئاڵنگاریی بێت بۆ ئەوەی هەلی کار بدۆزیتەوە هەروەك نائلە ڕوونی دەکاتەوە "هەلی کار نییە. خەڵکیی زۆریان بێکارن بەتایبەتیی ژنان، وقورسە داهاتێك پەیدا بکەیت". پێکەوە خۆی و براکەی – کە وەك کرێکاری ڕۆژانە کار دەکات -  ئەرکی دابینکردنی بژێویی خێزانە گەورە 14 کەسییەکەیان لەسەر شانە.

ئەو تێڕوانینەی لە کۆمەڵگەدا هەیە کە ژنان ناتوانن کار بکەن لە ماوەی ئەم چالاکییەدا گۆڕا. هەر وەك نائلە دەڵێت" کاتێك ژنان بەشدارییان لە پرۆژەکەدا کرد ئەو چەمکەی گۆڕی کە ژنان رێگە پێدراونیین کار بکەن. [کۆمەڵگە] بۆی دەرکەوت کە ژنان دەتوانن بەشداریی لە هەندێك جۆری دیارییکراوی کاردا بکەن".

ئەگەرچیی لە ڕاستییداچالاکیی پارەی كاش لە بەرانبەر کاردا تەنها 40 ڕۆژی خایاند، پڕۆژەکە کاریگەریی درێژخایەن تری هەبوو لەسەر نائلە. " من بە دوو شێواز وەبەرهێنانم  بە پارەکەم کرد. یەکەم، من بڕێك لە پارەکەم لە چارەسەرکردنەکەی دایکمدا خەرج کرد لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشە. دووەم، بڕێکیش لە پارەکەم به کارهێنا بۆ ئەوەی پڕۆژه بچوکەکەم دابمەزرێنم. ئامێرێکی درومانم کڕیی و دەستم کرد بە تەتڕیزکردنی پۆشاکەکان بۆ خانەوادە و دراوسێکان".

نائلە باسی ئەوەش دەکات کە ئەو لە دایکییەوە فێری درومان بووە ئەو دەمەی منداڵ بووە، هەروەها بوون بە بەرگدروو هەمیشە  خەونێك بووە. بەڵام هەر لەوێدا کۆتایی نایەت - ئەو گەلێ پلانی گەورەی هەیە. "پلانی من ئەوەیە وۆرکشۆپێك بکەمەوە بۆ ئەوەی خانمان فێر بکەم چۆن درومان بکەن. بەوەش، من دەتوانم کارەکەم فراوان بکەم، دەرفەتەکان بۆ ژنان بڕەخسێنم، و خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش بە جڤاکەکەم بکەم".

ژنان بەشداریی دەکەن لە وۆرکشۆپی درومان لە تکریت.

چیرۆکی ڕەشا*

ڕەشای تەمەن 23 ساڵ لە کاتی ململانێیەكان لەگەڵ داعشدا لەگەڵ خانەوادەکەی  ئاوارە بوو. ئەو ئێستا لە تکریت دەژیی. ئەو نەیتوانی بگەڕێتەوە زێدی خۆی بەهۆی ئەوەوە کە وێران بووە. " کاتێك شەڕ لەگەڵ (داعش) بەرپابوو، لە ناوچەکەدا بۆمباران هەبوو. لەبەر ئەوە، هەر وەك چۆن هەموو خێزانەکان وایانکرد، ئێمە ناچار بووین بەرەو ناوچەی سەلامەتتر هەڵبێین. خۆزگە دەخوازم کە بمانتوانیایە بگەڕێینەوە بۆ ئەو شارەی کە زێدمانە، کە بتوانین خانووەکەمان بنیادبنێینەوە و نزیك بین لە خزمان و دۆستانمان". یەکێکی تر لە بەربەستەکان بۆ گەڕانەوەی ڕەشا بۆ زێدی خۆی نەبوونی هەلی کارە.

لەکاتێکدا باوکی ڕەشا موچەیەکی کەمی خانەنشینیی وەردەگرێت لەکاری پێشووی وەك فەرمانبەرێکی حکومیی، و براکەی وەك کرێکارێکی ڕۆژانە کاردەکات، ئەو دەڵێت ئەوە بەشی  دابینکردنی بژێویی خێزانە حەوت کەسییەکەیان ناکات. ئەو بە پەرۆش بوو بۆ یارمەتییدان بەڵام دڵنیا نەبوو لەوەی چۆن دەست پێ بکات. ئەو دەڵێت " ئاڵنگاریی سەرەکیی من ئەوە بوو کە هیچ پێشینەیەکی  پیشەییم نەبوو. هەمیشە دەمویست یارمەتیی [براکەم وباوکم] بدەم بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خێزان ویارمەتییان بدەم لە بنیادنانەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکەماندا".

بەڵام ڕەشا دەڵێت، ژنان وابەستەکراون بە هەندێك ئیشەوە بەهۆی نەریتە جێندەرییەکانەوە. "ژنان لە کۆمەڵگەکانماندا بوارێکی سنوورداریان هەیە  بۆ دۆزینەوەی کاری گونجاو و پەسەندکراو، لە کاتێکدا پیاوان هەموو ئەو بوارانەیان هەیە کە پێویستیانە و دەتوانن لە هەر بوارێکدا ئیش بکەن".  درومان، وەك ئەو دەڵێت، یەکێکە لەو کارە کەمانەی بەلای جڤاکەوە پەسەند کراون. ئەو دڵخۆش بوو بە بیستنی ئەوەی کە ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکیی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ڕاهێنانێك پێشکەش دەکەن. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە "ئەم  جۆرە ڕاهێنانانە دەرفەتێك دەدەن بە خەڵك بۆ ئەوەی داهات پەیدا بکەن و كارێك بۆ بژێویی ژیانیان بدۆزنەوە. ئەگەر ئەم ڕاهێنانه نەبووایە من بێ کارامەیی دەبووم، هەروەها هەرگیز دەرفەتی ئەوەم نەدەبوو پڕۆژەیەك دابمەزرێنم یان تەنانەت ئیشێکم دەست بکەوتایە".

پاش ڕاهێنانەکە، ڕەشا هەوڵ دەدات پڕۆژەکەی خۆی دابمەزرێنێت. لە کاتێکدا ئەوە هەنگاوی داهاتوویەتی، ئەو دیدگایەکیشی هەیە بۆ داهاتوو. "خەونی من ئەوەیە ببمە بەرگدروویەکی بەناوبانگ، کارەکەم فراوان بکەم و ئەو ژنانە بخەمەسەر کار کە نەدارن، بەتایبەتیی ژنانی جیابووەوە وبێ هاوژین (بێوەژن). من دەشمەوێت هێندە پەیدا بکەم بۆ ئەوەی خانووەکەمان بنیادبنێمەوە وبگەڕێمەوە زێدی خۆمان".

چیرۆکی ئانو*

ئانوی تەمەن 28 ساڵ، ژنێکە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە و لە تکریت دەژیی لەگەڵ دایك و برا و براژنەکەی و برازاکەیدا. خێزانەکەی و ئەو لە کاتی شەڕی داعشدا ئاوارە بوون. مەخابن، ئەو براکەی و باوکی لە دەستدا لە کاتی ململانێکەدا. ئەمه ئانوی کرد بە تاکە بەخێوکاری خانەوادەکەی.

لەو کاتەوەی ئانو گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، وەك خۆی دەڵێت،" بارودۆخەکە بەرەو باشتر چووە بەڵام وەك جاران نییە پێش ململانێکە. ئەو کات ئارامتر بوو بە هەلی کاری زیاترەوە".

به وتەی ئانو، ئەم دۆخە بۆ ژنان بەتایبەتیی تر ئاڵنگاریی تێدایە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، هەرچەندە ئەو سەرەنجام توانی ئیش بدۆزێتەوە له دەرمانخانەیەك. " وەك ژنێکی گەنجی جیابووەوە، بەڕاستی ئەمە مایەی ئاڵنگاریی بوو بە هۆی داب ونەریتی خێڵەکییەوە کە ڕێگەنادات ژنان لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن. کارکردن لە دەرەوەی ماڵ منی خستە ژێر گوشاری کۆمەڵگەوە و من کەوتمە بەر ڕەخنەی خزمە پیاوەکانم. [بەڵام] پێویستیی بۆ داهاتێك هانی دام هەموو ئەوانە فەرامۆش بکەم و بەردەوام بم لە کارکردن".

لە کاتێکدا دۆخی ئەو و خێزانەکەی باشتر بوو کاتێك ئیشەکەی دۆزیەوە، ئانو هیوای خواست کارێکی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت بە بەکارهێنانی کارامەییەکانی لە ئامادەکردنی خواردندا. "من لە ئامادەکردنی خواردندا باشم، بەڵام پێویستم بە پشتیوانیی دارایی هەبوو بۆ فراوانکردنی کارەکەم. [و] من هیچ هۆشیارییەکم نەبوو لە کارگێڕیی کاردا". پاش ڕاهێنان کە ئانو دەڵێت یارمەتییدا بۆ فێربوونی بازاڕکردن و دارایی و کارگێڕیی کار، ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکیی و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پشتیوانییان کرد بە کۆمەکێك بۆ یارمەتییدانی لە دامەزراندنی پڕۆژەکەی خۆیدا بۆ ئامادەکردنی ژەمەکان لەسەر خواست. ئەو دەڵێت ئێستا لە هەموو ناوچەکەوە داخوازیی وەردەگرێت وتەنانەت کارمەندێکیشی خستۆتە سەر کار - ژنێکه کە وەك خۆی گەڕاوەتەوە بۆ تکریت دوای ئاوارەبوونی بەهۆی ململانێکەوە. ئەو دەڵێت "کڕیارەکانم بە تەواوی لە کارەکەم ڕازین و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی داواکارییەکان لە زیادبووندایە".

ئانو دەڵێت ئەو پێی خۆشە خۆی سەرکاری خۆیەتی و دەتوانێت پشتگیریی ئەوانی تر بکات پاش ئەوەی لەلایەن زۆر کەسەوە یارمەتیی دراوە ئەو کاتەی کە لە ئاوارەییدا بووە. لەوەش زیاتر، ئەو دەڵێت پێی خۆشە کە ژنە و پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی هەیە لە کۆمەڵگەیەکی " پڕئاڵنگاریی" دا. هەروەها دەشڵێت "ژنان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبنەوە بەوەی لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن. کارکردن لە نێو پیاواندا لە کۆمەڵگەکانماندا قەدەغەکراوە. بەڵام پیاوان ئازادن لە هەر بوارێکدا بێت کاربکەن و لە هەر شوێنێك بێت".

ئانو ئێستا لە ماڵەکەیەوە کارەکەی بەڕێوە دەبات، بەڵام وەك نایلە و ڕەشا، ئەو دەڵێت خەونی گەورەتری هەیە. "[لە ئێستادا،] پڕۆژەکەم لە ماڵەکەی خۆمدایە، بۆیە ئەمە نابێتە مایەی کێشە وگرفت لەگەڵ کۆمەڵگەدا. من ڕێز لە داب و نەریتەکانی جڤاکەکە دەگرم. بەڵام لەوەودوا [دەمەوێت] ڕێستۆرانتێکی گشتییم هەبێت لە بازاڕدا بە تەنیشت کار وکەسابەتی  پیاوانەوە. من گەلێ ئاڵنگارییم هەیە، وەلێ من ئامادەم بۆیان. هیوادارم بەم زووانە ئەنجامی بدەم، چونکە خەونەکەم ئەوەیە براندی خۆمم هەبێت و لە هەموو شارێکدا لقێك بکەمەوە".

پشتیوانیی بۆ ژنانی وەک نایلە و ڕەشا و ئانو لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە پێشکەشکرا کە لەلایەن ئەنجومەنی پەنابەرانی دانیمارکیی بە هاوبەشیی جێبەجێکرا لەگەڵ بەرنامەی هەستانەوە وبەدەنگەوەچوونی قەیران لە عێراق ‌سه‌ر به ‌به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌ بۆ په‌رپێدان. ئەم کارەش توانرا ئەنجام بدرێت بەهۆی کۆمەکێکی دارایی دەستكراوە کە لەلایەن ئەمەش بە کۆمەکی دارایی لەلایەن وەزارەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ بۆ پەرەپێدان، لەڕێی بانکی پەرەپێدانی ئەڵمانیاوە دابین کراوە.

*ناوەکان گۆڕاون بۆ پاراستنی ناسنامەی ئەو ژنانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە