هاتنەدەرەوە لە جەنگ: چیرۆکى وەنسا لە بنیاتنانەوەى ژیانیدا

2021 April 22

وەنسا چیرۆکى خۆى دەگێڕێتەوە لە بنیاتنانەوەى ژیانى خۆیدا پاش کاریگەرییە وێرانکەرانەکانى جەنگى داعش. ڕێگاکە سەخت بوو، بەڵام لەهەموو کاتێک زیاتر سوورە لەسەر ئامانجەکەى.

وێنە: وەنسا عاید ئەحمەد ى تەمەن 42 ساڵلەدەرەوەى کارگەى چنینى وەلەدى وەستاوە لە ڕۆژئاواى موسڵ.

کاتێک داعش موسڵى داگیر کرد لە ساڵى 2014 دا، ئەم داگیرکارییە کاریگەرییەکى وێرانکەرى هەبوو بەسەر موسڵەوە و کاریگەرییەکى بەرچاوى هەبوو بەسەر ژیانى ئافرەتان و منداڵانەوە. زۆرێک لە خانەوادەکان خۆشەویستانیان لەدەستدا و ماڵەکانیان خاپور بوو و بژێوى ژیانیان لەناوچوو.

بۆ وەنسا عاید ئەحمەدى تەمەن 42 ساڵ کە دایکى سێ کچ و کوێگە، ئەزموونێکى قورسى بەڕێکرد پاش ڕزگارکردنى شارەکە لەساڵى 2017 دا. لەو نێوەندەدا، وەنسا کوڕەکەى و کچێک و هاوژینەکەى لەدەستدا. وەنسا لەو بارەیەوە بە دڵێکى پڕ لە ئازارەوە دەڵێت: “ڕوداوێکى زۆر پڕ سو بوو کاتێک بەهۆى هێرشێکى موشەکییەوە لەکاتى جەنگەکەدا منداڵەکانم لەدەستدا. لەولاشەوە ڕۆژێک هاوژینەکەم چوو بۆ سەر کار و هەرگیز نەگەڕایەوە. هەندێک دەڵێن کە بەهۆى هێرشى موشەکییەوە کوژراوە.” لە ئێستادا وەنسا لەگەڵ خانەوادەکەیدا لە گەڕەکى حرمەت دەژى لە ڕۆژئاواى موسڵ.

لەکاتێکدا وەنسا و خانەوادەکەى دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ زیانەکاندا بگونجێنن، داهاتێکى جێگیریشى نییە. ئەو سەرکردایەتى خانەوادەکەى دەکات و بژێوى ژیانیش بۆ منداڵەکانى دابین دەکات. لەو بارەیەوە دەڵێت: “ناخۆشى زۆرم بینیوە لە ژیاندا. بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت بموەستێنێت. من سوورم لەسەر پاراستنیان و دابینکردنى ژیانێکى باشتر بۆ منداڵەکانم.”

بەمەبەستى پەیداکردنى بژێوى ژیان بۆ منداڵەکانى، وەنسا دوکانێکى بچوکى شیرینى بەڕێوە دەبات لەدەرەوەى ماڵەکەیدا. هەروەها چاودێرییکى تایبەتى کچەکەى دەکات کە لەهەمان ئەو هێرشەدا کە منداڵەکانى تیادا کوژران بینایى چاوەکانى لەدەست داوە چونکە ئەم ڕووداوە وایلێکردووە نەتوانێت هیچ چاڵاکییەک ئەنجام بدات و بچێت بۆ قوتابخانە. وەنسا دەڵێت: “ئەگەر لە مانگێکدا داهاتەکەم باش بێت بڕەکەى دەگاتە نزیکەى 250-300 دۆلارى ئەمریکى لە فرۆشتنى شیرینیدا. ئەمەش هاریکارمانە لە دابینکردنى خواردن و چوونەبەرخوێندنى منداڵەکان.”

سەرەڕاى ئەوەى داهاتەکەى لە فرۆشگاى شیرینیەکەدا هاریکاربوو لە پەیداکردنى بژێویدا، بەڵام بەشى تێچووى خوێندن و چارەسەرى پەیشکى نەدەکرد کە لە کەڵەکەبووندابوون. هەندێکجار هانا بۆ دراوسێ و خزمەکانیان دەبات، و لەو بارەیەوە گوتى: “پارەم لە خزمان و هاوڕێکانم قەرز کردووە لە گەڕەکەکەدا. ئەو ئازارەى بەیەکەوە چەشتوومانە وایلێکردووین هەست بە بەرپرسیارێتى بکەین بەرامبە بە یەکترى. سەرەڕاى ئەوەش، من پارە قەرزاریانم.” شایانى باسە کە قەرزەکانى سەرى گەیشتووە بە 3,000 دۆلارى ئەمریکى.

بەمەبەستى دانەوەى قەرزەکانى، وەنسا دەستى کردووە بە گەڕان بەشوێن سەرچاوەى ترى داهاتدا، “ ئەو داهاتەى لە فرۆشگاى شیرینیەکەدا دەستم دەکەوێت بەپێى پێویست نەبوو. بەشوێن کاردا گەڕام و لەو کاتەدا دەرفەتى کاش بەرامبەر پارە هاتە پێشەوە بۆم.”

وێنە: وەنسا عاید ئەحمەد سوورە لەسەر پشتیوانیکردنى خانەوادەکەى و پەیداکردنى بژێوى بۆیان. سەرچاوە: مرینالینى سانسانام/ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

وەنسا لەڕێگەى هاوڕێکانیەوە گوێبیستى دەرفەتێکى کار بوو بۆماوەى 40 ڕۆژ. بە دەنگێکى جیاوازەوە لەوەى پێشووى، بە دڵخۆشییەوە باسى ئەو هەواڵەى کرد کە لە ڕۆژى پێنجشەممەدا پێیان دابوو کە ڕۆژى یەکشەممە دەتوانێت بچێتە سەر کار و دەڵێت” خەڵکى پێیان گوتم کە دەرفەتێکى کار هەیە داوا لە خەڵکى دەکەن ئەو خاشاکەى چواردەورى گۆڕەپانى تۆپى پێ خاوێن بکەنەوە. پێیان گوتم کە ئەگەر ئارەزووم لێیەتى دەبێت داواکارى پێشکەش بکەم. منیش داواکاریم پێشکەش کرد و هیوادار بووم وەربگیرێم.”

ئەمە دەرفەتى کاش بەرامبەر کار بوو بۆ هەڵگرتنەوەى خاشاک و هاریکاریکردن لە بنیاتنانەوەى موسڵ. ئەمە لە ڕێگەى دامەزراوەى کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیرى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانەوە بە پشتیوانى وڵاتى ئەڵمانیا جێبەجێ کرا. ئامانجى پڕۆژەکە بریتییە لە گەیاندنى داهاتێکى فریاگوزاریانە و لە هەمان کاتدا ژیاندنەوەى ژێرخانى کۆمەڵایەتى. ئەمە هاریکارى چەندین کەسى وەک وەنساى کردووە بۆ دانەوەى ئەو قەرزانەى بە هۆى جەنگەوە دروست بوون و لە هەمان کاتدا پشتیوانییەک بووە بۆ تێچووى ڕۆژانەى خانەوادەکانیان.

لەکاتێکدا ئەمە داهاتێکى بەپەلەى بە وەنسا بەخشى، ئەو توانى زیاترى بکات بەوەى نیوەى قەرزەکانى پێى دایەوە و ئەوى تریشى لە شیرینەمەنییەکەدا خستە وەبەرهێنانەوە. “ ئەمە تەنها قورسایى لەسەر شانم لانەبرد، بەڵکو هاریکارم بوو کەرەستەى خاو و کەلوپەل زیاتر بۆ فرۆشگاکەم بکڕم. لەو کاتەوە، ئاستى بەرهەمهێنانم بەرز کردووەتەوە و داهاتم بووە بە دوو ئەوەندەى پێشتر لە فرۆشگاى شیرینەمەنییەکەدا دەستم دەکەوت.”

وێنە: وەنسا چیرۆکى ئەو کاتەى خۆى دەگێڕێتەوە کە زانی هەڵبژێردراوە بۆ کارەکە. سەرچاوەى وێنە: مرینالینى سانتانام/ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

ئەم جۆرە کارە نوێ نەبوو بۆ ئەو. ئەمە خۆشترین کاتەکانى ژیانى بیر دەخاتەوە کاتێک خەریکى کشتوکاڵ و کێڵانى زەوى بووە. وەنسا دەڵێت: “من زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو دەرفەتە. فێربووم کە چۆن داروبەردى ڕوخاو لە کانزاکان جیا بکەمەوە. تەنانەت هەندێک ئافرەتم ناسى کە هەمان ئەزموونى منیان هەبوو و ئەمەش دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەى لەیەکەوە نزیک بین. لە ڕۆژى کۆتاییدا گشتمان بە دڵێکى پڕ سۆزەوە ماڵئاواییمان لەیەکترى کرد.” ژمارە مۆبایلەکانیان گۆڕیوەتەوە و جار جارە بۆ خواردنەوەى چایەکى عێراقى کۆدەبنەوە.  

  ڕەخساندنى ژینگەیەکى پارێزراو و تەندروستى کار بۆ ئەو ئافرەتانەى بەشدارى بەرنامەکە دەکەن لە پێشینەى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانە. لیندا مەجید یوسف، کارمەندى پەیوەندییەکان لە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ، کە ئاسانکارى بۆ ئەنجامدانى ئەم پڕۆژەیە کردبوو، دەڵێت: “ئافرەتانى عێراق بەهێزن. ئەوان لە ئاستێکى بەرز و بە وریاییەوە کار دەکەن. ئافرەتان بەرپرسیارن بەرامبەر بە خانەوادەکانیا و دەرفەتى لەم جۆرە هاریکار دەبێت بۆ بەهێزکردنى کەسایەتییان. لە شوێنى کاردا، لە گشتیان نزیک دەبین، بەتایبەتى ئافرەتان، بۆئەوەى بیریان بخەینەوە کە بێزارکردن و دەستدرێژى دەسەڵات جێگاى قبوڵکردن نییە. ئەمەش هاریکار دەبیت لە ڕەخساندنى ژینگەیەکى پاریزراو کە تایایدا ئافرەتان هەست بکەن کە گوێیان لێدەگیرێت.” لیندا پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ ئافرەتەکاندا دروست کردووە. تاکو ئێستاش لە پەیوەندییە لە گەڵیاندا بەمەبەستى زانینى ئاستى بەرەوپێشچوونیان پاش ئەوەى ئەم پڕۆژەیە تەواو دەبێت.

وێنە: لیندا مەجید یوسف، کارمەندى پەیوەندییەکان لە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لەگەڵ وەنسا. سەرچاوە: مرینالینى سانتانام/ بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق

 لەساڵى 2015 وە، بەمەبەستى هاوکاریکردنى خەڵک بۆئەوەى هەستنەوە سەر پێى خۆیان، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پشتیوانى بژێوى بۆ 90,000 عێراقى دابین کردووە لە ناوچەکانى ئەنباڕ و دیالە و نەینەوا و سەڵاحەدیندا. لەمساڵدا بەرنامەکە جەختێکى زیاتر دەخاتە سەر برەودان بە بژێوى بەردەوام لە ڕێگەى ڕەخساندنى هەلى کارى ماوە درێژ و مامناوەنەوە.

لەکاتێکدا ئەم کارە هاریکارى کرد، وەنسا بەشوێن دەرفەتى کارى ماوە درێژتر دا دەگەڕێت. ئەو دەڵێت: “بەشێوەیەکى گشتى ئافرەتان لە عێراقدا هان نادرێن بۆ کارکردن. ئەمە وایلێکردم هەست بکەم بەشێکم لە کۆمەڵگا و هەست بە تامى دەستخستنى داهاتێکى بەردەوام بکەم. بەو هیوایەم ئافرەتانى تریش ئازابن و خۆیان بژێنن. ئەمە کارێکى ئاسان نییە، بەڵام بەهیواى داهاتوویەکى باشتر لە هەوڵەکانماندا بەردەوام دەبین.”