بەیاننامەیەک لەسەر عێراق

2024 January 23

- دەستپێك -

لە وەڵامی بابەتێکی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی سەبارەت بە دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان دەیەوێت ئەمانەی خوارەوە دەخاتەڕوو:

ئێمە هەر تۆمەتێک زۆر بە جددی وەردەگرین و بەشێوەیەكی خێرا لێكۆلینەوەی لەسەر دەكەین. ئەگەر هەر یەکێک لەم تۆمەتانە بسەلمێنرێت، ڕێوشوێنی گونجاو و پتەو دەگرینە بەر.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بەهیچ شێوەیەك لێبوردەیی نیە بۆ ساختەکاری و گەندەڵی و ئەمەش هەموو ئەندامانی ستافی بەرنامەکە، غەیرە کارمەندان، فرۆشیاران، هاوبەشە جێبەجێکارەکان و لایەنە بەرپرسیارەکان دەگرێتەوە.

بەڵام نەبوونی لێبووردەیی بەرامبەر ساختەکاری و گەندەڵی بەو مانایە نییە کە هیچ مەترسیەك نییە. بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کاردەکات بۆ پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ خێرخوازان و هاوبەشەکان و خەڵک سەبارەت بە مەترسییەکانی کارکردن و ئەو تەحەددایانەی کە دوای چەندین ساڵ لە ململانێ لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

هەر تۆمەتێکی بەرتیل، گەندەڵی یان ساختەکاری بە وردی هەڵدەسەنگێندرێت و لە شوێنی گونجاودا لەلایەن فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ئەو حاڵەتانەی کە لێکۆڵینەوەکانی فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەڵگە هەیە بۆ پشتگیریکردن لە تۆمەتەکانی هەڵسوکەوتی هەڵە، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پرۆسەیەکی دیسپلینیی توندی هەیە کە توانای ئەوەی پێدەدات ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر دژی ئەو کەسانەی کە ساختەکاری و گەندەڵی ئەنجام دەدەن.

لە حاڵەتی دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی و قەبارەی بەرنامەکە، و لەسەر بنەمای باشترین پراکتیزەکان، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کۆمەڵێک ڕێوشوێنی چاودێریکردنی زیادەی جێبەجێکردووە کە لە پرۆتۆکۆڵە ستانداردەکان تێدەپەڕن و لەنێو ئەوانی تردا بریتین لە:

  •  لە ساڵی ٢٠١٥، سەنتەری خزمەتگوزاری ئۆپەراسیۆنی تایبەتمەند بۆ دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن دامەزرا بۆ بەڕێوەبردنی دۆخە ئاڵۆزەکانی کڕین و کارکردن، لەوانەش دابینکردنی وردبینی و چاودێری پێویست.
  • لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تیمێکی تایبەتی چاودێری و هەڵسەنگاندن چاودێری کاریگەری و ئەنجامەکانی كارەكانی دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن دەکات، و بە شێوەیەکی فیزیکی و ڕاستەوخۆ پڕۆژەکانلەسەر ئەرزی واقيعدا پشتڕاست دەکاتەوە، و پشتگیری پێشکەش بە ئەرکەکانی چاودێریکردنی لایەنی سێیەم دەکات، لەنێو ئەرکەکانی تردا.
  • لێکۆڵەرێکی تایبەتمەند هەیە لە فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە ، کە بەرپرسیارە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانی پێویست بۆ هەموو ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستە كراوە بۆ دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن.
  • وردبینییەکانی پڕۆژەكان ساڵانە لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ ئەنجامدراون و زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە خەرجییەکانی پڕۆژەكانى دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن لەخۆدەگرێت.
  • هەروەها فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە شێوەیەکی گشتگیر وردبینى و لێكۆلینەوەی ئەنجامداوە لەسەر شێوازی چۆنیەتی بەرێوەچوونی كارەكان لە ئۆفیسی وڵاتەكەدا.

هەموو وردبینییەکانی فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە بەشێوەیەكی بە ئاشکرا لە ماڵپەڕەکەیاندا بەردەستە.

 

ئێمە بڕیارمانداوە لە حاڵەتەکانی ڕەفتاری نایاساییدا هەنگاو بنێین. لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا، فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە مامەڵەی لەگەڵ زیاتر لە ١٣٠ کەیسی پەیوەندیدار بە حاڵەتی دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن کردووە، کە لەلایەن ئەندامانی تیمەکەمان و لایەنی سێیەمەوە هێنرانە فەرمانگەی سەربەخۆی وردبینی و لێکۆڵینەوە، و بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان هەنگاوی خێرایان گرتەبەر بۆ وەڵامدانەوە.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پێشوازی لە لێکۆڵینەوە لە پڕۆژە و بەرنامەکانمان دەکات – و وەکو دامەزراوەیەکی گشتی ئێمە پابەندین كە لەلایەن هاوبەشەکانمان و خەڵک و میدیاوە لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بكرێت.

لە کارەکانمان لە عێراق و لەگەڵ دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی توندمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی کارکردن لە ژینگەیەکی وەها چاڵاکدا دروست دەبن. ئێمە بەردەوامین لە بەهێزکردنی ئەم ڕێوشوێنانە بە هاوکاری نزیک لەگەڵ فەرمانگە سەربەخۆکانی هەڵسەنگاندن و وردبینیمان.

ئێمە جەخت دەكەینە سەر ئەوەی كە پابەندین بە پاڵپشتیکردنی ژیانی ملیۆنان کەس لە عێراقدا و لە هەمان کاتدا متمانەی هەموو ئەو کەسانە دەپارێزین کە مامەڵیان لەگەڵدا دەكەین.

دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردن چی بەدەست هێناوە؟

لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی خێرخوازی نێودەوڵەتی، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا دامەزراوەی کۆمەککردن بۆ سەقامگیرکردنى دامەزراند بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی خێرا لە كار و چاڵاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە کە تا ئێستا بە ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی سوودی لێ بینیوە.

ئەم بەرنامەیە توانی نزیکەی پێنج ملیۆن ئاوارە ناوخۆییەکان بگەڕێنێتەوە لە کۆی شەش ملیۆن کەس، کە ئەگەرنا ڕەنگە ساڵانێک لە کەمپەکانی ئاوارەکان گیریان خواردبێت. لەگەڵ تەواوبوونی زیاتر لە ٣٦٠٠ پڕۆژە، پێکهاتەکانی عێراق کە نزیکەی ٨.٣ ملیۆن کەس کەسیان لەخۆگرتووە، ئێستا دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە نۆژەنکراوەکان دەگات، لەوانە قوتابخانە، نەخۆشخانە، تۆڕی ئاو و کارەبا، خانووبەرە و ڕێگاوبان.

دەتوانن زانیاری زیاتر وەربگرن لەسەر چۆنیەتی ڕاپۆرتکردنی گەندەڵی لەم لینکەدا:

https://www.undp.org/accountability/audit-and-investigations

- کۆتایی -