نەخۆشخانەی بەحرکە لە هەولێر بە فەرمی دەکرێتەوە

2022 October 24

 

هەولێر، 24ی تشرینی یەكەم 2022-  نەخۆشخانەی بەحرکە ئەمرۆ بە فەرمی کرایەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا. ئەم نەخۆشخانەیە تایبەت دروستکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە تووشی هەوکردن دەبن لە رێگەی هەوا و نەخۆشی هەناسەدانیان هەیە.

بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان هەستاوە بە دروستکردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە، لە کاتێکدا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کارە میکانیکی و کارەباییەکانی نەخۆشخانەکەی دابینکردووە. هەروەهابەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان ئامێرە پزیشکیە تایبەتەکانی پێوسیتی دابینکردووە بۆ دروستکردنی ژووری تایبەتی چاودێری نەخۆش و کەلوپەل و قەرەوێڵەی پزیشکی و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. کارە میکانیکی و کارەباییەکان و ئامێرە پزیشکییەکان بە پاڵپشتی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا دابینکراون لە رێگەی بانكی پەرەپێدانی ئەڵمانی (KfW). لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سەرچاوەی جیاوازەوە پاڵپشتی دروستکردنی کارە مەدەنییەکانی نەخۆشخانەکەی کردووە.

نەخۆشخانەکە لە هەولێر لە 38 قەرەوێڵە و 30 ژووری جیاواز پێکهاتووە کە توانای چارەسەری پزیشکی تایبەتی هەیە لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو نەخۆشانەی کێشەی هەناسەدانیان هەیە. ئەم نەخۆشخانەیە لە ئێستادا لەلایەن بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بەرێوەدەبرێت و سوود بە زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵک دەگەیەنێت.

لەسەر گرنگی نەخۆشخانەکە، دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت: "نەخۆشخانەی بەحرکە هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە کێشەی هەوکردن و نەخۆشی هەناسەدانیان هەیە. کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە دەرئەنجامی دڵسۆزی و پابەندبوون و کاری بەردەوامی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستییە بۆ باشترکردنی کەرتی گشتی تەندروستی لە هەولێر. ئێمە سوپاسی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و ئەڵمانیا دەکەین بۆ پاڵپشتی بەخشندانەیان بۆ کردنی ئەم پرۆژەیە بە واقیع. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی."

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد، گوتی:" ئەم نەخۆشخانە نوێیە گرنگە بۆ هەولێر بەهۆی دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە جیاوازەکان و چاودێری تایبەتی ئەو نەخۆشخانەی کەوا تووشی هەوکردن و نەخۆشی هەناسەدان دەبن وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسی کۆکە، نەخۆشی سیل، ئەم نەخۆشخانە ئامادەیە لە رووی ئامێری پزیشکیەوە هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر بنکە تەندروستییە نزیکەکان لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتاو توشبوونی بە کۆمەڵ، کە بە خێرایی چارەسەری نەخۆشەکان دەکات و ژینگەیەکی تەندروستی لەباری رەخساندووە بۆ کارمەندانی تەندروستی."

هەروەها گوتی:" دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیە نەدەهاتەدی بەبێ پاڵپشتی دڵسۆزانەی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا وەکو یەکێک لە هاوبەشە سەرەکیی و هەمیشەییەکان. بەیەکەوە لەگەڵ ئەڵمانیا بەشدارییەکی مەزنمان کردووە لە گەشەپێدان و زیندوکردنەوەی کەرتی تەندروستی لە عێراق پاش ساڵانێکی زۆر لە ناسەقامگیری و ناکۆکیی. "

کۆنسڵی گشتی ئەڵمانیا کلاوس سترایچەر دەڵێت:"پاڵپشتی ئێمە بۆ نەخۆشخانەی بەحرکە و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هاوکاتە لەگەڵ بەشداری کاریگەری ئەڵمانیا بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گوژمەی زیاتر لە 410 ملیۆن دۆلار لە پاش ساڵی 2014 ەوە. ئەڵمانیا جەخت لەسەر کارکردنی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ووڵات. خاوەندارێتیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو ئاستەکان زۆر گرنگە لە پێناوی بەردەوامیدان بە بەشداریکردنمان لە داهاتوودا."

دکتۆر کریستین هیمبێرگەر بەرێوەبەری لقی ئەفغانستان و عێراق و پاکستان لە بانكی پەرەپێدانی ئەڵمانی (KfW) دەڵێت: "ئێمە لە بانكی پەرەپێدانی ئەڵمانی (KfW) خۆشحاڵ و شەرەفمەندین بە بەشداریکردن لە مەراسیمی کردنەوەی نەخۆشخانەی بەحرکە کە پرۆژەیەکی تایبەتە و دەرئەنجامی هەماهەنگی و هاوکاری راستەخۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانه. ئومێدەوارین نەخۆشخانەی بەحرکە لە نزیکترین کاتدا بخرێتە خزمەتی خەڵک و هاوکاری و خزمەتگوزاری تەندروستی پێویست بە خەڵك بگەیەنێت. "

لە دەستپێکی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بەردەوام هاوکاری هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە لە پێناوی بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوەی خێرا بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و هەوکردنی هەناسە. ئەم نەخۆشخانەیە یەکێکە لەو نۆزدە بنکە تەندروستیە تایبەتەی کە دروستکراوە لە سەرانسەری ووڵات لە لایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان.

 

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

میرینالینى سانتانام، پسپۆڕى پەیوەندییەکان، 9647901931308+