كۆڤید-19 : قەیرانێكە بۆ وڵاتە تازە گەشە کردووەکان و هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ ڕوخاندنی ئابووری و قوڵكردنەوەی شێوازەكانی نایەكسانی

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان هەوڵدەدات بۆ وەرگرتنی پشتیوانیەكی بەهێز و بێوێنە کە لە ڕابردوودا ئەنجام نەدرابێت بۆ پشتگیریكردنی وڵاتە دۆخناسکەکان بۆ ڕووبەروبوونەوەی مەترسیەكانی پەیوەندار بە كۆڤید-19.

2020 March 31

وێنە: کلیر تۆماس / بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق / 2018.

نیویۆرك – قەیرانی كۆڤید-19 کە بەردەوامە لە گەورەبوون هەڕەشە دەکات لەوەی بە شێوەیەکی نا یەکسان پەلاماری وڵاتە تازە گەشە کردووەکان بدات، نەك تەنها وەکو قەیرانێکی تەندروستی لە ماوە کورتدا، بەڵكو وەکو قەیرانێکی کاولکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری لەماوەی چەند مانگ و ساڵی داهاتوودا.

زیانەکانی داهات پێشبینی کراوە بگاتە 220 ملیار دۆلار لە ولاتە تازە گەشەکردووەکاندا، وە نزیکەی نیوەی هەموو پیشە و کارەکان لە ئەفریقادا لە دەست دەچن. بەوەی بە خەمڵینراوی سەدا 55 ی دانیشتوانی جیهان هیچ پاراستنێکی کۆمەڵایەتی و داهاتیان نیە، ئەم زیانانە لە هەموو چینە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەنگ دەداتەوە و کاریگەری دەکاتە سەر پەروەردە و مافی مرۆڤ و لە دۆخە هەرە سەختەکاندا کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایشتی خۆراکی وتەندروستی بنەڕەتی.

نەخۆشخانە کەم سەرچاوەکان و سیستەمە ناسکەکان ئەگەری زۆرە بەرگەی فشارەکان نەگرن. ئەمە زیاتر کاریگەری دەکرێتە سەر لەلایەن تەوژمی لە پڕی نەخۆش کەوتنەوە، چونکە سەدا 75 ی خەڵکیی لە وڵاتە کەم گەشە کردووەکاندا ناتوانن سابوون و ئاو بەکار بێنن.

دۆخە کۆمەڵایەتیەکانی تر، وەکو پلاندانانی لاوازی ناوشار و زێدە دانیشتوان لە هەندێك شاردا و خزمەتگوزاریی لاوازی فڕێدانی پاشماوە و جەنجاڵی هاتوچۆ کاریگەری دەکاتە سەر دامەزراوەکانی بایەخپێدانی تەندروستی و هەموو ئەمانە فشارن بۆ دۆخە گشتیەکە.

ئاکیم شتاینەر، بەرێوبەری گشتی بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان وتی " ئەم پەتایە جیهانیە بریتیە لە قەیرانی تەندروستی، بەڵام تەنها لێرەدا ناوەستێت، بەڵكو بۆ سەرتاپای جیهان دەبێتە هۆی برینێكی زۆر قوڵ". وهەروەها وتی "بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێمە لە مەترسیی لەدەستدانی بڕێکی ئێجگار دەستکەوت داین کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هاتۆتە دەستمان و هاتۆتە دی، وە نەوەیەکی تەواوەتی لەدەست دەدەین، خۆ ئەگەر بە مەرگ نەبێت، ئەوا ماف و دەرفەتی کار و شکۆیان لەدەست دەچێت."

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کە لە نزیکەوە کار دەکات لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیدا، یارمەتی وڵاتان دەدات بۆ خۆ ئامادەکردن و بەدەنگەوە چوونی نەخۆشان و چاك بونەوە لە پەتای جیهانی كۆڤید-19 و جەخت دەکاتەوە سەر ئەو وڵاتانەی كە لە دۆخێكی زۆر ناسكدان.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە ئێستاوە کار دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لە سیستەمی تەندروستیی وڵاتان وەکو بۆسنە و هەرسك و چین و جیبۆتی و سەلڤادۆر و ئەریتریا و ئێران و قرغیزستان و مەدەغەشقەر و نەیجیریا و پاراگوای و پەنەما و سڕبیا و ئۆکرانیا و ڤێتنام.

دامەزراوەی وەڵامدانەوەی خێرا بۆ ڤایرۆسی كۆڤید-19 کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان یەوە بەڕێوە دەبرێت، خراوەتە گەڕ و کۆمەکی دارایی دەکرێت بە سەرچاوە هەبووەکان و بڕی 20 ملیۆن دۆلاری وەکو سەرمایە بۆ دانراوە. ئەم دامەزراوەیە کار دەکات لەڕێی میکانیزمێکی خێرا دەست نیشانکردنەوە کە وادەکات تیمەکانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و هاریکاری دەست بەجێ پێشکەشی وڵاتان بکەن لە وەڵامە نیشتیمانیەکانیاندا. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان وای بۆ دەچێت پێویستی بە 500 ملیۆن دۆلاری تر بێت بۆ پشتیوانیکردن لە 100 وڵات.

بانگەوازی کارکردن

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بانگەوازێکی کارکردنی داوە بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ بیرکردنەوە بەدەر لە کاریگەریە دەست بەجێکانی نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆڤید-19. و جەختی کردۆتەوە سەر پێویست بوون بە سێ کاری سەرەکی و ئەولەویەت: سەرچاوە بۆ یارمەتیدان لە وەستاندنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پشتیوانیکردن بۆ بەدەنگەوەچوون لە کاتی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکەدا، سەرچاوە بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی ئابووری وڵاتە تازە گەشە کردووەکان.

وەکو بەدەنگەوەچوونێکی دەست بەجێ، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان خەریکی بنیادنانی ئەو پشتیوانیەیە کە لە ئێستادا دابینی دەکات بۆ چین و وڵاتانی تری ئاسیا بۆ یارمەتیدان لە بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستیاندا. ئەمە یارمەتیدانیشیان دەگرێتەوە لە ئامادەکردنی پێویستیە پزیشکیە هەرە پێویستەکان و بەرزکردنەوەی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی و زامنکردنی پێدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی.

لە هەمان کاتدا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پشتیوانی وڵاتان دەکات بۆ خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و دابینکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکانی دۆخناسک و برەودان بە کارکردنی حکومەت و خەڵكی پێکەوە بۆ تەواوکاریی هەوڵەکانی کەرتی تەندروستی.

لە ماوە درێژیشدا، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کار دەکات لەگەڵ وڵاتاندا بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ڤایرۆسی كۆڤید-19 و گرتنەبەری ڕێکاریی چاکبوونەوەی دەستبەجێ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە ماوە درێژەکان بە تایبەتی بۆ خەڵكانی پەراوێزخراو و دۆخناسك و یارمەتیدانی کۆمەڵگەکان لە باشبوونەوەیان بە شێوەیەکی چاکتر.

مامەلەکردن لەگەڵ نەخۆشیی ڤایرۆسی كۆڤید-19 و کاریگەریەکانی پێویستی بەو هاوبەشانە هەیە کە کاردەکەن لە هەموو سیستەمەکان و کەرتەکاندا و لەو دۆخانەدا کە ئاڵۆزیش و ناڕوونیشن. بە ئەزموونی چەندان ساڵەوە لە بوون لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاروونەوەی قەیرانەکاندا، ئەمە ئەوەیە کە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بۆ دروست کراوە. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان بە تەواوەتی کار دەکات لە 170 وڵات و هەرێمدا و جەخت دەکاتەوە سەر هەوڵەكان بۆ وەڵامدانەوە بۆ ڤایرۆسی كۆڤید-19 و جوڵاندنی هەموو توانا و کارمەندەکانی لە بەدەنگەوەچوونی ئەم ئاستنەگیە نوێیەدا.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکە بە:

موحەمەد ئەلبەهبەهانی، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكان