دهۆک یەکەم کێڵگەى وزەى خۆر بنیات دەنێت

2020 February 4

"بەڵێنمان داوە بڕى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان تاکو ساڵى 2030 کەم بکەینەوە."فەرهاد ئەتروشى، پارێزگارى دهۆک. وێنە: ليما ابراهيم/ بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان/2020

دهۆک، 4 ى شوباتى 2020- شارى دهۆک بەم زووانە و بۆ یەکەم جار دەبێتە خاوەمى یەکەمین کێڵگەى وزەى خۆر وەک هەنگاوێكی مەزن بەرەو بوون بە پارێزگایەکى خاوێنتر لە ڕووى ڕێژەى کاربۆنەوە و گوزارشت لە نمونەیەک لە وزەى نوێبووەوە و بەردەوام دەدات بۆئەوەى لە سەرانسەرى عێراقدا جێبەجێ بکرێت. لە 4 ى شوباتى 2020 دا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەستا بە واژۆکردنى ڕێککەوتننامەیەک لەگەڵ پارێزگاى دهۆکدا بەمەبەستى بنیاتنانى کێڵگەیەکى وزەى خۆر کە بەلایەنى کەمەوە دوو مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت لە ماوەى دووساڵدا. یەکیتى ئەوروپا بڕى 2 ملیۆن دۆلارى وەک کۆمەک بەخشیوە بەم پڕۆژەیە کە لەچوارچێوەى “پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەپێدانى دەسەڵاتە نیوخۆییەکانەوە”ى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئەنجام دەدرێت.

پاریزگارى دهۆک، بەڕێز فەرهاد ئەتروشى، گوتى:“ئێمە لەهەموو کاتێک زیاتر پابەندین بە ئەنجامدانى کارى ژینگەیى و دابینکردنى وزەى پاک و هەرزان بۆ هاوڵاتیان و پڕکردنەوەى کورتهینانى وزەى کارەبا لە شارەکەدا. لەژێر ڕۆشنایى پلانى کارى وزەى بەردەوامى پاریزگاى دهۆکدا، بەڵێنمان داوە بڕى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان تاکو ساڵى 2030 کەم بکەینەوە. بنیاتنانى یەکەم پارکى وزەى خۆر لە شارى دهۆکدا پاڵپشت دەبێت لە بەدیهینانى ئەم ئامانجەدا و پێداویستییەکانى بازاڕ پڕ دەکاتەوە. ئیمە سوپاسگوزارى یەکیتى ئەوروپا و بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانین کە هاوکارییان کردین بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە. هەروەها هیوادارین هاوبەشییەکى بەرهەمدار لەگەڵ کەرتى تایبەتدا دروست بکەین بەمەبەستى دابینکردنى وزەى خاوێن و ژینگەدۆست بۆ نەوەى ئێستا و داهاتوومان”.

شارى دهۆک بەدەست کەمى کارەباوە دەناڵێنیت و زیاتر لە 1,000 مۆلیدەى بەرهەمهینانى کارەباى تێدایە کە هەوا و ئارامى شاریان زۆر پیس کردووە. تایبەت بە پلانى کارى وزەى بەردەوام کە لەچوارچێوەى دووەم بەرنامەى پەرەپێدانى ناوچە نیوخۆییەکاندا پەرەی پێدراوە، شارى دهۆک چاوەڕێ دەکات کۆمەڵێک پارکى وزەى خۆر بنیات بنێت کە تاکو ساڵى 2030 بتوانێت 40 مێگا وات کارەباى خاوێن بەرهەم بهێنێت.

سەرۆکى شاندى یەکێتى ئەوروپا بۆ عێراق، بەڕێز مارتن هوث، گوتى: “ئەم دەستپێشخەریە نابێتە هۆى تەنها باشترکردنى فەراهەمبوونى وزە بۆ دانیشتوان بەڵکو لەهەمان کاتدا هەوڵى دەستخستنى وزەیەکى خاوێن دەدات. ئێمە لە ئەوروپا سورین لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى گۆڕانى کەش و هەوا و لەو ڕێککەوتنە ژینگە دۆستییەى (ڕێککەوتنى سەوز) ئەم دوواییەماندا سەرکەوتوو بووینە و تاکو ساڵى 2050 دەبین بە کیشوەرێک کە ژینگەیەکى تەواو خاوێنى دەبێت و پیس ناکرێت. هەروەها دەمەوێت بڵێم کە زۆر دڵخۆشم بەوەى کە دەتوانین هاریکارى هەرێمى کوردستانى عێراق بکەین لەو پلانەى خۆیدا کە بۆ وزەى بەردەوام هەیەتى.”

نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا، خاتو زێنە عەلی ئەحمەد، گوتى: “ پابەندبوونى پارێزگاى دهۆک بە کەمکردنەوەى کاربۆنى دەرهاویشتوو و دابینکردنى وزەى خاوێن بۆ هاونیشتیمانییەکانى زیاتر هانمان دەدات. بنیاتنانى کێڵگەیەکى وزەى خۆر دەبێتە هۆى چاڵاککردنى زیاترى ئابوورى لەڕێگەى وەبەرهێنانى کەرتى تایبەت و ڕەخساندنى هەلى کارى زیاتر لە ئابوورى ژینگەدۆستى و لەسەرو هەمووشیانەوە کەمکدنەوەى پیسبوونى ژینگەدا. ئەم پڕۆژەیەش گوزارشت دەبێت لە سەرهەڵدانى سەرچاوەیەکى لەو چەشنەى وزەى خۆر لە سەرانسەرى عێراقدا.”

ئامانجى بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى لە عێراقدا لەڕێگەى پەرەپێدانى دەسەڵاتە نێوخۆییەکانەوە بریتییە لە برەودان بە پەرەسەندنى سەقامگیرى و ئابوورى کۆمەڵایەتى لە عێراقدا لە ڕێگەى باشترکردنى حوکومڕانییەکى دیموکراسیانە لەسەر ئاستى نێوخۆییدا. هەروەها کار بۆ بەرزکردنەوەى تواناى پارێزگا دەستیشانکراوەکان دەکات لە بەڕێوەبردنێکى کاراى دەسەڵاتە نێوخۆییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا. گەشەى ئابوورى و ڕەخساندنى هەلى کار خراونەتە پێشینەى کارەوە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پڕۆژە سەوزەکان و بەشداریپێکردنى لاوان و ئافرەتان و باشترکردنى دۆخى ژیانى ئاوارە گەڕاوەکان و لەو ناوچانەدا کە کەوتوونەتە بەر کاریگەرى ڕووبەڕووبوونەوەکان.

دەتوانیت پوختەى پڕۆگرامەکە لەم بەستەرەوە دابەزینیت:

https://bit.ly/39dx4wE

بۆ زانیارى زیاتر پەیوەندى بکە بە :

به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق:

خاتوو نيداء هيلال، ڕاوێژكار له‌بوارى پەیوەندیەکان

ئیمێل: nidaa.hilal@undp.org

نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق:

به‌رێز ئه‌لسادق  ئەلعەدلی، به‌رپرسى ڕۆژنامه‌وانى و زانیاریه‌كان

ئیمێل: Alsadiq.AL-ADILEE@eeas.europa.eu