بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتیوانی لە وەزارەتی تەندروستی و دەستەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی دەکەن بۆ دابینکردنی ڕاهێنانی پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بەرەو یەکخستنەوە

2021 November 30

 

بەغدا، 30 تشرینی دووەم 2021- لەڕێگەى وۆرکشۆپی نوێی ڕاهێنان کە بەگەڕخراوە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق و وەزارەتی تەندروستی و دەستەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانییەوە، خزمەتگوزاری پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ ئاوارە ناوخۆ ییەکان و خێزانە گەڕاوەکان باشتر و چڕتر دەکرێتەوە.

لە وۆرکشۆپێکدا لە بەغدا لە ڕۆژانى 16-14 ی تشرینی دووهەم، شارەزایانی هەردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی هەستان بە داڕشتن و جێبەجێکردنى ڕاهێنانێکی تایبەت بۆ 25 ئەندامى تیمە جیاجیاكانی وەزارەتەکانی حکومەتی عێراق. دانیشتنەکان جەختیان خستە سەر دۆخی تەندروستی جیهانی لە عێراق و تێگەشتن لە فریاگوزارى سەرەتایی تەندروستی و دەروونی بەڕووی قەیرانەکان و تێگەشتن لە سەختییەکان و فشار و کارامەییە کاریگەرەکانی پەیوەندیگرتن.

ئەم نوێنەرانە پشتیوانی بۆ خێزانە گەڕاوەکان دابین دەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی بە ساکاری و ئاسودەیی دەچنەوە ناو کۆمەڵگەکانیان، کە ئەمە درێژکراوەی کارکردنە لەسەر بەرنامەی ئاشتەوایی و یەکخستنەوەی کۆمەڵگاى سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانە لە عێراقدا بەمەبەستى دڵنیابوون لەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی ململانێکانەوە لەگەڵ داعشدا ئاوارەبوون، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و شێوازێکى شکۆمەندانە بگەڕێنەوە و بچنەوە ناو کۆمەڵگاكانيان.

زێنە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، گوتی:" بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان پابەندە بەوەى هیچ کەسێك پشتگوێ نەخرێت لە عێراقدا. پشتیوانیکردنی تەندروستی و دەروونی بۆ گەڕاوەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی خێزانەکانیان بۆ گەڕاوەتەوە بەشێکی گرینگن لە بەرنامەڕێژییەکەمان بۆ جێبەێکردنی چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەوەی جارێكی تر خێزانەكان بگەڕێنەوە نێو كۆمەڵگاكانیان و هەروەها مەبەستی برەودان بە ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا."

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دکتۆر ئەحمەد زوتین، گوتی:"تەندروستی دەروونی بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستی و بە دڵنیاییەوە بەدیهێنانی تەندروستی بەشێوەیەكی تەواو و گشتگیر بەبێ گرنگیدانی تایبەت بە کێشەکانی تەندروستی دەروونی بەدەست ناهێنرێت. هەروەها لە عێراق داواکاری بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی لە زیادبووندایە ئەمەش لە میانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەهۆی قەیرانی ئاوارەبوون و ئەوبارودۆخە مرۆییەی کە کاریگەری لەسەر هەندێک لە ناوچەكانی وڵاتدا هەیە. ئەم ڕاهێنانە هاوبەشە هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروست بۆ فراوانکردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی دەروونی و پشتیوانیی دەروونیی كۆمەڵایەتی كە بەشێوەیەكی بەرچاو خواستی لەسەرە."

سەعید ئەلجەیاشی، ڕاوێژکاری ستراتیژی لە نوسینگەی دەستەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی، گوتی: "ئەم ڕاهێنانە ئەو تیمەی بە ئامانج گرتووە کە لە دەزگا حکومییە جیاوازەکان بەبنەما لەسەر ڕێنمایی سەرۆک وەزیران پێکهێنراوە. ئێمە گەشبینین بەوەی ئەم ڕاهێنانە کارامەیی و تێگەشتنی ئەندامانی تیمەکە زیاد دەکات و توانستیان بنیاد دەنێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ خێزانە گەڕاوەکان و ئاوارەکان."

دکتۆر عیماد عەبدولرەزاق، ڕاوێژکاری نیشتیمانی بۆ تەندروستی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، گوتی: "ئەم ڕاهێنانە بۆ توانادارکردنی ئەم تیمە و دابینکردنی دڵنیایی جۆری خزمەتگوزاریەکانی پشتیوانی دەروونی و کۆمەلایەتی و تەندروستی گرنگە بۆ ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە ناو کۆمەڵگەکانیان. پێویستە وەزارەتە حکومییەکان پشتیوانی بۆ ئەم چینە زیانلێکەوتووە دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە شوێنە ڕەسەنەکانی خۆیان و دووبارە خۆشگوزەرانى بەدەستبهێننەوە."

لە ساڵی 2020 دا، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق هەستا بە خستنەگەڕى بەرنامەی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەمەبەستى برەودان بە کۆمەڵگای بەهێزتر و ئاشتیخوازتر و پێکەوەژیاوتر لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، ئەمەش بە پشتیوانی هەریەک لەحکومەتەکانی دانیمارک و ئەڵمانیا و یابان و هۆڵەندا هاتووەتە دى.

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

مەریەم پینۆ، ڕاوێژكاری پڕۆژە لەبواری ڕاگەیاندن و داكۆكی |  9647901101982+