تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و حکومەتى عێراق کار بۆ بەرەوپێشبردنى خوێندنى ئاوێتە دەدەن لە نێو سیستەمى خوێندنى باڵادا لە عێراق

2021 January 20

لەبەر پێویستبوونى چەند ڕێگایەکى جێگرەوە بۆ کارکردن و فێربوون کە بەهۆى کاریگەرییەکانى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆناوە دروست بووە، زۆرێک لە قوتابخانە و زانکۆکان لە سەرانسەرى جیهاندا هەستاون بە پەیڕەوکردنى خوێندنى ئاوێتە. خوێندنى ئاوێتە سیستەمێکى پەروەردەیە کە تێکەڵەیەک لە خوێندنى ڕووبەڕوو و ئۆنلاین لەخۆدەگرێت.

پەیڕەوکردنى خوێندنى ئاوێتە لە سیستەمى پەروەردەدا سوودى زۆرى هەیە لەوانە بەهێزکردنى بەهرەى پەیوەدى و دیجیتاڵى لە هەردوو چینى قوتابیان و مامۆستایاندا و بەردەستبوون و گونجاوى و کەمکردنەوەى خەرجى و لەوانەش سەرەکیتر سنوردارکردنى گواستنەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنایە لە ڕێگەى سنوردارکردنى بەریەککەوتنى نێوان تاکەکانەوە.

لە عێراقدا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و حکومەتى عێراق، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەنزیکەوە کار بۆ هێنانەناوەوەى خوێندنى ئاوێتە دەکەن بۆ نێو ئەو میتۆدانەى وانەگوتنەوە کە لە لایەن فەرمانگە و زانکۆکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراقەوە بەکار دێن.  تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق ئەو میتۆدە هەنوکەییانەى وانەگوتنەوە هەڵدەسەنگێنێت کە لە ئێستادا لە زانکۆکانى عێراقدا بەکاردێن بۆ ئەوەى نەخشەڕێگایەک دروست بکەن بۆ لەخۆگرتنى میتۆدى خوێندن و وانەگوتنەوەى ئاوێتە لە سیستەمى پەروەردەدا.

پڕۆسەى هەڵسەنگاندنەکەى تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە ڕێکخستنى کۆمەڵێک کۆبوونەوە دەستیپێکرد لەگەڵ بەرپرسانى حکومى و زانکۆ حکومى  تایبەتەکان و ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانى پەرەپێدانى تواناکان و ناوەندەکانى فێرکردنى بەردەوامدا. لەئەنجامدا،  تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەستان بە دەستپێکردنى دەستپێشخەرییەکى خوێندنى ئاوێتە بەمەبەستى :

●    زەمینەسازییەکى داهینەرانە بۆ دیزاینکردنى بابەتەکانى خوێندنى ئاوێتە بۆ میتۆدەکانى فێرکردن و بەکارهێنانى کەرەستەکانى ئۆنلاین لە نێو سیستەمى خوێندنى زانکۆدا.

●    پشتیوانیکردنى مامۆستایان لە دەستخستنى بەهرەى ئاوێتە.

●    گواستنەوەى خوێندنى ئاوێتە بۆ دامەزراوەکانى ترى خوێندنى باڵا. مەبەستەکەش ئەوەیە لە داهاتوودا پەیڕەوى خوێندنى ئاوێتە بکرێت لەگەڵ دەرچوواندا بۆئەوەى تواناکانیان لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە پەرەپێبدەن.

بەمەبەستى پێکانى ئەو ئامانجانەى لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەیەک لە پسپۆڕان دادەمەزرێنن بۆ دیزاینکردنى پڕۆگرامى خوێندنى ئاوێتە بۆ ناوەندەکانى فێرکردنى بەردەوام لە نێو زانکۆکانى عێراق لە سەرانسەرى وڵاتدا.

“دەستپێشخەرى فێرکردنى ئاوێتە” دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ بەرهەمهێنانى پڕۆگرامى میتۆدەکانى وانەگوتنەوە و گشت فێربوون و تێگەیشتن و دەستکەوت و پێشنیارەکان دیکۆمینت دەکات بەمەبەستى بەشداریپیکردنى زانیارى و پڕچەککردنى چاڵاکییەکانى داهاتوو بۆ فراوانکردنى خوێندنى ئاوێتە لە عێراقدا.

تاقیگەى خێراکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق دەیەوێت هانى داهێنان بدات و بەرەوڕووى ڤایرۆسى کۆرۆنا ببێتەوە لە ڕێگەى بەهێزکردنى کۆمەڵگاوە بەمەبەستى برەودان بە خۆڕاگرى و گەشەسەندن کاتێک ڕووبەڕووى گۆڕانکارى دەبێتەوە.