لاوانى عێراق کلیلى سەرەکین بەرەو ئاشتییەکى بەردەوام

دڵنیاییدان لەوەی دەستکەوتەکانی پەروەردەی ئاشتی پارێزراون، لەگەڵ بەردەوامبوونمان لە جەنگان دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێى کۆڤید-١٩

2020 August 11

لە ساڵی 2017 ەوە، نۆ زانکۆی عێراقی بەشداربوون لە بەرەوپێشبردنی توانستەکان، بۆ پەروەردەی ئاشتی لەڕێی پەرەپێدانی بابەتەکانى خۆیان بۆ خوێندنى ئەکادیمی و بنیادنانی توانستدا، هەروەها لە لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا. لە ئێستادا وڵاتەکە دووچارى چەندین قەیران بووەتەوە، وەک چالاکیی بەردەوامی داعش و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری وڵات دژی حکومەت و، لەم دواییانەشدا، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. سەرەڕاى ئەم هەموو سەختییە، بنیادنانەوەی ڕووبەڕووى پەیوەندیە پچڕاوەکان و ڕەواندنەوەى خەمناکیەکان بە شێوەیەکی کاتیی بۆتە شتێکی ئاستەم لەسەروبەندى جەنگان لەدژی ئەم پەتایەدا. لە مانگەکانى سەرەتاى دەرکەوتنى پەتاکەدا و بەهۆی سەپاندنی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتییەوە، سەکۆ ئینتەرنێتیەکان بە ناچاری کرانە جێگرەوەی ئاڵوگوڕى ڕاستەوخۆى نێوان کەسەکان.  

لەکاتێکدا کە دەبێت بەدەمەوەچوونى بەپەلە ببێتە ئەولەویەت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لەوەی سیستەمی تەندروستی نیشتیمانی عێراقى توانستێکی باشتری هەیە لە چارەسەرکردنى ژمارەیەکى زیاترى تووشبووانى کۆڤید-١٩– لە نێویاندا دابینکردنى 180 ژووری دابڕاندن لە 13 دامەزراوەی تەندروستی لە 12 پارێزگادا-  چۆنیەتى بەردەوامیدان بە گەشەسەندنى یاسا تازەکانى پەروەردەى ئاشتى لە عێراقدا، پێویستیان بە دۆزینەوەى چارەسەرە. لە سەرووبەندی ڕۆژی جیهانیی گەنجاندا، ئێمە ڕەچاوی گرینگى بەشدارى گەنجانی عێراق دەکەین لە لێکۆڵینەوە و پەروەردەی ئاشتیدا بەمەبەستى پەرەسەندنى بەردەوام و بەرزکردنەوەى توانای خۆڕاگرى عێراق لە داهاتوودا.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و دەستەی ئەلئەمەلی عێراقی لە ئابی 2016 دا دەستیان کرد بە یەکەم قۆناغی پڕۆژەی پەروەردەی ئاشتى بە ئامانجی توانادارکردنی زانکۆ عێراقیەکان بۆ هەبوونی کاریگەریەکی باشتر لەسەر ئاشتی و گۆڕانکاریی ململانێکاندا. لە تەمووزی 2018 دا، زانکۆی ئینسبرەك هاتە پاڵ پڕۆژەکە و هەماهەنگی لەسەر دیزاینکردنی دبلۆمی باڵا بۆ مەنهەجی لێکۆڵینەوەی ئاشتی و ململانێ کرا.

لە تەواوی چوار قۆناغی پڕۆژەکەدا:

·       زیاتر لە 120 ئەندامی فاکەلتی لە بارەى لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێ راهێنانیان پێکراوە.

·       45 خوێندکار بەشداربوون لە بەرنامەی تاقیکاری دبلۆمی باڵا بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێکان لە زانکۆکانی ئەنبار و بەغداد و موسڵ.

·       28 لێکۆڵەر 180 چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە لە چوارچێوەى ئامڕازێکى تاقیکاریی بۆ لێکۆڵینەوە لە تەنگەژەی کۆمەڵایەتی و ئەنجامەکەی راپۆرتێك بوو لەسەر چاودێریکردنی ئاشتی و ململانێ لە عێراقدا.

·       339 چالاکوان و خوێندکاری گەنجی عێراقی (تەمەن 18-32 ساڵان) کارامەییەکانی گۆڕانکاریی ئاشتی و ململانێیان پێدرا. ئەم لاوانەهەستان بە داڕشتن و جێبەجێکردنى 172 چالاکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی و 11 هەزار ئەندامی کۆمەڵگا و ئاوارەی ناوخۆ و گەڕاوەکانی لەخۆ گرت.

لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوردا، لێکۆڵینەوەی ئاشتی وەکو بەدەمەوەچوونێکی ئەکادیمی راستەوخۆ دانرا بۆ کاولکاری هەردوو جەنگە جیهانیەکە و لەدژی ئەو تێگەشتنەی دەلێت رێگرتن لە جەنگ و توندوتیژی بەس نیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنیاتنەر. دواتر پەرەپێدانی ئەم لایەنە زیاتر بەهێزکرا لەڕێی گفتوگۆی دژە کۆلۆنیالیزم و جەنگە ناوخۆییەکان لە جیهاندا کە زۆرجار پرسى ئاشتى کۆمەڵایەتى و ڕاستییە مێژووییەکانى دەخستە ژێر پرسیارەوە لەمیانى گفتوگۆکاندا. کەواتە، دۆخی کاروباری لێکۆڵینەوەی ئاشتی لە عێراقدا چۆنە؟ ئایا لێکۆڵینەوەی ئاشتی دەتوانێت بناغەیەك بۆ گفتوگۆی باشتر و واتادارتر دروست بکات لەنێو لایەنى حکومى و کۆمەڵگاى مەدەنیدا بە شێوەیەک کە لاوانى عێراق بە کارەکتەرى سەرەکى گۆڕانکارییەکان بناسرێن؟

لەکاتێکدا لێکدانەوە و جێبەجێکردنی لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێ لە دۆخە جیاجیاکاندا جیاوازى بەرچاویان هەیە، لایەنێکی هاوبەشیشیان هەیە: ئەویشجەختکردنەوەیانە سەر دووبارە لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیە تێكشکاو و پەرشوبڵاوەکان بەرامبەر بە ئەزموونى ململانێ و بۆ تێگەشتن لە جۆر و ئەگەرەکانیان. لە دەرەنجامدا و پاش دەیان ساڵ، کەسە ئەکادیمى و خاوەن ئەزموونەکان ڕێگەی داهێنەریان دۆزییەوە بۆ شیکردنەوەی ئەم ڕاستییە ئاڵۆزانە و هەستان بە دروستکردنی کۆمەڵە ئامرازێکى بەسود بۆ گۆڕینى ململانێکان. زۆربەیان لەسەر ئەوە هاوڕان کە گۆڕانکارى لە پڕێکا ڕوو نادات، بەڵکو پێویستى بە هەوڵى بەردەوامى نەوە یەک لەدوا یەکەکان هەیە کە بە تێپەڕبوونى کات و هەنگاو بە هەنگاو ئەوەى لێکترازاوە یەکیدەخەنەوە.

نەوەی نوێی چالاکوانانی گەنج، ئەوانەى کۆڕانکارى لە ململانێکان بۆ دیاریکردن و بەدەمەوەهاتنى پێویستى کۆمەڵگاکەیان بە پێویست دەزانن، ، هەڵدەستن بە  برەودان بە چەندین ڕێگەى داهێنەرانەى  وەک هونەر و مۆسیقا و وەرزش کە هاوشانە لەگەڵ پەیوەندیکردن بە کۆمەڵگاوە، بۆ ئەوەى لەگەڵ خەڵکانی جیاواز لە ڕووی ئاین و تەمەن و کەلتور و خوەکانەوە پەیوەندى دروست بکەن. هەروەها ئامڕازەکانی وەکو تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن بۆ بنیادنانی هاوخەمی و دروستکردنی کەلتوری بەشداریپێکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى. ئەم سەربەخۆیی و هەستکردن بە خاوەندارێتیە لە پرۆسەی ئاشتیدا وادەکات بتوانن چالاکی هەمەچەشن ئەنجام بدەن و بەشداربن لەگەڵ پشتیوانیکاراندا. هێشتا دەتوانرێت ئەم توانست و پێکهاتانە باشتر بکرێن بەمەبەستى باشترکردنى بەردەوامبوون و برەودان بە تواناى خۆڕاگرى کۆمەڵگا عێراقییەکان.

لەکاتێکدا دەست دەکەین بە تێگەشتن لە ڕۆلی گەنجان (و پەوەردەکارانیان) وەکو لایەنی گۆڕانکاری لە دەقێکى فراوانترى ئاشتیدا لە عێراق و چۆن بتوانین لە ڕۆلیان لە دۆخی قەیرانی پەتای کۆرۆنادا تێبگەین ؟ کارمەندانی هێڵی پێشەوەى تەندروستیی و پزیشکان زۆر گرنگن بۆ چاودێری و چاکبوونەوەی نەخۆشانی کۆرۆنا، ئێمە نابێت ئەو بەرەوپێشچونەی لە عێراقدا وەدەستهاتووە لەبیر بکەین، لە ڕووی چاکبونەوە پاش دەیان ساڵ لە ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگى خوێناوى. لە راستیدا، لە کاتی قەیراندا کە ئەگەری هەڵکشانى ململانێ هەیە، ڕێچکە بچوکەکانی تێگەشتن لە گۆڕنکاری ئاشتی و ململانێ ئەگەری هەیە ببێتە کارامەییەکی گرنگ، وەكو لە ناو ئەو خێزانانەی بەهۆی تێكچوونی رۆتینەکانی ژیانیانەوە دووچاری گرژیی بەردەوام دەبنەوە.

لە سەرەتای گەیشتنی پەتاکە بۆ عێراق، لە ئاداری 2020 دا، ئێمە شایەتحاڵی گەنجانی عێراقی بووین، بەتایبەتی ئەوانەی لە لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێدا بەشداربوون و هێزى تێگەشتنیان بۆ هاوخەمى ئیتنیکى کۆمەڵگا و ئەو هیوایەى بەهۆى نەهێشتنى جیاوازییەکانەوە دروست بووە پیشاندا. ئافرەتان و پیاوانی گەنج بەجۆشبوون و حەزی خۆیان پیشاندا بۆ بەدەنگەوەچوونی پێویستیەکانی کۆمەڵگا و داکۆکیکردن لە هاوخەمی کۆمەڵایەتی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانى قەیرانی کۆڤید-١٩. تا ئەمڕۆ چەندان دەستپێشخەریی داهێنەرانە و کردەییمان بینیوە بە ئامانجی گەشتن بە کەسانی دۆخناسک و پەراوێزخراو. زیاتر لە 3.3 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی سودمەندبوون لە بەدەنگەوەچوونی کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی بەهۆی پەتاکەوە بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بۆ کۆمەڵانی دۆخناسکی ناوخۆیی بە دابەشکردنی 4150 سەبەتەی خۆراك. هەر کاتێك سەبەتەیەکی خۆراك گەیەنرابێت، ئەوە بە بیر کۆمەڵگا هێنراوەتەوە کە پشتیوانیکردنى یەکترى- بەتایبەتى لەکاتى قەیرانەکاندا- زۆر گرینگە بۆ ئەوەى عێراق ببوژێتەوە.  

کۆمەڵە خۆبەخشەکانى عێراق بە گشتی لەلایەن گەنجانەوە رابەرایەتی دەکرێن و چالاکی هاریکاریی مرۆیی و پێکەوەژیان و بەرزکردنەوەی هوشیاری کۆمەلگا ئەنجام دەدەن. ئەم کۆمەڵانە زۆر نەرمن و خۆگونجێنەرن بەرامبەر دۆخە گۆڕاوەکان و توانایان هەیە ڕێگاکانى دابینکردنی هاریکاریی پێویست کورت بکەنەوە، ئەو هاریکاریانەی ئاسان نیە بۆ حکومەت و نەتەوەیەکگرتوەکان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان کە بەخێرایی دابینی بکەن.

کارێکی هەڵە دەبێت ئەگەر تەنها لە چوارچێوەى قەیرانی پەتای کۆرۆناوە لە عێراق بڕوانرێت. ئەم وڵاتە چەندان قەیرانی لە هەمان کاتدا تێپەڕاندوە لەم ساڵانەی دواییدا و هەندێكیان هێشتا هەر بەردەوامن. لەکاتێکدا پەتاکە پێویستی بە بەدەنگەوەچوونی دەستبەجێ هەیە، ئامانجى لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی و ململانێ بریتییە لە چۆنیەتى بنیاتنانەوەى پەیوەندییەکان پاش جەنگ و دابینکردنى پێویستییەکان لەکاتى کەڵەکەبوونى قەیرانەکاندا بە وریایى و بەگوێرەى ئەولەویەتەکان.

نوسەران

ئالاء عەلی کارمەندی باڵای پڕۆژەی پەروەردەی ئاشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانە لە عێراق و هەماهەنگکاری پڕۆژەی "پەروەردە بۆ ئاشتی لە سیستەمی خوێندنی باڵای عێراقدا"ە کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانەوە لە عێراق کۆمەکی کراوە. پاش تەواوکردنی ماستەرنامەکەی لە گۆڕانکاری ململانێ و بنیاتنانی ئاشتیدا لە زانکۆی ئیسترن مینۆنایتز ئەم ئافرەتە بەڕێزە 15 ساڵ کاری لەسەر چارەسەری ململانێ و ئاشتیدا کردووە و بە یەکێك لە "حەوت ژنە ئاشتیخوازەکەی پەبلیك رادیۆ ئینتەرناشناڵ دادەنرێت کە پێویستە چاوت لەسەری بێت" لە 2015 دا.

ئەدهەم حامد لێکۆڵەری ئاشتی و ململانێیە لە زانکۆی ئینسبرەك کە تیایدا پرۆژەکانی عێراقی پەرەپێداوە بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی ئەلئەمەلی عێراقی و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق. بۆ پەیوەندیکردن: Adham.Hamed@uibk.ac.at

ئەلبا لۆزەرت لێکۆڵەری بوارى ئاشتی و ململانێیە لە زانکۆی ئینسبرەك کە تیایدا لە ساڵى  2019وە لێکۆڵینەوەی لەسەر چاودێریکردنی ئاشتی و ململانێ لە عێراقدا ئەنجام دەدات. بۆ پەیوەندیکردن: Alba.Losert@uibk.ac.at

مونتەسیر حەسەن بەڕێوەبەری پڕۆژەیە لە دەستەی ئەلئەمەلی عێراقدا. هەروەها خوێندکاری ماستەرە لە زانکۆی ئینسبرەك لە بەرنامەی ئاشتی و پەرەپێدان و ئاسایش و گۆڕانکاری ململانێی نێودەوڵەتیدا. بۆ پەیوەندیکردن: MH@Iraqi-alamal.org