ژیان لەسەر کورسى شۆفێری

2021 June 27

زەینەب، 38 ساڵ، بەغدا

بەمەبەستى برەودان بە گەشەى کارە بچووک و مامناوەندەکان لە عێراقدا، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، بە هاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوى ئامارى ناوەندى وەزارەتى پلاندانان و بە پشتیوانى ئاژانسى ئەمریکى بۆ پەرەپیدانى نێودەوڵەتى، بەم دواییانە ڕاپرسییەکیان لەسەر 2000 خاوەن کارى بچووک و مامناوەند لە عێراق کۆکردووەتەوە لە عێراق بەمەبەستى باشتر تێگەیشتن لە پەرەسەندن و بەربەست و دەرفەتە پەیوەندیدارەکان.

یەکێک لە بەشداربووانى ڕاپرسییەکە، زەینەبى تەمەن 38 ساڵ، کارە بچووکەکەى خۆى بەڕێوە دەبات وەک شۆفێرێک بۆ منداڵان و مامۆستایانى قوتابخانە لە بەغدا. بەمەبەستى دابینکردنى سەرەتایەکى باشى ژیان بۆ دوو منداڵەکەى ئەم کارە دەکات و گوێبیستیبن کە باس لە گرینگى ڕاپرسییەکە و پێویستى هاندانى زیاترى ئەو کارانەى لەلایەن ئافرەتانەوە بەڕێوە دەبڕین و پەرۆشى ئەو بۆ شۆفێریکردن دەکات.

چى وای لێکردیت دەست بە کارى تایبەت بە خۆت بکەیت؟

دۆخى گوزەران قورسە لە عێراقدا و ویستم داهاتێکم هەبێت بۆئەوەى هاریکارى هاوسەرەکەم بکەم بۆئەوەى بەشێوەیەکى یەکسان بتوانین بەربەستە داراییەکان ببڕین. دەبوایە بیر لە پێویستى و پەروەردە و تێچوو و ئینتەرنێت و کارەباى دوومنداڵەکەم بکەم سەرەڕاى کرێى نیشتەجێبوون. بەلامەوەگونجاو بوو کە داهاتى خۆمم هەبێت و هەر ئەمەش وای لێکردم دەست بەم کارەم بکەم.

بۆچى بیرت لە کارى شۆفێریکردن کردەوە؟

سەرەتا فێرى شۆفێرى بووم و منداڵەکانم و هاوڕێکانیانم لە قوتابخانە دەهێنایەوە ماڵەوە. چێژم لەمەش وەردەگرت. ئەمەش بوو بە شتێکى بەردەوام و بۆیە بیرمکردەوە- بۆچى داهاتێک لەمەوە دەستنەخەم؟ سێ ساڵ لەمەوبەر دەستم پێکرد و تاکو ئێستاش بەردەوامم، سەرەڕاى ئەو بەربەست و ئاستەنگییانەى پەتاى کۆرۆناش لەساڵى ڕابردووەوە دروستى کردوون.

لەڕووى کلتوورەوە شۆفێرى بە کارى ئافرەتان هەژمار ناکرێت. کاردانەوەى خەڵى چییە کاتێک کارەکەى خۆتیان پێ دەڵێیت؟

لەڕاستیدا خەڵکى بەچاوێکى جیاواز لێم ناڕوانن. بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەست بە دڵنیایى زیاتر دەکەن لەگەڵ مندا! لەسەرەتادا، هەندێک لە دایکان دوودڵ بوون، چونکە ئەم کارە پێویستى بە کەسێکى بەهێز و بڕوابەخۆبوو هەیە (چونکە شۆفێریکرد لە بەغدا فشارێکى زۆرت بۆ دروست دەکات!) سەرەڕاى پابەندبوون و دوانەکەوتن. بەڵام، پاش ئەوەى لەگەڵ چەند خێزانێکدا دەستمپێکرد، ژمارەیەکى زۆر لە دایکان داوایان دەکرد منداڵەکانیان بگوازمەوە. منیش هەمیشە ڕێکارى گونجاو دەگرمە بەر. هەمیشە 30 خولەک لەپێش کاتى دیاریکراوەوەم، تەنها لەبەر ئەوەى منداڵەکان بەتەنها لە چاوەڕوانیدا نەمێننەوە.

بێجگە لەوەى کە ئافرەتیت، چ شتێک ئەو کارەى تۆ لە خزمەتگوزارییەکانى ترى شۆفێریکردن جیادەکاتەوە لە بەغدا؟

پابەندبوون کلیلى سەرکەوتنى کارەکەمە. هەمیشە لەکاتى خۆیدا ئامادەم و بەرپرسیارێتى تەواوى کارەکەم دەگرمە ئەستۆ و هەمیشە کارەکەشم بە جدى ئەنجام دەدەم چوونکە خەڵى متمانەیان پێمە و ژیانى منداڵەکانى خۆیان بەمن دەسپێرن. هەروەها، ئەوانەى خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکەم بەوریاییەوە هەڵیان دەبژێرم- هەرگیز بە کوێرانە کەس هەڵنابژێرم. ڕەنگە ئەمەش وا بکات کە نەفەرێکى زۆرم نەبێت، تەنها ئەوانە نەبێت کە متمانەى تەواویان پێ دەکەم و پشت بەمن دەبەستن.

 گرینگترین بەشى کارەکەى تۆ چییە؟

گەشەى کەسى خۆم. ئێستا سەربەخۆم. ناسنامەى خۆمم هەیە و پێویسم بەوە نییە داواى یارمەتى لە کەس بکەم چونکە خۆم بژێوى خانەوادەکەم پەیدا دەکەم، شانبەشانى هاوسەرەکەم. پێداویستى منداڵەکانم دابین دەکەم و ئەمەش گرینگترین شتە بۆ من. هەرگیز نامەوێت هیچیان لەدەست بچێت و هەست بە کەمى بکەن لەبەر نەبوونى پێداویستییە سەرەکییەکانیان. گشت ئەوەى دەیکەم بۆ منداڵەکانمە.

بۆچى بەشداریت لەم ڕاپرسییەى سەر کارە بچووک و مامناوەندەکان کرد کە لە لایەن دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى ئەمریکییەوە پشتیوانى دەکرێت؟

ویستم ڕاى خۆم بدەم. ڕاپرسى لەم جۆرە کە دەرفەتمان دەدات ڕاى خۆمان دەرببڕین کەمە، هەربۆیە بەلامەوە گرینگ بوو ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە. ویستیشم ئەمە بۆ هاریکارى ئافرەتانى وەک خۆم بکەم بۆئەوەى لەمنەوە هانبدرێن و پەرە بە کارەکانى خۆیان بدەن.

بۆچى کارە بچووک و مامناوەندەکان گرینگن بۆ عێراق؟ چ ڕۆڵێک لە کۆمەڵگادا دەگێڕن؟

عێراق بە دۆخێکى قورسدا گوزەر دەکات. دۆخى ئابورى بەخێرایى تێکچووە بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە و ئێستا ناچارین پارەى هەموو شتێک بدەین، تەنانەت ئاویش. هەر لەبەر ئەمەشە پێویستمان بە بزنزە بچووک و مامناوەندەکان هەیە بەمەبەستى دابینکردنى خزمەتگوزارییە نێوخۆییەکان و لەگەڵیدا برەودان بە سەربەخۆیى ئابوورى و بەرزکردنەوەى ڕێژەى مامناوەندى دەستکەوتى تاک.

پێویستە پیاوان و ئافرەتان، زیاتر لە گشت کاتێکى تر، پێویستیان بە هەماهەنگى هەیە و لایەنە ئەرێنییەکەى بەڕێوەبردنى کارە بازرگانییە بچووکەکان ئەوەیە کە جیاکارى لەنێوان ڕەگەزەکاندا ناکات. ئافرەتانیش دەتوانن وەک پیاوان بە سەرکەوتوویى بەڕێوەى ببەن!

لەکاتێکدا کە سەرقاڵى شۆفێرى نیت، چێژ لە چ چاڵاکییەک دەبینیت؟

بە پێکەنینەوە گوتى کە بێجگە لە پاککردنەوە و دابینکردنى پێداویستى منداڵەکانم؟! چوونەدەرەوەیە بۆ نانى ئێوارە لەگەڵ خانەوادە و هاوڕێکانمدا!

ڕوونە کە بەپەرۆشیت بۆ کارى شۆفێرى، بەڵام ئەو کارە چییە کە هەمیشە خەونى پێوە دەبینیت؟

خەونم ئەوەیە کارێکم لە بوارى بەڕێوەبردندا دەست بکەوێت. کارەتایبەتەکەم زۆر شتى فێرکردووم کە دەکرێت لە بوارى تردا بەکاریان بهێنم. توانایەکى زۆرى سەرکردایەتیکردنم هەیە، تەنانەت لە ئامادەبوونى هاوسەرەکەشمدا. هەمیشە کارەفەرمی و ئیدارییەکانى ڕۆژانە لەماڵەوە تەواو دەکەم، و من زۆر پابەندم.

ئافرەتان چ ڕۆڵێک دەبینن لە کۆمەڵگاى عێراقیدا؟ چ بەهایەک زیاد دەکەن بۆ ژیان؟

ئیمڕۆ سەردەمى ئافرەتانە. ئافرەتان بوون بە دایک و باوک، بەتایبەتى دواى ئەو هەموو جەنگەى بەسەر عێراقدا هاتووە.ئافرەتان ڕۆڵێکى گەورەیان هەیە. سەرکەوتن و دڵخۆشى هەر خانەوادەیەک بەندە بەو ئافرەتەوە کە لەو ماڵەدا دەژى.

لەبارەى ڕاپرسییەکەوە

ڕاپرسییە تێکەڵە فەرمى و نافەرمییەکەى کارە بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکان، کە لە لایەن دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپیدانى نێودەوڵەتییەوە کۆمەک دەکرێت، بۆ ئەوە داڕێژراوە تاوەکو وێنەیەکى ڕوون لەبارەى پێکهاتە و پەرەسەندن و شێولزى کار و بەربەست و دەرفەتەکانى کارە بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکان لە عێراق بخاتە ڕوو لەڕێگەى زانیارى و هەڵسەنگاندنى نوێ و باوەڕپێکراوى پەیوەندیدار بە بازاڕەوە. هەروەها ڕێگە بۆ حکومەتى عێراق و خاوەن بەرژەوەندییە سەرەکییەکان خۆش دەکات بۆئەوەى دەستپێشخەرى بکەن بەمەبەستى پشتیوانیکردنى کەرتى تایبەت لەڕیگەى کارە بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکان و دروستکردنى هەلى کار و سیاسەتێکى گشتگیرى گەشەسەندنەوە. ئەم ڕاپرسییەش بەشێکە لە پڕۆژەى دامەزراوەى کۆمەکیکردن بۆ چاکسازى ئابوورى فیدڕاڵى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان لە عێراق.