هاوبەشییەکی نوێ پشتیوانی لە پەرەسەندنى کەرتی تایبەت دەکات لە هەرێمی کوردستانی عێراق

2022 February 27

هەولێر، 27ى شوبات، 2022 ئەمڕۆ بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاداشتنامەیەکی نوێی لێك تێگەیشتنیان واژۆ کرد کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت لە ڕێی پڕۆژە بچوك ومامناوەندەكانەوە.

ئەم یاداشتنامەیە چوارچێوەیەکی گشتی دەخاتە بەردەست بۆ هاریکاریی نێوان هەردوولا بەمەبەستی ڕووپێوییکردنى پڕۆژە بچوك ومامناوەندەکان، ئەمەش لە ڕێی داراییدانێکی بەخشندانەی گەلی ئەمریکاوە لە ڕێی دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا: دهۆك وهەولێر وهەڵەبجە وسلێمانی.

ئەم ڕووپێوییه، کە پاش ڕووپێوییەکی هاوشێوە دێت کە لە عێراقی فیدراڵدا لە بەغدا وبەسرە ونەینەوا ئەنجامدرا، کار لەسەر بنیادنانی ڕێبازێکی گشتگیر وتێگەشتن لە پەیکەربەندی پڕۆژە بچوك ومامناوەندەکان وئاراستەکانی گەشەکردن وکارەکانیان دەکات کە ئەمەش یارمەتی بەرژەوەندیداران دەدات بۆ بڕیاردانی پشتبەستوو بە زانیارى دەربارەی چۆنیەتی بەهێزکردن وپەرەپێدانی ئەم پڕۆژانە ودروستکردنی بنچینەیەکى ئابووری كە بەردەوامی بەخۆیەوە ببینێت لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. هەروەها ڕووپێوییەکە بایەخ بە دەستنیشانکردنی ئەو دەرفەت وئاڵنگارییانەی پڕۆژەکان دەدات کە دوچاریان دەبن.

بەرێوەبەرى شاندى دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى بۆ عێراق بەڕێز جۆن کاردێناس، گوتى: “بازرگانییە بچووک و مام ناوەندەکان شاخوێنبەرى سەرەکى ئابوورییەکى تەندروستن. لەهەمان کاتیشدا زۆر بە ئاسانى دەکەونە بەر مەترسییەوە، زیاتر لە هەر شتێکى تر. حکومەتى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەڕێگەى دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نیودەوڵەتییەوە، بەشانازییەوە هاوکارى ئەم لێکۆڵینەوە گرینگە دەکات کە تیشک دەخاتە سەر دەرفەت و ئاستەنگەکانى  بەردەم ئەم کەرتە گرینگە و برەو بە گەشەیەکى ئابوورى بەردەوام دەدات لە هەریمى کوردستانى عێراقدا.”

لەم ڕووەوە، بەڕێز وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا دەربارەی واژۆکردنى ئەو یاداشتنامەیە گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسی ڕێکخراوەکانی بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دامه‌زراوه‌ی ئه‌مریکی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی دەکات بۆ ئەو یارمەتییەی پێشکەشیان کردووە بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوێک لە سەر ئاستی دامەزراوە  بچوک و مامناوەندەکان کە بۆ یەکەم جارە ئەم ڕووپێوییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کەم و كوڕییەکان و پێشنیارکردنی ڕاسپاردەی گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم دامەزراوانە تاوەکو هەلی کار فەراهەم بکرێت بۆ لاوان لە کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری بە تایبەت لە ناو چینی لاواندا".

هاوکات نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، زێنە عەلی ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە: " ئەم هاوبەشییە پێویستە بۆ بەهێزکردنی رەخساندنی دەرفەتی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان لە ڕێی بەهێزکردنی پەرەپێدانی پڕۆژە بچوك ومامناوەندەکانەوە لە هەرێمی کوردستاندا. ئێمە هەر بەکردار چەند بیرۆکەیەکی زۆر بەهادارمان دەستخستووە لە ڕێی ڕووپێوییەکەی عێراقی فیدراڵەوە کە یارمەتی داین نەخشە ڕێگایەك ئامادە بکەین بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە – کە دەبێتە هۆی دڵنیابوون لەوەی خاوەنکارەکان وئەوانەی بیر لە دامەزراندنی پڕۆژە ى تایبەت بەخۆیان دەکەنەوە ئەو پشتگیری وهاندانەیان پێدەگات کە پێویستیانە".

هەروەها گوتیشی "ئەم یاداشتنامەیە بەڵگەیەکی ترە لەسەر هاریکاری ناوازەی نێوان بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە هاوبەشی سەرەکی چەندین دەستپێشخەری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراقە- لەپاڵ هاوبەشییمان لەگەڵ لایەنی كۆمەكبەخشی بەخشندەدا کە بریتییە لە دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی. هەر بۆیە ئێمە زۆر سوپاسگوزاری دامەزراوەکەین لەپای پابەندبوونی بەردەوامی بۆ بەهێزکردنی گەشەی کەرتی تایبەت لە هەریەك لە عێراقی فیدراڵ وهەرێمی کوردستانی عێراقدا".

 

بۆ زانیاری زیاتر، تكایە پەیوەندی بكەن بە:

موحەمەد ئەلبەهبەهانی، ڕاوێژكاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان | 222 4399 770 964+