سەقامگیرکردنی عێراق ئەولەویەتی یەکەمینی هۆڵەندایە ئەمەش بە بەخشینی 5 ملیۆن یۆرۆ

2022 January 24

هەولێر، 23ی کانوونی دووەمی 2022- بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا 5 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 5.63 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) لەلایەن حکومەتی شانشینی هۆڵەندییەوە پێگەیشت وەک کۆمەک بۆ دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان. ئەم دامەزراوەیە کۆمەکی بۆ دەستپێشخەریە خێراکان بۆ سەقامگیرکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لە دەست داعش دابین دەکات.

بەم بەخششە نوێیەوە، کۆی بەخشینەکانی هۆڵەندا دەگاتە 107.45  ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. هۆڵەندا سێهەمین گەورە بەخشەرە بە دامەزراوەکە لەکۆى 30 هاوبەشە بەخشەرەکە. تا ئەمڕۆ، ئەم دامەزراوەیە پشتیوانی لە گەڕانەوەی 4.93  ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی کردووە کە بەهۆی جەنگی داعشەوەئاوارە بووبوون.

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد، گوتى: " کاریگەری هەوڵەکانمان بۆ سەقامگیری، بە پشتیوانی میهرەبانانەی هاوبەشە سەرەکییەکانمانەوە وەکو هۆڵەندا بە ڕوونی دیارە لە هەموو عێراقدا. قوتابخانەکان دەکرێنەوە و ئاوی خواردنەوە دەگاتە ماڵەکان و ڕێگاکان ئاسانکاری بۆ گەیشتنی خەلکی دەکەن و ماڵەکان نۆژەن کراونەتەوە."

هەروەها گوتى: "لەڕێی ئەم بەخشینەوە، هۆڵەندا خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی کۆمەڵگا عێراقییەکانی کردە کارى لەپێشینە و منیش دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ پابەندبوون و سەرکردایەتییەکەیان."

گوتیشى "وەکو یەکێك لە بەخشەرە هەمیشەییەکانی دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری، هۆڵەندا ئەو ڕاستییە بەرز دەنرخێنێت کە تیایدا بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان هەوڵەکانی چاککردنەوە و چاکبوونەوەی پەیوەست دەکات بە چالاکییەکانی سەقامگیرییەوە کە جەختیان خستووەتە سەر دامەزراندنەوەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی، بۆ نمونە وەکو ئەم بەخشینە," بەڕێز میشێل ڕینتینار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق.

لەسەر داوای حکومەتی عێراق، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە حوزەیرانی 2015 دا دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری بەمەبەستى ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان و دانانی بناغەی چاککردنەوە و چاکبوونەوە و زامنکردن لە دژی سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی توندوتیژ دامەزراند.

ئەم دامەزراوەیە زیاتر لە 3000 پرۆژەی لە 31 شار و قەزای ئازادکراو لە داعشدا جێبەجێ کردووە کەبووەتە یارمەتیدانی دەسەڵاتداران بۆ ئەوەى لە ئەنبار و دیالە و کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدیندا بەخێرایی شیاندنەوە بۆ ژێرخانە گرینگەکان بکەن.

بۆ پەیوەندیکردن بە بەشى میدیاوە:

میرینالینى سانتانام، پسپۆڕى پەیوەندییەکان، 9647901931308+