کوڕەکەم گیانى خۆى لە پێناو عێراقدا بەخت کرد: لێبوردەیى بەرەو ئاشتەوایى

2021 June 10
UNDP Iraq

 

 سەید جەواد لە هەولێر، حوزەیرانى 2021

نیازى باش لێبوردەیى و ئاشتى بەدواى خۆیدا دەهێنێت،; ئەمە گوتەى سەید جەواد ە، یەکێکە لە سەرکردە ئاینییە شیعییەکان لە تەلەعفەر، لە پارێزگاى نەینەوا.  لە ساڵى 2004 وە کار بۆ نەهێشتنى گرژى ئاینى نێوان گروپە جیاجیاکان دەکات لە کۆمەڵگاکەیدا و دەیەوێت خەڵکەکە بە لەژێر ناوى ئاشتییەوە لەیەکترى نزیک بکاتەوە. سەید، وەک ئەندامێکى کۆمیتەى ئاشتى نێوخۆیى تەلەعفەرکە لە لایەن بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقەوە پشتیوانى دەکرێت، ڕۆڵێکى گرنگ لە هاندانى ئاشتى کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنى ڕووبەڕووبوونەوە نێوخۆییەکان دا دەگێڕێت لە نەینەوادا.

سەعید، کە لە لایەن مەرجەعیەتەوە (بەرزترین دەسەڵاتى شیعى عێراقە) هاندراوە بۆ برەودان بە یەکێتى کۆمەڵگاکەى، پێکەوەهەڵکردنى کۆمەڵایەتى بە ئەرکى خۆى دەزانێت. سەعید هەمیشە سوورە لەسەر ڕێبازەکەى و کار بۆ مسۆگەرکردنى داهاتوویەکى پرشنگدارتر دەکات بۆ عێراق، سەرەڕاى ئەوەى وەکو باوک گەورەترین و قوڵترین ئازارى لەدەستدان دەچێژێت.

“عەلاء لە ساڵى 2005 دا تەمەنى 21 ساڵان بوو و ئازیزترینیان بوو لە نێو کوڕەکانمدا. زۆر قۆز بوو. هەروەها قوتابى بوو و حەزى لە میدیا بوو.”

لەمیانى ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لە نێوان پۆلیس و کۆمەڵێک ئاژاوەچیدا، عەلاء گوێى لە هاوارى ئامۆزاکەى بوو و ڕایکردە دەرەوە. پاش چەن خولەکێک، تەقەى لێکرا. زۆر بە خراپى زامداربوو. بەپەلە بردرابۆ نەخۆشخانە لە بەغدا و لەوێدا لەلایەن دوو دکتۆرى خەڵکى فەلوجەوە چارەسەرى بۆکرا.

“لەکاتێکدا عەلاء گیانى دەدا، داواى لێکردم تۆڵەى کوشتنەکەى نەکەمەوە. پاشان ناشتمان. تاکو ئێستاش ئازارى لەدەستدانەکەى لە دڵمدایە.”

بەگوێرەى گوتەکانى سەید، مەرجەعیەش ئامۆژگارییان کرد بەوەى تۆڵە نەستێنێتەوە و ئەویش ڕازیبووە بەم داوایە.

“عەلاء مرد و منیش گوتم کە دەبێت لە هەمووان ببورین. پێویست ناکات تۆلە بکەینەوە. سەرکەوتنى عێراقییەکان، جا چ شیعە یان سوننە یاخود ئێزیدی بێت پەیوەستە بە لێبوردەییەوە. پێویست ناکان سزاى گشت دانیشتوانى کۆمەڵگاکە بدەین. هیچ جیاوازییەک لە نێوانماندا نییە. گشتمان لە خۆڵ و ئاو دروستکراوین.”

سەید ئامۆژگارى گروپەکان و ڕابەرە ئاینییەکان و ئەو خانەوادانەى پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و ئەندامانى کۆمەڵگا و ئاوارە نێوخۆییەکان  دەکات تاکو گرژییەکانى نێوانیان بڕەوێننەوە و بەیەکەوە گەنگەشەى کێشە و ڕەگى بیرى توندڕەوى لە نێوانیاندا بکەن. سەرەڕاى ئەوەى ئازارى لەدەستدانى کوڕەکەى تاگو ئێستا لە دڵیدایە، تێگەیشتنى سەید لەبارەى جەنگ و  دەرئەنجامى دیاردەى تۆلە سەندنەوە زیاتر لە ئاشتى نزیکى کردووەتەوە.

“کوڕەکەم گیانى خۆى بۆ عێراق بەخت کرد.”

لەم ماوەیەدا سەید ئامادەى کۆنفرانسێکى دوو ڕۆژى بوو لە شارى هەولێر کە تیایدا 100 ڕابەرى ئاینى خاوەن بیروباوەڕى جیاجیا کۆکرابوونەوە بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى بەرەوپێشچوونى ئاشتەوایى و بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى و توندڕەوى و  لەگەڵیدا هانى گەڕانەوەى ئاوارە نێوخۆییەکان لە پارێزگاى نەینەوادا و زیاتر برەو بە ئاشتى کۆمەڵایەتى بدریت لە نێو ژمارەیەکى بەرفراوانى کەرتەکاندا.

 

 سەید جەواد لەگەڵ قەشە ئەڤرام بنجامیین و غدیر ئەحمەد نوری.

کۆنفرانسەکە بە هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و پارێزگارى نەینەوا ڕێکخرابوو و بەشێکە لە پڕۆژەى ئاشتەوایى گشتگیرى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق و کاریکى بەرهەمدار بوو لەگەڵ ڕابەرە ئاینییەکاندا لە عێراق کە لە لایەن حکومەتى دانیمارکەوە پشتیوانى کراوە.

وێنە: ڕۆژانى 1 و 2 ى حوزەیران، کۆنفرانسى ئاینەکان لە هەولێر، هەرێمى کوردستانى عێراق.