ڕووبەرووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و نایەكسانی ڕەگەزیی: چیڕۆكی وەلاء

2020 October 4

بەشداری پێکردنی ئافرەتان لە بەدەنگەوەچوونی  ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر گرنگە، کەواتە بەشداری پێکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردانیشدا زۆر گرنگە. بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان هانی ئافرەتانی داوە لە عێراقدا بۆ گرتنە دەستی ڕۆڵی سەرکردایەتی و پێشڕەوی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەتاکەدا. لە ڕاستیدا هەندێك لە ئافرەتان لیژنەکانی تەندروستییان بەڕێوە بردووە لە دامەزراوە تەندروستیە ناوخۆییەکاندا و پشتیوانی کۆمەڵگاکەی خۆیان کردووە و هیوایان داوەتە بەر دانیشتوانەکە لەم کاتە سەختانەدا.

وەلاء تەمەنی 29 ساڵە و ئەندازیاری پزیشکى ئەندامییە و لەم دواییانەدا کرایە سەرۆکی لیژنەی بەرپرس لە سەرپەرشتیکردنی دابینکردن و دانانی کەلوپەلی پزیشکی بۆ پشتیوانیکردن لە بەدەنگەوەچوونی حکومەتی عێراق بۆ  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای ئەنباردا. ئەم کەسە ئافەرتێكی پابەندی گەنجە و بەرامبەر ئەم ئاستەنگیە ڕاوەستاوە کەلەڕێی چونە سەر کارەکەی لە ڕەمادی، کە مالی خۆی لە فەلوجەیە، دێتە بەردەمى لەکاتێکدا ئەم دوو شوێنە دوورن لە یەکەوە.

کەی دەستت بە کارکردن کرد لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی ئەنباردا؟ بەرپرسیارێتیەکانت چین؟

لە سەرەتای ساڵی 2017 دا دەستم بە کارکردن کرد لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنباردا. لەو کاتەدا پسپۆریەکەم بوونی نەبوو لە بەڕێوەبەرایەتیەکەدا. بەهۆی گرنگی پسپۆریەکەمەوە [بەڕێوەبردنی کەلوپەلی پزیشکی] خۆم داکۆکیم لەم ڕۆڵە کرد و بە سەرکەوتووی بەگەڕم خست. بەرپرسیارێتیە سەرەکیەکانم بریتین لە بەڕێوەبردنی کەلوپەلی پزیشکی و چاککردنەوەی کەلوپەلە زیانلێکەوتووەکان. هەروەها ئاگاداری کەموکوڕیەکانی کەلوپەلە پزیشکیەکانم لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنباردا و یارمەتیدەرم لە دابەشکردنیاندا بەسەر نەخۆشخانەکانی تردا لە هەرێمەکەدا، وەکو ڕەمادی و فەلوجە.

ئایا تۆ بەشێکیت لە هیچ لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیەکەدا؟ ئایا هیچ کارێکى زیاتر دەکەین بێجگە لە پسپۆریە تەکنیکیەکەت؟

لە ڕاستیدا من بەشدارم لە ژمارەیەك لیژنەدا. یەکەم، من سەرۆکایەتى لیژنەیەك دەکەم کە پەیوەندیدارە بە سەرپەرشتیکردنی کەلوپەلی پزیشکی بۆ پشتیوانیکردن لە  بەدەنگەوەچوونی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەنباردا. هەروەها پەیوەندیگرتن و هەماهەنگی ئەنجام دەدەم لە نێوان بەڕێوەبرایەتی تەندروستیی ئەنبار و وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانى وەکو نەتەوە یەکگرتووەکاندا. سەرپەرشتی ئامادەکردنی تەکنیکی و دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی دەکەم، هاوتا لەگەڵ ستاندارد و پرۆتۆکۆلەکاندا. بۆ نمونە لە ئێستادا سەرپەرشتی بەشداریکردنێکی بەهاداری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان دەکەم کە 20 ئامێری هەناسەدانى دەستکردى بەخشیوە بە دامەزراوەکە کە بەم زوانە وەردەگیردرێن. هەروەها بەشێکم لە لیژنەی بەڕێوەبردنی قاوشی جیاكردنەوەی نەخۆش کە بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پشتیوانی دەکات لە ئەنباردا و لە ئێستادا وەکو قاوشی سەرەکی جیاكردنەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکە دانراوە بۆ تووشبوانی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكەدا. لەکاتی پێویستدا کارى تەکنیکی ئەنجام دەدەم لە جێی هاوپیشەکانم کار دەکەم بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە کارگێڕی و لۆجیستیەکان.

کارکردن وەکو کارمەندی تەندروستی چۆنە لە عێراقدا لە نێو پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا؟ ئایا بەرپرسیارێتیەکانت زیادیان کردووە؟

لە پەتای  ڤایرۆسی كۆرۆنا دا، زەحمەتی ڕۆژانەم بۆ گەشتن بە کار زیادی کردووە، ئێستا کاتێکی زیاترم پێدەچێت بۆ چون و گەڕانەوە لەسەر کار بەهۆی نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوەوە. لەکاتێکدا زۆرینەی ئەندازیاران بەوپەڕی توانای خۆیانەوە کار ناکەن، من خۆم تەرخان کردووە فول تایم کار بکەم لە کاتە سەختەدا، ئەمەش واتا هەموو کارێك دەکەم. کەلێنی هاوپیشەکانم پڕ دەکەمەوە و ئامادەی کۆبونەوەکان دەبم لە وەزارەتدا و بەرپرسیارێتیە ئاساییەکانم ڕادەپەڕێنم.

وەکو کارمەندێکی تەندروستیی ئافرەت، بۆچی گرنگە بەشێك بیت لە لیژنەیەکی لەم شێوەیە؟

زۆر گرنگە بەشێک بم لەم جۆرە لیژنەیە، چونکە بڕێکی زۆر کەم ئافرەت دەبینرێن لە شوێنی کاردا لە عێراق. ئەو ئافرەتانەی پسپۆریەکەیان وەکو منە زۆر کەمن. زۆر سەختە بۆ ئافرەتان رەزامەندی خێزانەکانیان و خزمەکانیان و کۆمەڵگەکەیان بەدەست بێنن بۆ کارکردن وەکو ئەندازیار. بۆ نمونە هەندێك لە هاوڕێ مێینە نزیکەکانم هانیان داوم داوای گواستنەوەی کارەکەم بکەم بۆ نەخۆشخانەی فەلوجە تەنها بۆ ئەوەی نزیك بم لە خێزانەکەمەوە، بێ گوێدانە ئەو ڕاستیەی ئەم پۆستەی ئێستام دەبێتە قوربانی پۆستێکی خوارتر. من هیچ دەرفەتێکی کار بە کەم دانانێم، بەڵام خوێندنی ئەندازیاریی ئەندامی-پزیشکی خولیای خۆم بووە و ویستومە لە کەرتی بوارەکەی خۆمدا کار بکەم. کارەکەمم خۆشدەوێت و ئەو ماوەیەی دەیبڕم بۆ چوونە سەر کارەکەم گرنگ نییە بەلامەوە بە مەرجێك بگەمە ئامانجەکانی خۆم. دەمەوێت جەخت بکەمەوە سەر ئەوەی بەداخەوە زۆر ئافرەتی عێراقیی هەن لەم ڕۆژەدا بەردەوامن لە هەڵبژاردنی ئاسانترین بژاردە، کە مل کەچکردنە بۆ فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان.

بەڕای تۆ بەشداریپێکردنی ئافرەتان لەم جۆرە پەیکەربەندیەدا لە عێراق گرنگە؟ بەڕای تۆ چۆن ئەمە بەهێزتر دەکرێت؟

بەڵێ، چونکە دەتوانن ڕۆڵە ڕاستەقینەکانی خۆیان پیشان بدەن و بەشداربن لە زیادکردنی بەهای دامەزراوەکاندا. نابێت پەراوێز بخرێن. وەرگرتنی ئەم جۆرە بەرپرسیارێتیە ترسناکە، بەڵام هیوادارم ئافرەتانی زیاتری عێراقی پێشڕەوی بکەن و نەترسن لە هەڵە کردن. زۆر باوەڕم بەوەیە ئەوپەڕی تەقەلا بدەم بۆ ئەوەی بگەمە نایابێتی لە کارەکەمدا. ئەرکی مرۆیی منە ئەم کارە بکەم جا گرنگ نیە ئافرەت بم یان پیاو. باوەڕم وایە ڕاهێنانی ڕێکخراو کە ئافرەتان بە ئامانج دەگرێت بە تایبەتی لە پارێزگا عێراقیەکاندا وەکو ئەنبار بۆ بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونیان دەبێتە هۆی هاندانی ئافرەتانی زیاتر تا توانای هەستانەوەیان هەبێت و بەجۆش بن بۆ کارکردن.

هیوات بۆ داهاتووی ئافرەتان چیە لە عێراقدا؟

هیوادارم هەموو ئافرەتان و بەتایبەتی ئەندازیاران، لە بوارەکانی خۆیاندا کار بکەن و ئاستەنگیەکان بگرنە ئەستۆ بە بوون بە سەرۆکی لیژنەکان یان ڕابەرایەتیکردنی تیمەکان لە مەیداندا. وەکو خۆم بەردەوامم لە هاندانی باشترین هاوڕێکانم، کە دەرچوون لە زانکۆ لەگەڵ مندا و ئەندازیارن، تا جۆش بدەنە خۆیان و داواکاری کارکردن لە بوارەکەی خۆیاندا پێشکەش بکەن لەبری کارکردن لە بوارێکدا کە کەمترە لە شیاوێتیەکانی خۆیان. هیوادارم هەموو ئافرەتانی عێراق هەنگاو بەرەو پێش بنێن بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان و لە مەودای ئاسودەیی خۆیان دەربچن.

دەربارەی بەدەنگەوەچوونی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان عێراق بۆ پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا

لە مانگی ئازاری 2020 ەوە، بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان کاری کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە هەوڵەكانی ڕووبەرووبونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا. ڕێکاریەکانی پاکێجی بەدەنگەوەچوونی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق زیادکردنی توانستی پشکنینی تاقیگەکان و دابینکردنی کەلوپەلی پاراستنی کەسی بۆ کارمەندانی تەندروستی و دامەزراندنی یەكەی جیاكردنەوەی نەخۆش و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ دانانی ستراتیژیەتی چاکبونەوەی پاش پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە خۆ دەگرێت. بە جەختکردنەوە سەر کۆمەڵگایانەى لە ناسکترین دۆخدان لە عێراقدا، چاڵاکیەکان لە 15 پارێزگادا ئەنجام دەدرێن.