پاڵەوانانى عێراقی لە دیالە و كەركوك لە ڕووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا

2020 November 12

د. عەلی عەبدوڵا عەباس، 30 ساڵ، پزیشکێکی نیشتەجێى باڵا، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بەعقوبە لە دیالە

پەرستارەکان بە خێرایی بە ناو قاوشەکاندا هاتوچۆیان دەکرد؛ ئامێرەکانی نەخۆشەکان لە دوورەوە دەنگی لێوە دەهات، پزیشکەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ نەخۆشەکانی ژووری چاودێریی ورد دەکرد، ئەمە ڕۆژێکی ترە لە هەلومەرج و ژیانی کارمەندانی هێڵی پێشەوەى تەندروستی لە عێراقدا. لە دیالە و کەرکوک و هەموو وڵاتەکە، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەى تووشبوانى ڤایرۆسی کۆرۆنا خێرایی و دووبارەبونەوەی ئەم ڕۆتینە زۆر زیاتر بووە.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان پیشتوانی هەوڵەكانی پاڵەوانان لە كارمەندانی تەندروستی دەكات، و كار لەگەڵ حکومەتی عێراق دەكات بۆ بنیادنانی یەکەکانی جیاكردنەوەی تەندروستی توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 14 دامەزراوەى تەندروستی دەکات لە عێراقدا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر لە دژی ئەم پەتایە بجەنگن و خزمەتی ئەوانە بکەن کە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی هەیە.

دیالە، کە بە پایتەختی پڕتەقاڵ ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی بەرهەمهێنانی پڕتەقاڵ و سندیەوە، تیایدا ئابووری پشتی بە کشتوکاڵ و خورما و بێستانی زەیتون بەستووە. بەهۆی داگیرکارییەکانی داعشەوە و بەکارهێنانی وەکو هێلی بەرگری داعش، ئەم ناوچەیە زیانێکی زۆری بەرکەوت و خزمەتگوزاریەکان و ژێرخان توشى داتەپین بوون. پاش ئازادکردنی ئەم شارە لە داعش، لە ساڵی 2015 دا، ژمارەیەك پڕۆژەی شیاندنەوە لە پارێزگاکەدا دەستیان پێکرا بە سەرپەرشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق بە ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیالەدا بۆ گێڕاندنەوەی ژێرخانە زۆر پێویستەکان و ئاسانکردنی فەراهەمبوونى پێویستییە بنەڕەتییەکان.

بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی لەپڕ و چاوەڕوان نەکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا، و بە تایبەتی لەم هەرێمەدا، بووە هۆی وەستاندنی پڕۆژەکانی شیاندنەوە لە قەزا ئازادکراوەکاندا و بووە هۆی قوڵترکردنەوەی کێشە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکان.

تالیب عەدنان، 40 ساڵ، نوێنەری پارێزگار لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا لە نوسینگەی قەزای دیالەدا.

تالیب عەدنانى 40 ساڵان، کەخاڵی پەیوەندییە لە پارێزگای دیالەدا، لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا کار دەکات، گوتی "پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری کردووەتە سەر هەموو کایەکانی ژیان لە پارێزگای دیالەدا، بە تایبەتی ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە، چونکە پیشە و کارەکان وەستێنراون بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە. هەروەها بووە هۆی داپچڕاندنی کاتژمێرەکانی کاری کارگێڕی بۆ کەمکردنەوەیان بە ڕێژەی سەدا 25 و بووە هۆی دواخستنی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لەمساڵدا."

لە ناو نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبەدا، کە لە پایتەختی قەزای دیالەدایە، کارمەندانی پزیشکی بە بەردەوامی کار بۆ دابینکردنی بایەخی تەندروستی پێویست دەکەن بۆ نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەردەوامیدان بە پشتیوانییکردن بۆ نەخۆشەکانی تر.

د. عەلی عەبدوڵا عەباس، 30 ساڵان، پزیشكی موقیمی باڵا لە نەخۆشخانەی فێرکاری بەعقوبە، دەڵێت " ئەم ڤایرۆسە کاریگەری کردووەتە سەر کار و ژیانی ڕۆژانەمان بە گشتی. لە ئێستادا پۆشاكەکانمان دەخرێنە بەر خۆر و بەردەوام دەشۆردرێن، ناشتوانم لە منداڵەکانم نزیك ببمەوە. لە نەخۆشخانەدا دەبێت بە کەلوپەلی پاراستنی کەسیی تەواوی جەستەمان داپۆشین لەم کەشە گەرمەدا و دوو ماسك و سەرپۆشێك و پێڵاو پۆشێکیش بپۆشین. لەگەڵ ئەمانەدا ئێمە ئەو بەدلەیە دەپۆشین کە بۆ کارمەندانی پزیشكی و فریاگوزاری دیزاین کراون بۆ ئەوەی خۆمان لە توش بوون بە ڤایرۆسەکە بپارێزین. "

ئەم شێوازە نوێیەی کارکردن بە تەواوەتی دیارە لە ناو قاوشەکانی جیاكردنەوەی نەخۆشدا، کە ڕێکارێکە بۆ پاراستنی کارمەندانی هێلی پێشەوە و زیاتر کراوە چونکە  ژمارەیەك کارمەندانی پزیشکی لە وڵاتەکەدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئیسرا کەریم ئەحمەد، 30 ساڵان، لە نەخۆشخانەی گشتی بەعقوبەدا پەرستارە

د. حەیدەر ئەلموقدەمی، کە لە ساڵی 2015 ەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی بەعقوبەیە لە دیالە، گوتی "ئەم ڤایرۆسە فشاری کردۆتە سەر چەندان یەکە لە ناو هەمان دامەزراوەی تەندروستیدا لە کاتێکدا هەوڵەکان جەختیان کردووەتە سەر چارەسەر کردنی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بە هەمان شێوە پێویستە نەخۆشانی، تر کە هەندێکیان باری تەندروستییان لە مەترسیدایە، خزمەت بکرێن."

هەروەها گوتیشی " ئێمە دووچاری چەندین ناخۆشی بوینەتەوە هەر لە نەبوونی هەماهەنگی و ڕێزگرتن لە ڕێکارە تەندروستیەکان لەلایەن هەندێك هاوڵاتیانەوە لەناو و دەرەوەی نەخۆشخانەدا. بە داخەوە هەندێك نەخۆش زۆر درەنگ دێنە نەخۆشخانە پاش ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە زۆر خراپ زیانی بە کۆئەندامی هەناسەدانیان گەیاندووە و ئەمەش وادەکات چاکبوونەوەیان ئاڵۆز بێت. "

سەرباری ئەم کاتە سەختانە، سروشتی ئاستەنگیداری کارەکەیان جا پێدانی هەواڵی ناخۆش بێت بە نەخۆشەکان کە پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە یان کار کردن بێت لە ترسێکی بەردەوامدا لە توش بوون بە ڤایرۆسەکە، 'سوپای سپی' هێشتا پێداگرن و هیواى هاتنی  ڕۆژێکی باشتر بۆ هاوڵاتیانی عێراق دەخوازن.

ئیسرا کەریم ئەحمەد، 30 ساڵان، کە ماوەى ٩ ساڵە لە نەخۆشخانەی گشتی بەعقوبەدا پەرستارە، دەڵێت "بەش بە حاڵى خۆم، نامەوێت چیتر بچمەوە ماڵەوە چونکە دەترسم کچە سێ ساڵانەکەم توش بکەم کە نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە، یان مێردەکەم کە سییەکانی تەواو نین. هەروەها دەمەوێت خۆم لە کۆبونەوەکانی خزمان و خانەوادەکەم بەدوور بگرم. هەروەها هوشیاری نەخۆشەکانیش بەرز دەکەمەوە بەوەی بەدوور بن لە کۆبونەوەکان و تەنها یەك هاوەڵ لەگەڵ نەخۆش بێتە نەخۆشخانە."

هەروەها باس لەو سەربەرزیە دەکات کە هەستی پێدەکات بەهۆی خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەیەوە، گوتی "بەڵام هێشتا دڵخۆش دەبم کە ژیانی کەسێك ڕزگار دەکەم. سەربەرزم بە خزمەتکردنی کۆمەڵگاکەم لەڕێی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانەوە. زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم و تەنانەت ئەگەر توشی ڤایرۆسی کۆرۆناش ببم هێشتا هەست بە سەربەرزی دەکەم چونکە لەکاتێکدا توشی دەبم کە یارمەتی خەڵكانی تر دەدەم. "

بۆ دڵنیابوون لەوەی بایەخپێدانی تەندروستی لە نەخۆشخانەی گشتی بەعقوبە باشتر بووە لە دیالەدا، 20 یەکەی دابڕاندن دروست کران، بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق، و لە سەرەتای ئەیلولی 2020 تەواو کران. دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی وەکو ئامێری هەناسەدانى دەستکرد و کارەبالێدەر لە دڵ و ئامێری ئۆکسجینپێدەر بە خوێن لە دەرەوەی جەستە (ECMO) و کەلوپەلی پاراستنی کەسی، هەموو بەم زوانە بە دامەزراوەکە دەدرێن.

لە هەمان کاتدا لە باکوری دیالە، لە کەرکوک، کارکردن بۆ دروستکردنی یەکەی نوێی جیاكردنەوەی نەخۆش  تەواو بووە بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

کەرکوک یەکێکە لە گەورەترین پارێزگاکانی عیراق بە خەملێنراوی دانیشتوانەکەی 1.2 ملیۆن کەسە و خاڵی ناکۆکی چەندان کۆمەڵگایە. ئەمرۆ شاری کەرکوک شوێنی عەرەب و کورد و تورکمانە و چەندان کۆمەڵەی ئاینی ئیسلامی و مەسیحی و ئاینەکانی تری تێدایە. نەوت یەکەمجار لەم شارەدا لە ساڵی 1924 دا دۆزرایەوە. هەروەها سامانی ئەم شارە لە کەرتی کشتوکالیشەوە دێت بە تایبەتی لە قەزای حەویچە کە خۆراکی بۆ تەواوی باکوری عێراق دابین دەکرد، هەر لە سەوزە و میوە و دانەوێڵە و لۆکەش. بەهۆی داگیرکاری داعشەوە، جوتیاران دوچاری نەبوونی شوێن بونەتەوە بۆ وشك کردنەوەی دانەوێڵەکانیان و زەویە پیتێنراوەکان وشك کراون. عەمباری دانەوێڵەکانیش پاش چەندان ساڵ لە جەنگ و سوتانی دانەوێڵە کاولکراون.

لە پاش ئازادکردنی کەرکوکەوە لەدەستى داعش، لە ساڵی 2017 دا، بەرنامەی سەقامگیركردنى سەر بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان جەختێکی تایبەتی کردووەتە سەر کەرتی تەندروستی لە کەرکوک کە 36 سەنتەری سەرەکی چاودرێری تەندروستی کاری شیاندنەوە و کەلوپەلیان بۆ دابین کراوە کە تەندروستی بۆ نزیكەی 70,000 کەس دابین دەکەن.

عیماد موحەمەد، 44 ساڵ، کرێکاری بیناسازی لە قاوشی جیاكردنەوەی نەخۆش لە کەرکوک.

عیماد موحەمەدى 44 ساڵان، دیکۆرساز و کرێکاری ئێستاى بیناسازی، بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنی قاوشەکانی جیاكردنەوەی نەخۆش لە کەرکوکدا خراوەتە سەر کار، بە وردی باسی کاریگەریەکانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دەکات.

عیماد گوتی: "کاریگەری کردووەتە سەر هەموومان لە ڕووی ئابووریەوە لە عێراقدا، هەروەها لە ڕووی دەروونیشەوە کاریگەری کردووەتە سەرمان."

د. موحەمەد نوسەیر، 43 ساڵان، نەشتەرگەر و بەڕێوەبەری بەشی ڕاهێنان لە بەڕێوەبەرێتی تەندروستی کەرکوک، گوتی: "ئەم ڤایرۆسە کاریگەریەکی گەورەی کردووەتە سەر کۆمەڵگا، بە تایبەتی لەعێراقدا. دیارترین کاریگەری بەسەر سیستەمی تەندروستییەوە بینراوە، چونکە بووە هۆی دەرخستنی لایەنە لاوازەکانی سیستەمی تەندروستی بە تایبەتی لە عیراقدا."

هەروەها گوتی: "چەندین لایەنی لاواز هەن وەکو نەبوونی نەخۆشخانە و کارمەندی پزیشکی کە دەبێت ئەمانە لە داهاتوودا چارەسەر بکرێن. ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوانەیە هۆکاری دەرخستنی ئەو تراژیدیایە بێت کە لە سیستەمی تەندروستی عێراقدا هەیە کە سیستەمێکی کۆنە و دەبێت بگۆڕدرێت. سیستەمی تەندروستیمان خۆی نەخۆشە و پێویستی بە چاکبوونەوە هەیە."

د. موحەمەد نەسیر، 43 ساڵان، نەشتەرگەر و بەڕێوەبەری بەشی ڕاهێنان لە بەڕێوەبەرێتی تەندروستی کەرکوک

کارمەندانی تەندروستی، وەکو هەموو کەسێکی تر لەم جیهانەدا، ئامادەكاریان بۆ ئەم پەتایە نەكردبوو. ئەو کاریگەریانەی هەموو کەسێکی تر توشی بوون، سەرباری کارە دوورودرێژەکەیان، لەلایەن ئەمانیشەوە هەستی پێکراوە. ئەمانیش دووچاری فشاری جەستەیی و دەروونی بوونەوە.

د. موحەمەد نەسیر گوتی: "قەدەغەی هاتوچۆ کاریگەریەکی نەرێنی کردووەتە سەر شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەگەڵ شێوازی ژیانی ئەو کەسانەی یارمەتییان دەدەین. ئەمە کاری ئێمەی قورستر کردووە چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکدا دەکەین کە فشاری دەروونیان لەسەرە و باری داراییان خراپە. سەرباری هەموو ئەمانە، داوا لە خەڵكی دەکەین پابەند بن بە ڕێکاریەکانی خۆپارێزییەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، پابەند بوونی خەڵكی ڕوو لە کەمی دەکات. لە دەرەنجامدا ئەم ڤایرۆسە بەردەوام دەبێت لە بڵاوبوونەوە و هەموو ئەم بارگرانیەش لەسەر شانی پزیشکەکانە."

سەرباری هەموو سەختیەکان، سەربەرزی و خەڵاتی ڕاستەقینە بۆ کارمەندانی تەندروستی بریتیە لە یارمەتیدانی نەخۆش لەکاتی پێویستدا و بینینی سەلامەتی و چاکبوونەوەیان.

بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان سوپاسی دامەزراوەی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ئەو كۆمەكیە باشەی كە پێشكەش كردووە بۆ بنیاتنانی قاوشی جیاكردنەوەی تەندروستی نەخۆش لە كەركوك و دابینكردنی كەل و پەل و پێداویستی تەندروستی، هەروەها سوپاسی هۆلەندا دەكات بۆ كۆمەكیە دارییەكەی بۆ كرینی ئامێری ڕزگاركەروەی ژیان. لەگەڵ ئەمەشدا بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان هەوڵەكانی بەلجیكا و سوید و دانیمارك بەرز دەنرخێنێت بۆ كۆمەكی دارییان لە پێناو بنیاتنانی قاوشی جیاكردنەوەی تەندروستی نەخۆش لە دیالە.