لارا یوسف زارا بناسن، یەکەم بەڕێوەبەرى ناحیەی ئافرەتە لە ئەلقوش لە باکورى عێراق

2021 March 8

لەڕۆژى جیهانى ئافرەتاندا، لەسەروبەندى سەردانەکەى پاپا فرانسیسدا بۆ عێراق، چاومان بە لارا یوسف زاراى بەڕێوەبەرى ناحیەى ئەلقوش کەوت. لەگەڵیدا، گفتوگۆمان لەبارەى گرینگى زیادبوونى بەشدارى سیاسى ئافرەتان و دیدگاى بەڕێزیان کرد بۆ پشتیوانیکردنى عێراقییەکان بۆئەوەى بە سەلامەتى بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.

ناحیەى ئەلقوش دەکەوێتە سەر گردێک و مێژووەکەى بۆ سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەم ناحیەیە شوێنى نیشتەجێبوونى کۆمەڵێک ئاینزاى جیاوازە لەوانە کریستیان و شەبەک و ئێزیدى و موسوڵمان.

ماوەى چوار ساڵە، لارا یوسف زارا، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکى شارى بەغدایە، بەڕێوەبەرى ناحیەکەیە. هەبوونى بەڕێوەبەرى ناحیەیەکى ئافرەت بۆ یەکەمجار بە هەنگاوێکى مەزن دادەنرێت بۆ ئافرەتانى عێراق، لە گەڕانیاندا بۆ دەستەبەرکردنى یەکسانى ڕەگەزیدا.

سارا پشتیوانێکى سەرسەختى هێنانە ناوەوەى ئافرەتانە بۆ ناو گشت کایەکانى ژیان و لە پشت مێزە گەورە تەختەکەى نوسینگەکەیەوە دەڵێت: “پێویستمان بە ئافرەتى زیاترە ڕۆڵیان هەبێت لە بڕیاردان و هێنانەدى یەکسانى ڕەگەزیدا. من زۆر بەبەخت بووم کە لە کەشێکدا پەروەردە کرام کە تواناى پێبەخشیوم نەخشەڕێژى پیشەیەکى سیاسى بۆ خۆم ئەنجام بدەم.”

بە گوێرەى بۆچوونەکانى لارا، بەشدارى زیاترى ئافرەتان دەبێتە هۆى پەیدابوونى متمانەیەکى زیاتر لە نێویاندا. بەڵام لەهەمان کاتدا پێى وایە عێراق زۆری ماوە ئەو خەونە بهێنێتە دى. بۆ نموونە، لەڕاپۆرتێکى ساڵى 2020 دا ، نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکارى عێراق و ئه‌نجوومه‌نى ئابوورى وكۆمه‌ڵایه‌تى رۆژئاواى ئاسیا عێراقیان لە پلەى ٧٠ پۆلین کردووە لە جیهاندا لەڕووى نوێنەرایەتى کردنى ئافرەتانەوە لە پەرلەماندا. هەروەها سارا بە خەندەیەکەوە گوتى “هیوادارم ببم بە نموونەیەک بۆئەوەى کەسانى تر چاوم لێ بکەن.”

بەدەستهێنانى متمانەى دانیشتوانى ئەلقوش کارێکى ئاسان نەبوو بۆ سەرکردەیەکى تەمەن 39 ساڵ. لارا دەڵێت "سەرەتا، کاتێک پەیوەندیم بە نوسینگەکەوەکرد، زۆر ئەستەم بوو. پێشتر کۆمەڵگاکە نەیانبینیبوو ئافرەتێک سەرکردایەتى بکات و زۆر کراوە نەبوون لەو بارەیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پشتیوانییەکى تەواوى خانەوادەکەم، توانیم لەماوەى ئەو چوارساڵەدا شوێنى خۆم لە دڵ و هزریاندا بکەمەوە بەوەى پێشانمدان کە چیم لە توانادا هەیە بۆیان جێبەجێ بکەم."

لە ساڵى 2014 دا داعش لە ئەلقوش نزیک بووەوە و هەڕەشەیان لە دانیشتوانەکە دەکرد بۆ جێهێشتنى ناوچەکە. سەرەڕاى ئەوەش، زۆرێک لە دانیشتوانەکە، بەتایبەتى لاوان و ئافرەتان، ژیانی خۆیان خستە مەترسیەوە و بۆ پاراستنى ماڵ و حاڵیان لێرە مانەوە. لاراش یەکێک بوو لەوانە. لە کاتى گێڕانەوەى ڕووداوەکاندا دەڵێت: “من لەسەر ئەم خاکە هاتوومەتە دنیاوە، عێراق نیشتیمانى منە و ئێرە شوێنى منە. هەرگیز ئاسان نەبوو لە جەنگ و نا دڵنیاییدا ژیان بگوزەرێنین. بڕیارمدا ڕووبەڕووى ئاستەنگەکان ببمەوە و لەبرى ئەوە بەردەوام بم و بەسەریاندا زاڵبم.” لارا هیواخوازە ئەوەى لەسەرشانیەتى ئەنجامى بدات بۆ ئەوەى عێراق پارێزراوتر بێت بۆ ئەو کەسانەى دەگەڕێنەوە و هەست بکەن لە نیشتیمانى خۆیاندان بەبێ ڕەچاوکردنى نەژاد و ئاینەکەیان.

لە سەروبەندى جەنگەکەدا، زیاتر لە 50 خانەوادەى ئاشورى دانیشتووى موسڵ و بەغدا بۆ پاراستنى ژیانیان بەرەو ئەلقوش هەڵاتن. بەپێى خەمڵاندنەکان 46000 کەس لە ئێستادا ئەو شارۆچکەیەیان وەک ماڵى خۆیان هەژمار کردووە و تیایدا دەژین. لەمیانى کارکردنیدا وەک بەڕێوەبەرى ناحیەکە، لارا جەختى خستووەتە سەر پەرەپێدانى ٤٢ گوندى سنورى ناحیەى ئەلقوش، لەڕێگەى دروستکردنى خانو و باڵەخانەى دادگا و بەیەکەوە بەستنەوەى ڕێگا سەرەکییەکان و بەکارهێنانى زەوییە بەپیتەکان بەمەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى بژێوى ژیان بۆ دانیشتوانەکە. لەبارەى پلانەکانیەوە وەک بەڕێوەبەرى ناحیەى ئەلقوش گوتى: “لەئێستادا کار لەسەر دروستکردنى ڕێگایەکى خێرا دەکەم بەمەبەستى زیادکردنى بازرگانییەکانمان لەگەڵ پارێزگاکان و لەگەڵیدا بەشى لەدایکبوون دەکەینەوە.”

لارا خاوەنى دیدگایەکى ڕوونە بۆ ئەلقوش، بەشێوەیەک دەیەوێت ئەو ناوچەیە بنیات بنێتەوە بۆ ئەوەى بدرەوشێتەوە و پارێزراوبێت بۆ دانیشتوانەکەى. بەڕێزیان گوتى: “دەمەوێت لەگەڵ ئافرەتى زیاتردا کار بکەم، بەتایبەتى ئەو ئافرەتانەى سەرکردایەتى خێزانەکانیان دەکەن، بەمەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى بەردەوامى بژێوى ژیان لەڕێگەى پەرەسەندنى بەهرە و پەروەردەیەکى باشەوە.”

بەرنامەى سەقامگیرکردنى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، لەڕێگەى بنیاتنانەوەى ژێرخانى خزمەتگوزارییە سەرەکییە گشتییەکانى وەک باڵەخانەى دادگا و ناوەندى تەندروستى گشتى و بنیاتنانى مەدەنیەتەوە، هاریکارى دانیشتوانى ئەلقوش دەکات. هەروەها بەرنامەکە پشتیوانى بنیاتنانەوەى تەواوى دامەزراوە پەروەردەییەکانى کردووە وەک قوتابخانەى ناوەندى ئەلقوش و باخچەى ساوایانى ئەلقوش. ئەمە بە سوپاسەوە بەهۆى ئەو پابەندى و هەماهەنگى و بەخششە دەستکراوەیەى هاوبەشەکانمان، وک دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى، هاتووەتە بەرهەم.

ئەمە بە سوپاسەوە بەهۆى ئەو پابەندى و هەماهەنگى و بەخششە دەستکراوەیەى هاوبەشەکانمان، وک دامەزراوەى ئەمریکى بۆ پەرەپێدانى نێودەوڵەتى، هاتووەتە بەرهەم.

بۆ بەدەمەوەهاتنى داواکارى سەرکردەکان و هاوڵاتیانى خەمخۆرى وەک لارا، پاپا فرانسیس هەستا بە ئەنجامدانى سەردانێکى چوار ڕۆژە بۆ عێراق و لە میانیدا داواى کۆتاییهاتنى توندوتیژى و زیادکردنى ڕۆڵى کەمەنەتەوایەتییەکانى کرد لەگەڵ دەستەبەرکردنى تەواوى ماف و ئازادى و بەرپرسیاریەتییەکان بۆیان. سێ ساڵ پاش ڕزگاربوونى لە دەستى داعش، ئەمە لە کاتێکى گرینگدا ڕوویدا، لەکاتێکدا تاکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک عێراقى لە ئاوارەییدا دەژین. 

بەمەبەستى بەدەمەوەهاتنى ئەم پێویستییە، بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپیدان بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ حکومەتى عێراق و خەڵکەکەى بۆ ڕەخساندنى دۆخێکى پارێزراو بۆ گەڕانەوەیەکى سەربەرزانە و سووربوونێکى زیاتر لەسەر ئەوەى کەس فەرامۆش نەکرێت. بەمەبەستى دووپاتکردنەوەى پابەندبوونمان، نوێنەرى نیشتەجێى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، خاتو زێنە عەلى ئەحمەد لە مانگى شوباتدا چاوى بەسەرکردنە ئاینییەکان کەوت بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگایەکى گشتگیر بۆ سەقامگیرکردن و پەرەپێدانى ئەولەویەتەکان لە ناوچەکەدا.