سەنتەری تەندروستی لە ڕەمادی دووبارە دەرگاکانی بەڕووى کۆمەڵگادا دەکاتەوە

ناوەندێکى تەندروستی لە نزیك شاری ڕەمادی دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و خزمەتی زیاتر لە 5,000 کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە دەکات.

2021 October 25

حسێن، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی ئەبو ئەلجیر دەچێتە سەنتەرە تەندروستیەکەوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراق/ حەمزە ئەحمەد.

عەبد حسێن عەلی سلێمان، تەمەن 51 ساڵان، کە وەکو بەڕێوەبەری سەنتەری تەندروستی گشتی ئەبو ئەلجیر کار دەکات لە ئەلوەفا لە رەمادی، گوتی "پێش هاتنی داعش، سەنتەرە تەندروستییەکە کۆن بوو. هەر بۆیە توانست و شوێنی ئەوەی نەبوو خزمەتی هەموو دانیشتوانی ناوچەکە بکات. سەرباری ئەمانەش، لە سەردەمی داعشدا پەیکەربەندی بیناکە بە زیان لێکەوتوویی مابووەوە. ئەمەش وایکرد سەنتەرەکە پێویستی بە بنیادنانەوە و نوێکردنەوە بێت لە هەمان کاتدا.

ئەم سەنتەرە تەندروستییە کە دەکەوێتە نزیك ڕەمادی لە سەردەمی داگیرکاری داعشدا وێران بووبوو. ئەمەش وایکرد دانیشتوانەکە ناچار بن ماوەیەکی زۆر ببڕن بۆ گەشتن بە نزیکترین دامەزراوەی تەندروستی.

وێنەیەکی ئاسمانی بنکە تەندروستییەکە کە دەکەوێتە نزیک ڕەمادی. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/ حەمزە ئەحمەد

بەڵام، ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە. حسێن گوتی "ئەمڕۆ سەنتەرە تەندروستییەکە بە تەواوەتی بنیادنراوەتەوە و کار دەکات. من سەربەرزم کە دەبینم خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان بۆ دانیشتوانەکە بەردەستە. ئەمڕۆ دەرگاکانی کراونەتەوە."

شیاندنەوەی دامەزراوەکە لەلایەن دەزگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی کرابوو. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/حەمزە ئەحمەد.

شیاندنەوەی دامەزراوەکە لەڕێی دامەزراوەی کۆمەکیکردن بۆ سەقامگیری سەر بە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا جێبەجێ کرا، بە کۆمەکی دەزگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی. لەئێستادا دەرگاکانی کراونەتەوە بەڕووی ئەو 5,000 کەسەی لەناوچەکە و دەوروبەریدا دەژین.

حسێن گوتیشی "بەم دواییانە ئێمە کەیسى ژنێکمان هەبوو کە کەوتبووە سەر ژانی منداڵبوون، کاتێکی کەمیشمان لەبەردەستدا بوو بۆ ئەوەی بیگەیەنینە نەخۆشخانە سەرەکییەکە. ئەم ژنەیان هێنا بۆ ئەم بنکە تەندروستیە. توانیمان بە هاوکارى مامانێک بەسەرکەوتوویى منداڵەکەى بهێنینە دنیاوە. ئەمەش بە سوپاسەوە بەهۆی ئەو پشتیوانیەوە بوو کە بۆمان دابین کرابوو بۆ چاککردنەوە و خستنەوەگەڕی سەنتەرەکە."

نەخۆشەکان لە ژووری چاوەڕوانیدا کە کاری شیاندنەوە و سازاندنەوەی بۆ کراوە. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/ حەمزە ئەحمەد

ئێستا سەنتەرەکە ڕۆژانە زیاتر لە 30 نەخۆش دەبینێت. حسێن لەو بارەیەوە گوتی "من سەربەرزم کە دەبینم سەنتەرەکە خزمەتگوزارییەکانی وەکو ڕێگریکردن لە نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشییە نەگوازراوەکان و بایەخپێدان بە دایکان و کوتان و بەرنامەی هوشیاری کۆمەڵگا دابین دەکات. نیوەی ئەم خزمەتگوزاریانە لە پێشوودا بە ئاسانی بەردەستی دانیشتوانەکە نەدەکەوتن." هەروەها ئەم دامەزراوەیە لە ئێستادا توانای پشکنینی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێشی هەیە.

حسێن سەردانی نەخۆشەکان دەکات لە سەنتەرەکەدا. وێنە: بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان لە عێراقدا/ حەمزە ئەحمەد.

حسێن دەربارەی دیدی خۆی بۆ سەنتەرە تەندروستییەکە، دەڵێت "هیوادارم ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم سەنتەرە لاوەکییە ببێنە سەنتەرێکی سەرەکی بۆ ئەوەی بتوانین باشتر مامەڵە لەگەڵ نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکان و دۆخە کتوپڕە تەندروستییەکاندا بکەین. بەرپرسیارێتی سەرەکی ئێمە لە سەنتەرەکەدا ئەوەیە کە پێویستیەکانی هاوڵاتیەکانمان بخەینە پێش هەموو شتێکەوە."

دەربارەی بەرنامەکە:

ئەم پرۆژەیە لەڕێی بەرنامەی سەرەکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کە دامەزراوەی کۆمەکیکردنە بۆ سەقامگیری جێبەجێ کراوە. هەر لە سەرەتای دروست بوونیەوە لە ساڵی 2015 دا ئەم سەنتەرە لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە ناوخۆییەکاندا کاری کردووە بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە و خۆویستانە و دانانی بناغەی یەکخستنەوەیەکی سەرکەوتووانەی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ ناو کۆمەڵگا.

هەر 29 هاوبەشە کۆمەکیکارەکەی ئەم بەرنامەیە بڕی 1.46 ملیار دۆلاریان بە بەرنامەکە بەخشیوە، کە بووەتە هۆی تەواوکردنی 2,944 پڕۆژە لە پێنج پارێزگادا کە لە دەستى داعش ئازاد کراون، ئەمەش بووەتە هۆی باشترکردنی ژیانی زیاتر لە 14.6 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی.