بەڕێوەبردنی پاشماوەی ڕەق، پڕۆژەکانی عێراق بەرەو ژینگەیەکی خاوێن

2022 May 31
UNDP In Iraq

 

ڕۆژانە عێراق نزیکەى ٣٠٠٠٠ تۆن لە پاشماوەى ڕەق بەرهەم دەهێنێت. (١) وڵاتەکە ژێرخانى ڕاستەقینەى چارەسەرکردنى پاشماوەى نییە بۆئەوەى ئەم پاشماوەیە بەشێوەیەکى گونجاو فڕێ بدرێت و کاریگەرى نەرێنى ژینگەیى و تەندروستى نەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کە زۆربەى ئەو پاشماوانە فڕێدەدرێنە نێو کۆمەڵێک شوێنى ناڕێکخراوى فڕێدانى زبڵەوە. ئەمەش وادەکات عێراق باجێکى گەورە بدات بەرامبەر بە پابەندییەکانى ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەى دەرهاویشتەى گازە گەرمەکان و لەگەڵیدا ئەو هەموو پیسبوونەى خاک و ئاو کە ئەم پاشماوانە دروستى دەکەن.

بەڕێوەبردنى پاشماوەى ڕەق بریتییە لە پڕۆسەى کۆکردنەوە و گواستنەوە و چارەسەرکردنى پاشماوە ڕەقەکان. 

UNDP In Iraq

 

وەک بەشێک لە پابەندى دووقۆڵىى سەر بە بەرنامەى پشتیوانیکردنى چاکبوونەوە و سەقامگیرى عێراق لەڕیگەى پەرەسەندنى نێوخۆییەوەى سەر بە بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان کە لە لایەن یەکێتى ئەوروپاوە کۆمەک دەکرێت، دوو پڕۆژەى چارەسەرکردنى پاشماوە لە هەردوو پارێزگاى نەینەوا و زی قاڕدا لە بوارى جێبەجێکردندان لە چوارچێوەى هەماهەنگییەک لە نێوان لایەنى ئەوروپى:  PIN Pratoى پراتۆى ئیتاڵى و دەسەڵاتە نێوخۆییەکانى هەردوو پارێزگاکە.

PIN Prato زانکۆى جەمسەرىى پڕاتۆیە، کە شارێکە لە ئیتاڵیا و مێژوویەکى بەناوبانگى لە بوارى ڕیسایکلیندا هەیە.

پێکهاتەى دووقۆڵى دەرفەتێکە بۆ هێنانەناوەوەى ئەزموونە ئەوروپییەکان بۆ پارێزگا جیاجیاکانى عێراق و دەستپێکردنى چەند هاوبەشییەک لەگەڵ دەسەڵاتە خۆجێییەکاندا کە پشتیوانى پەرەسەندنى نیوخۆیی دەکات لە چەندین بوارداو هاریکاردەبێت لە پڕۆسەى بەلامەرکەزیەتکردنى دەسەڵات لە حکومەتى ناوەندەوە بۆ دەسەڵاتە خۆجێییەکان لەو کەرتانەدا کە بە یەکەوە دەستنیشان دەکرێن.

 ئەم پڕۆژانە بەشێوەیەک نەخشەڕێژ کراون کە بتوانن چارەسەرى کێشەکانى پاشماوەى ڕەق بکەن کە هەردوو پاڕزگاکە گیرۆدەى بوونە. موسڵ، پایتەختى پارێزگاى نەینەوا، بەر لە ساڵى ٢٠١٤ سیستەمێکى کاراى کۆکردنەوەى پاشماوەى ڕەقى هەبوو. بەڵام خزمەتگوزارییە شارەوانییەکانى شارەکە و لەنێویاندا کۆکردنەوەى پاشماوە بەهۆى جەنگەوە زەبرێکى زۆریان بەرکەوت. بەهۆى پاشماوەى وێرانکارییەکەى شارەکە و کەمى سەرچاوە و زیادبوونى دانیشتوان (دووەم شارى عێراق لەڕووى دانیشتووانەوە)، کۆکردنەوەى خاشاک گەیشتووەتە نزمترین ئاستى تاکو ئێستا و بەشیوەیەکى نا کاریگەریش ئەنجام دەدرێت. 

هەر بەو هۆیەوە، ئامانجى پڕۆژەکە لە نەینەوا بریتییە لە هاریکاریکردنى پارێزگاکە لە دووبارە بنیاتنانەوەى سیستەمێکدا کە چەند تایبەتمەندییەکى نوێ لەخۆ بگرێت. ئەوانەش بریتین لە پلانێکى کارى تێکهەڵکێشکراو کە گشت لایەنەکانى چارەسەرکردنى پاشماوەى ڕەق لەخۆ بگرێت، هەر لە کۆکردنەوە وە بگرە تاکو ئەو وێستگانەى پێویستن بۆ چارەسەرکردن و چاککردنەوەى شوێنە هەنووکەییەکانى فڕێدانى خاشاک و ڕاهێنانى کارمەندانى ئەو بوارەى پارێزگاکە.

بەهەمان شێوە، لە ناسڕییە، پایتەختى زی قاڕ، زۆربەى پاشماوەکان فڕیدەدرێنە ئەو ناوچە کۆنتڕۆڵنەکراوانەى خاشاکەوە کە لە ناوچەى دانیشتووان یاخود ڕێڕەوە ئاوییەکانەوە نزیکن.  بەشێکى ترى پاشماوەکان دەسوتێنرێن بۆ کەمکردنەوەى قەبارەیان. لایەنە ئیتاڵییەکە پلانێکى کار و بۆ ئیدارەدانى پاشماوەکان خستووەتە بەردەست لەگەڵ کەرەستەى پێویست بۆ ئاسانکاریکردن لە دەستپێکى پڕۆسەى جیاکردنەوەى خاشاکى تەڕ و وشک لەو پاشماوانەى کۆدەکرێنەوە. کەرەستەکان  ئامێرى ئیلیکترۆمیکانیکى دروستکەرى پەین و ئۆتۆمبیلى کۆکەرەوەى خاشاک و زبڵدان و ... هتد. ئەمە سەربارى ڕاهێنانى کارمەندانى کارپێکەر لە شارەوانییەکان لەسەر بەکارهێنانى ئامێرەکان و ئیدارەدانیان. پاشان شارەوانى جڵەوى پڕۆژەکە و چاڵاکییەکانى کۆکردنەوە و بەپەینکردن و سەراپاى پڕۆسەکە دەگرێتە دەست. 

UNDP Iraq

 

سەرەڕاى ئەو ئاستەنگانەى وڵاتەکە دووچاریان بووەتەوە لەبوارى چارەسەرى پاشماوەوە، چەندین پڕۆژەى هاوشێوەى ترلەسەرانسەرى عێراقدا ئەنجام دراون. بەم دواییانە، شارەزایانى لایەنى ئیتاڵى و تیمى بەرنامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان سەردانى Ecocem یان کرد کە وێستگەیەکى چارەسەرکردنى پاشماوەیە لە شارى سلێمانى. ئەم وێستگەیە هەڵدەستێت بە بەکارهێنانى پاشماوەى کۆکراوە بۆ بەرهەمهێنانى سوتەمەنى RDF کە بۆ کارپێکردنى کارگەکانى چیمەنتۆ بەکاردێت.

 

UNDP In Iraq

 

 ئەم سەردانە دەرفەتێک بوو بۆ هاوبەشانى پڕۆژەکە، ئیتاڵییەکان و عێراقییەکان، بۆئەوەى بازرگانییەکى ناوخۆیی سەرکەوتوو ببینن کە کارێکى ئیلهامبەخش ئەنجام دەدات لە بوارى چارەسەرکردنى پاشماوەدا.